مێژووی دوور و نزیکی شاری سلێمانی، پڕە لە شۆڕش و راپەڕین، داستان و دەستکەوت، ئارامی و شڵەژان و ناسەقامگیریی ئەمنی و سیاسی، بەتایبەت ساڵانی پێش راپەڕین کە شۆڕش هێزی لە سلێمانییەوە وەردەگرت و رژێمی بەعسیش ناوی جۆراوجۆریان لێ نابوو، جا هەموو ئەوانە وایانکردووە سلێمانی هەرگیز چۆک دانەدات و یەک دەنگ و رەنگ نەبێت، بەڵکو بەردەوام رەنگ و بۆنی ئازادی و سەربەستی گرتبێت و بووبێتە شوێنی ئەو هێزانەی دژی ستەم دەوەستنەوە.
سلێمانی وەکو مۆدێلی شار، مودێلێکی یەکجار جیاوازە، نە دەبەزێ و نە کۆڵ دەدات، بەڵکو هەمیشە پڕە لە وزەی شۆڕشگێڕی، بۆیە هیواخواستن لەسەر پەراوێزخستن و کەوتنی، هەرگیز نابێتە راستی.
یەکێک لە دیاردە سیاسییەکانی سلێمانی، بوونی "ململانێ"یە، ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکان، نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، راست و چەپ و ئیسلامی و عەلمانی و تا دەگاتە هەرچی جۆری ململانێی دیکەیە، ئیتر ئەوە شوناسێکی جیاوازی بەخشیوەتە شار و وایکرد لەگەڵ باڵا بەرزییەکەی هەستبکەی بەردەوام پڕە لە ململانێ و بەریەککەوتن.
هەڵبەت ململانێ ئاسایی و یاساییە، بەڵام پێویستیی بە یاسا و رێسا و چوارچێوەی خۆی هەیە بەشێوەیەک ببێتە هۆکاری خزمەتکردنی زیاتر و ئاوەدانی و دەوڵەمەندکردنی کولتووری دیموکراسی و سیاسیمان، نەک بەپیچەوانەوە نائارامی بەدوای خۆیدا بهێنێت و ببێتە هۆکاری لەباربردنی دەستکەوتەکان و دواجار زیانی بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەبێت.
وردبەرەوە لەئێستادا زۆرینەی ململانێ سیاسییەکان خزێنراوەتە ژینگەی سلێمانییەوە، هەرچی سیاسییە لە سلێمانییەوە هەڕەشە دەکات و هەرچی حزبی ئۆپۆزسیۆنە هەر لە سلێمانیییەوە داوای خۆپیشاندان دەکات و هەرچی راگەیاندنە هەر لە سلێمانییەوە بووەتە مینبەری رەخنەگرتن، ئیتر ئاوا سلێمانی خەریکە دەکرێتە شارێکی تەواوە نائارام و ئەوانی دیکەیش هەر لە دوورەوە سەیری ئەو نائارامییە دەکەن.
پیلانی نائارامکردنی سلێمانی هیی ناوخۆ و دەرەوەیشێتی، هی ئەوەیە چاویان لە باڵای بەرزی سلێمانی هەڵنایە، چونکە ئەوە سیفەتی گرگنەکانە، سلێمانی بەتەواوی ئارام بێت تیشکی رۆحی دەنێرێت بۆ شارەکانی دیکەیش، ئەوەی سلێمانی جیادەکاتەوە لە هەموو شارەکانی دنیا ئەوەیە کەوا سلێمانی چەپکەگوڵی جیاوازییەکان و رەنگەکانێتی، دەبەخشێ و دەیەوێت ببێتە شای شارانی دنیا.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی