دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکان هەموو هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ ، ترەمپ پەلەیەتی و کاتی ڕاگەیاندنی خەڵاتی نۆبڵ کەمتر لە دوو مانگی ماوە ، ئەو لەوبڕوایەدایە کە گەیشتن بە کۆتاییهێنانی ململانێی ڕوسیا و ئۆکراینا گەورەترین دەستکەت دەبێت کە ئامادەی بکات بۆ خەڵاتی نۆبڵ ، ترەمپ دەیەوێت ببێتە پێنجەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە ئەو خەڵاتەی پێبدرێت ، هەروەک سەرۆکەکانی ئەمەریکا « تیۆدۆر رۆزفلت » لە ساڵی ١٩٠٦ و « ودروو ویلسۆن » لە ساڵی ١٩١٩ و جیمی کارتەر ٢٠٠٢ و باراک ئۆباما ٢٠٠٩ خەڵاتی نۆبڵ-یان وەرگرت .
ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە وەک پیاوی ئاشتی بەدەردەکەوێت ، بۆئەم مەبەستە ماوەیەک لەمەوبەر بۆ هێنانەدی ئاشتی نێوان روسیا و ئۆکراینا لەگەڵ سەرکردەکانی فەڕەنسا ، بەریتانیا ، ئیتاڵیا ، ئەڵمانیا ، ئۆکراینا لە کۆشکی سپی کۆبووەوە ، کۆبوونەوەکە وەک ئەو باوکە وابوو کە منداڵەکانی لە دەوروبەری خۆیدا کۆبکاتەوە یان وەک مامۆستایەکی حەیزەران بەدەست بەرانبەر قووتابیەکانی بوو کە ڕێگەی نەدەدا درێژدادڕی یان دەستپێشخەری بە قسەبکە.
سەرکردە ئەوروپیەکان تەنها تەمەلوق و دوڕوویکردنی وەلائیان بۆی دووپاتدەکردەوە و هیوایان ئەوەبوو کە ترەمپ بارگاویەکی خۆشەویستی بۆیان دروستبکات و دڵی ترەمپ-ی باوک ڕاکێشن نەوەکو ئەو پۆتشکاندنەی مانگی شوباتی ڕابردوو بەسەر زیلینیسکی سەرۆکی ئۆکراینا هێنا لەگەڵ ئەوانیش دووبارەی بکاتەوە ، ئەمە هەر سنووردار نەبوو لە فۆڕم و شێوە بەڵکو لە ناوەڕۆکیشدا وابوو ، ترەمپ ئەو باوکە یان شێخی قەبیلە بوو کە بۆ خێلەکە ئەو ڕێسایانە دادانێت کە لەسەری دەڕوات و زاڵەبەسەر کاروبارەکانی و ، کە دوای ڕازیبوونی خۆی دەستکەوت و قازانجەکان دابەش دەکات و ئەگەر کەسێک یان خێل لەوەی کە پەسندی کردووە دەربچێت سزایەکی ئاشکرا و دەستبەجێ وەردەگرێت ، کارەکە پەیوەندی بە شەرعیەتی نێودەوڵەتی و بەها و ئەو پەیمانانە نیە کە دەیان ساڵە نەتەوەکان لەسەری رێکەوتوون و ، ئێستا « شەرعیەتی » ترەمپ هەیە کە لەکاتێک بۆ کاتێکی تر بە پێی خواست و بەرژەوەندیەکانی دەگۆڕێت ، هەر سەرکردە و وڵاتێک بیەوێت مامڵە لەگەڵ ترەمپ بکات دەبێت میزاجی ترەمپ بزانێت و بنچینەکەشی بریتیە لە بەرژەوەندیەکانی ، ڕێگەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو پیاوە بە پێداهەڵدان و دووڕوویکردن و ماستاوکردندا دەڕوات ، ئای قوڕبەسەر ئەوانەی دەبنە بەربەست لەبەردەم پێنەدانی خەڵاتی نۆبڵ بۆی جا یان بە زنجیرە باجی گومرگی بۆردومانیان دەکات یان لیژنەکە بە نادادپەروەری و پاکیی و خیانەتکردن لە خەڵاتی نۆبڵ تاوانباریان دەکات ، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە هەندێک پێشینە هەیە کە هەلی ترەمپ بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو خەڵاتە پتەوتردەکات ، ساڵی ١٩٧٣ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا « هێنری کیسنجر » و « لیی دوک سووی » دبلۆماتکاری ڤیەتنامی پێکەوە خەڵاتی نۆبڵ-یان وەرکرت ، بەهۆی ڕۆلی هەردووکیان لە دانوساندنی سەرکەوتووانە لە ڕاگرتنی جەنگ لەنێوان هەردوو وڵاتدا ، هەر کیسنجەر-یش بوو داوایکرد هەڵمەتێکی هێرشی ئاسمانی کاولکار بکرێتەسەر هانۆی پایەتەختی ڤیەتنام کە بۆمباهاوێژی (بی 52 ) بەکاهات و ترەمپ-یش بۆمباهاوێژی ( بی 2 ) بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران بەکارهێنا کە هاوتای ( بی 52 ) بوو ، بەڕای کیسنجەر بۆردومانی وێرانکەری ئەمەریکا بۆسەر ڤیەتنام کاریگەری باشی هەبوو بۆ ڕازیکردنی ڤیەتنام کە نەرمی بنوێنێت ، مەنتیقی کیسنجر هەمان مەنتیقی ئاشتی-یە لەمیانی هێزدا کە ترەمپ باوەڕی پێی هەیە ، بۆیە غەززە و ئێران نابنە ڕێگر لەبەردەم وەدەستنەهێنانی خەڵاتی نۆبڵ بۆی .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی