وێنە گەورەکە بریتییە لەو رووداوەی بەرەبەیانی رۆژی (٢٢ی ئابی ٢٠٢٥) شاری سلێمانی تووشی دۆشدامان و حەپەسان کرد، بەڵام چوارچێوەی ئەو وێنەیەی هەموومان دەست لەسەر دڵ چاوەڕوانی کۆتاییهاتنی بووین، هەڵگری چەندین وێنەی بچووک و وردە ڕووداوی پەنهانە کە نەک نابێت فەرامۆشیان بکەین، بەڵکو دەبێ بیانخەینە ژێر مایکرۆسکۆپەکانی بیر و هۆش و بە پاچەکانی ئایندەسازی هەڵکۆڵینیان تیادا بکەین، چونکە یەکێک لە نەهامەتییەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونیمان، فۆکەس خستنە سەر وێنە گەورەکان و تێڕامانە رووکەشیەکان و پشتگوێخستنی وردە وێنە و رووداوە شاراوەکانن کە کەشفکردن و زەقکردنەوەیان ماندووبوون و لێوردبوونەوە و وردەکاریی خەمخۆرانەی هەموومانی پێویستە.
لێرەوە من باز بەسەر رووداوەکەی لالەزاردا دەدەم، چونکە رووداوێکی لەمشێوەیە؛ هەرچییەکی لەپشتەوەبێت؛ پیلان لەیەکترگێڕان و هەڵکوتانە سەر یەکتر و تەسفیەی حیسابی کۆنی کاراکتەرە جیاجیاکان لەگەڵ یەکتر...تاد، بۆ من هێندەی ئەوە گرنگ نیە کە دەبینین و دەبیستین دەیان گەنجی ئەو هەرێمەی ئێمە بەهۆی دۆخی داڕماوی سیاسی و ئابوورییەوە، ئیستیغلال و چەکدار دەکرێن و دەکرێنە سووتەمەنی شەڕ و تەسفیەی حساباتەکانیان..
ئەو ئیدارەدانە شکستخواردووەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، وایکردووە کە وڵاتەکەمان ببێتە کێڵگەیەکی لەبار بۆ تەفرەدان و بەلاڕێدابردنی گەنجان، لەبەر بێکاری و نەبوونی عەدالەت لەدامەزراندن و وێرانیی کەرتی تایبەت و دەستخستنی حزب لە هەموو کار و کارگە و بزنس و پرۆژەیەک، دامەزراندن بە تەزکیەی حزبی، ئینجا سەرباری ئەوانەش ئەو دۆخی بێمووچەییەی چواردە ساڵە بەرۆکی مووچەخۆر و بازاڕەکانی هەرێمی گرتۆتەوە، وایکردووە گەنجانی هەرێمەکەمان ببن بە سەرگەردانترین توێژی کۆمەڵگا، ئەوەی لە بێ ئیشی و بێ ئومێدی ڕوو لە رێگای هاتونەهاتی کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەکات و لە ئاوی ئیجە سەرکێشی بە گیانی خۆی دەکات، ئەوانەی تریش کە بێ چارە لەهەرێمدا دەمێننەوە، هەندێکیان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەم وڵات و ئەو وڵاتی دراوسێ و بەرامبەر پارە دژ بە سەروەری و بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بەکاردەهێنرێن، یان دەکەونە داوی ئاڵوودەبوون و بازرگانی بە تلیاک و چەندین تەڵە و تەونی کارەساتباری ترەو..
کە لەراستیدا ئەمانە تاوانبار نین، بەڵکو قوربانیی دەستی ئەو سیاسەتە نا نیشتیمانی و نا دامەزراوەیی و ناعادیلانەیەی حزبە دەسەڵاتدارەکانن کە چەندین ساڵە حوکمی هەرێم دەکەن و هەموو نیشتیمان و کۆمەڵگاکەیان کردۆتە بارمتەی بەرژەوەندییەکانی حزب و بنەماڵەکانیان..
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی