کۆچی دوایی سلێمانی

4 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

بۆ من سلێمانی ئەو بەردەبازەبوو، کە فێری کردم لەماڵ دوربکەومەوە، پاشان بۆ هەمیشە ماڵ لەدەستبدەم، جەیمس ود لەنوسینێکیدا زیاتر لەدەیەیەک لەمەوپێش دەنوسێت، ئاساییە، شوێنێک بەماڵ بزانیت‌و بیری بکەیت‌و نەتەوێت بۆى بڕۆیت.

بۆیە بۆ من هەمیشە سلێمانی جێگایەک بوو، نە لێت دەگەڕێت خۆت بیت، نە هەرگیز دەتکات بەبەشێک لەخۆی.

سەرباری بونی ئەم پەیوەندییە، ئێستا هەستدەکەم ئەوشارە دەمرێت، دوێنێ ئەو دیمەنانەی کە دیمان، جێگه‌ی سەرسوڕمان نەبوو، بەڵکو بردینییەوە بۆ سەردەمی نەوەدەکان، کە شەڕو برسێتی وەک چڵکی بن گوێ لێمان نەدەبونەوە، بەڵام نەوەدەکان باشتر بوو، چونکە لەخەڵکدا تامەزرۆیەک هەبوو بۆ بینین، بۆ فێربون، بۆ گوێگرتن، بۆ گفتوگۆ، بەڵام چونکە هێزە نوێخوازەکانی دونیای ئێمە لاوازتربون، شەڕەکانی کەپکی حەمەد ئاغاو جێگه‌کانی تر بون بەڕوداوی ئەو سەردەمە.

شەڕی ناوخۆ، لەو ڕۆژگارە دەستیپێکرد، نە لەواشنتۆن کۆتاییهات، نە لە21ی ئابدا هەڵگیرسایەوە، نە 31ی ئابدا کۆتایی دێت، کەم کورد دەناسم بەجۆرێک لەجۆرەکان بەشێک نەبێت لەشەڕی ناوخۆ، لەجوێنێکەوە هەتا سەنگەرگرتن.

سلێمانی هەمیشە لەوەدا قارەمان بوو کە ئەفسانە بۆ خۆی دروستبکات، شاری هەڵمەت‌و قوربانی، شاڕی ڕۆشنبیریی، شاری کوردایەتی، شاری ئەدەب‌و نوسەران‌و زۆری تر، بەڵام ئەم ئەفسانانە گەرچی ڕەگیان لەڕاستیدا هەیە، بەگشتیی ڕۆپۆشن، دڵخۆشبونێکی تلیاکیانەیە بەدۆخێک کە دەخوازرێت نەک بونی هەبێت، بەڵام بێگومان کە لەکوردستان دەڕوانین بێگومان سلێمانی پێشەنگە.

سلێمانی ئێستا لەترسێکی قوڵدا دەژی، ترسێک کە ناتوانێت گوزارشتی لێبکات، ئایا ئەم ترسە بەرەو کوێ دەچێت، دەڕەوێتەوە، یان بەتەواوی خامۆشی دەکات، ئەم دۆخە کاریگەریی نەک لەسەر سلێمانی، بەڵکو لەسەرتاپای کوردستان‌و پرسی کورد هەیە.

دەکرێت یەک هێز هەبێت‌و لەسایەیدا سیاسەت وەک سیاسەتی راستەقینە لەدایک بێت، بەڵام ئەم ئەستەمە لەکولتورێکدا کە ڕۆژێک لەڕۆژان سیاسەتی نەکردوە، سیاسەت بەومانایەی بەدەر لەتوندتیژیی، پێکەوە لەپرۆسەی بەڕێوەبردنی پانتایی گشتیی‌و تایبەتدا بن، دۆخێک کە مرۆڤ وەک خۆی سەنگی هەبێت، نەک سەنگی پەیوەست بێت بەوەی سەر بەکێیە، یان دوژمنی کێیە.

حوکمی بنەماڵەیی هەمیشە هەڵگری ئەگەری بەکارهێنانی هێزە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی، حوکمی بنەماڵەیی هەڵگری تۆوی ئەم شەڕانەیە، چونکە بەتایبەتی کاتێک بنەماڵە بەدەزگایی نەکراوە، هەمیشە کێشەی ئەوە دروستدەبێت کە کێ خاوەنی ڕاستەقینەیە، چاوەڕوانکراوە کە هەمیشە لەکەسێک زیاتر بەمافی خۆی بزانێت کە  شایستەی هەموو دەسەڵاتەکانە.

لەهەمانکاتدا ئەم یەکلانەبونەوەی مافی هەبونی دەسەڵات وەها دەکات، ئەوانەی کە زیاتر لەیەکەوە نزیکن، زۆرتر لەیەکتر بترسن، مێژوی عوسمانییەکان سەرتاپای ئەم دیاردانەیە،
بنەماڵەی تاڵەبانی ڕەنگە وەها ببینن کە ناچاربون ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کردیان بیکەن، چونکە لەلایەک، لەلەدەستدانی دەنگ دەترسان لەهەڵبژاردنی داهاتودا، بۆیە شاسواریان دەستگیرکرد، لەهەمانکاتدا لەبەکارهێنانی زەبر دەترسان بەرامبەریان بۆیە لاهورییان دەستگیرکرد، بەڵام بەهەمان پێوەر، دەبێت ئەوش بزانن کە لەجێگه‌یەکی پڕ ناسەقامگیریی جیوپۆلەتیکی‌و ئابوری‌و سیاسیی وەک سلێمانی یان کوردستان یان عێراق، یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەستەمە بتوانیت تەنها بەزەبر حوکم بکەیت.

هەندێک چاودێر وەهای دەبینن کە قۆناغێکی هێمنی یان خامۆشی باڵ بەسەر شارەکەدا دەکێشێت، ڕەنگە یەکێتیی‌و پارتی زیاتر لەیەکتر نزیک ببنەوە، هێندە ناچارنەبن گوێ بەخەڵک بدەن، بەڵام ئەمە ئەستەمە، لەکوردستانێکدا کە نزیکەی هەشتا لەسەدی خەڵکەکەی لەشارەکاندا دەژین.

لەدۆخێکی وەهادا ساتی ئەوەیە چاوەکانت بشۆیت‌و دونیا بەجیاواز ببینیت:
یەکەم، وەک لەڕۆژانی ڕابردودا دەرکەوت، جیاوازیی زۆرە لەنێوان دەزگاو ئامرازدا، دادگا وەک دەزگایەکی مۆدێرن، زۆر بەزەقی ئامرازبونی ڕوتبوەوە، تۆ دەبێت چەند شتێک فێربیت، یەکەم، پێویستت بەدادگایە، بەڵام دەدگایەک کە دەزگابێت، نەک ئامراز، دەبێت ئێستا دەرک بکەیت کە جیاوازی زۆرە لەنێوان دەزگاو ئامرازدا، ئەگەرهات‌و وەها بیرتکردەوە کە پێویستت بەدەزگا نییە، ئەوا وەک چۆن لە30 ساڵی ڕابردودا دۆڕاوبویت، لە30 ساڵی داهاتوشدا دەدۆڕێیت.

دوەم، ئەو خیتابەی کە دەڵێت خەڵک ماندوەو هەموو شتێکی تاقیکردەوە، یان بێئاگایە لەدۆخەکە یان دەخوازێت ملکەچی بکاتە نۆرم، لەمێژوی کوردستان یەک تاکە خۆپێشاندان بۆ حوکمی یاسا نەکراوە، یەکجاریش خەڵک ناڕەزایی لەسەر حوکمی میلیشیایی نەبونی بودجەو گەندەڵی دەرنەبڕیوە، بۆیە مێژویەکی درۆینە هەیە بۆ خەباتی مەدەنی کە گەشتە بنی قاپەکە.

سێیەم، لەهەناوو کولتوری کوریدا زوو ماندوبونێکی سەیر هەیە، ئەمەش مایەی تەسلیمبونی خەڵکە بەسیستەمەکانی ستەم، بۆ نمونە خەڵک پێت دەڵێن دیموکراسیمان تاقیکردەوە، بەبێئەوەى بزانێت دیموکراسیی چییە، کرۆکی دیموکراسی یانی بەسیاسییبونی هەموو تاکێک لەکۆمەڵگه‌دا.

یانی هەموو کەسێک بەئەرکی خۆی دەزانێت کە بەشداربێت لەوەی کە چۆن کۆمەڵگه‌و ئابوریی‌و هەموو بوارەکانی تر بەڕێوەدەچن، لەمڕوەوە ئەرکیەتی بزانێت، بیەوێ فێربێت، چالاک بێت، لەسەروی هەمویەوە بەرپرسیاربێت.

لەکرۆکدا دیموکراسی یانی ڕەخنە، ڕەخنە بەمانای باشورییەکەی نا، ڕەخنە یانی چۆن حوکمبکرێم بەو شێوەیەی کە خۆم دەمەوێت، بۆیە دەبێ بزانیت کە ئەویتر دەیەوێت چۆن حوکمت بکات، چۆن ڕاستیت لێ بشارێتەوە، چۆن، چپن، چۆن.

چوارەم، کە تەنها دوای موچە دەکەیت، موچەش وەرناگریت‌و هەموو شتەکانی تریش لەدەستدەدەیت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی