یاسا

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا

چەک دەبێ بەدەستی "دەوڵەتەوە"بێت، دەوڵەتیش دەبێ لەڕێگەی حکومەتێکی هەڵبژێردراوەوە بەرگریی لەسنوری ئەو قەوارەیە بکات‌و لەژێر یەک فەرماندەی باڵا بێت، ئەویش دیموکراسییانە هەڵبژێردرابێت.

ئەمە نە لەعێراق هەیە نە لەهەرێم...

مشتوماڵکردنەوەی هەرێم لەهەموو بوارەکاندا کارتی سەر هیچ مێزێک نییە، پڕۆژەی هیچ حزبێک نییە، بۆیە پرۆسەکانی بەدامەزراوییکردن فەشەلدەهێنن، چونکە شەڕەکانی ناوەوەمان، شەڕی دروستکردنی دەسەڵاتۆکەی ڕامیاری/ ئابوریی بچوکە، ئەمە لەپلانسازیی شارو شارۆچکەو گوندەکانمان دەردەکەوێ.

ئەوەی هەمانە حزب نییە، تەکەتولاتی حزبییە، ئەمەش ئەو زۆنگاوەی دروستکردوە کە تەنها وەک بۆق هاوڵاتیان دەتوانن باز بدەن...ئەم داڕمانە کەڵەکەبوی دەیان هەڵەی ڕابردون، هەڵەی ستراتیژیی کە نەیتوانیی هەرێم بکات بەیەک کوتلە، دواجار سلێمانی دەیەوێ لاسایی هەولێر بکاتەوەو هەولێریش لەناو خۆی قەتیس بوە.

ئاساییش گرنگە، بەڵام، ئاساییش دەبێ لەپێناوی دەنگ‌و ڕەنگی نوێ، شانۆی نوێ، نوسین‌و بیرکردنەوەی ئازاد، خەون‌و ئومێدی نەوەکان، تێکەڵبون لەگەڵ جیهان لەکەناڵە فراوانەکانەوە، هەوای نوێ بڕژێتە سینەی شارەکانمانەوە.. شار کەڵەکەبونێکی بێتام زیاتر هیچی دیکە نییە!

ئەوەی لەسلێمانی ڕویدا عەقڵانی نەبوو، بەڵکو نمایشێکی بێلەزەت بوو بۆ هێزێک کە لەبنەڕەتدا نییە! نمایشکردنی هێز بەو شێوەیەی کە بینرا یاسا ناسەپێنرێت...

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە