کوردستان لەنێوان زەهنیەتی (عەسکەر)و زەهنیەتی (دەوڵەت).. خوێندنەوەیەک بۆ شەڕی لالی زار

9 کاتژمێر پێش ئێستا

مەجید ساڵح

ئەوەی لە سلێمانیدا ڕوویدا، بەتەنیا ململانییەکی حزبی ئاسایی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی نەبوو، بەڵکو بەهەموو پێوەرەکان شکستێکی سیاسی‌و ئەخلاقی سیاسی بوو.

لەپڕێکداو لەنیوە شەودا ناوەڕاستی سلێمانی بوو بەمەیدانی جەنگێکی ڕاستەقینە، فڕۆکە بێفڕۆکەوان‌و تانک‌و تۆپخانەو چەکی سووکی تێدا بەکارهێنا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارەگای لاهور شێخ جەنگی لەهوتێل لاله‌زار کە پێشتر لەیەکێتیی نیشتمانی هاوسەرۆکی بافڵ تاڵەبانی بوو.

ئەم شەڕە لە دژی دوژمنێکی دەرەکی نەبوو، بەڵکو شەڕێکی ناوخۆیی بوو لە نێوان دوو ئامۆزادا، بەڵام بە زهنیەتێکی میلیشیایی کە تەنها زمانی هێز دەزانێت، بەهانەی شەڕەکە هەوڵی کودەتا بوو، بەڵام کاردانەوەکە زۆر گەورەتر بوو لە“کودەتا”، ئەم شەڕە ڕاستیەکی تاڵی ئاشکراکرد ‌ئەویش ئەوەیە دەسەڵات لای ئەمانە بەچەک دەسەپێنرێت نەک بەبەرپرسیارێتی.

سلێمانی، کە بۆ چەندین دەیە بە ناوەندی فیکر و کەلتوور و گفتوگۆی نەتەوەیی کوردی لەقەڵەم دەدرا، لە پڕێکدا بوو بە مەیدانی شەڕێکی خوێناوی.  هاوڵاتی ئاسایی لە نیوەشەودا بە چاوی خۆی بینی ئەوانەی کە بەرۆژ باس لە دێموکراسی دەکەن، لە شەودا بە تانک و درۆن بەردەبنە گیانی یەکتر. ئیتر دەگاتەوە ئەو باوەڕەی ئەم سەرکردانە هیچ پڕۆژەیەکی مەدەنیان نییە بۆ دروستکردنی دامەزراوە ڕاستەقینەکان. ئەوەی لە شەڕی لالەزاردا روویدا کوشتنێکی مەعنەوی و وەقاری شارە ‌‌حەیاتەکە و شێواندنی میراتە سیاسی و کەلتوورییەکەی بوو.

ئەگەر پافڵ و لاهور بەم شەڕە بێ بێهودەییەیان ناوبانگی حزبەکەیان و شارەکەیان شێواند، ئەوا ڕاگەیاندنی پارتی دێموکراتی کوردستان هەڵە و گوناهێکی زۆر گەورەتریان ئەنجامدا. میدیای پارتی لە جیاتی ئەوەی بە عەقڵانیەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە مەترسیدارەدا بکات، بە ئەقڵیەتی فورسەت تەڵەبی مامەڵەی لەگەڵدا کرد، بەنزینی دەڕژاندە سەر ئاگرەکە. میدیای پارتی رووداوەکەی بە دەرفەتێکی زێڕین دانا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە هاوسەنگەرە دێرینەکەی، لەبیری چوو ئەوەی یەکێتی هاوبەشی حوکمڕانییەتی، دەبوو بیزانیبایە لاوازکردنی یەکێتی نیشتیمانی سەرکەوتن نییە بۆ ئەو، بەڵکو لەم دۆخەدا کە کوردستانی تیدا دەژی خۆکوژییەکی سیاسییە هەڕەشە لە هاوسەنگی هیز لەبەرامبەر بەغداد دەکات. ڕاگەیاندن پارتی لە رووماڵکردنی شەڕی لالیزار لە ئامرازێک بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی، بوو بە ئامرازێک بۆ وروژاندن و هاندانی شەڕەنگیزی و فراوانکردنی درزی ناو ماڵی کوردی.

بەگشتی شەڕی لالیزار کاریگەریەکەی تەنها لەسەر سلێمانی و باشوری کوردستان نەبوو، بەڵکو کاریگەرییەکەی گەیشتە پارچەکانی دیکەی کوردستان، مۆرالی کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستانی تێکشکاند وێنەی کوردی لە بەرچاوی براکەیدا لاوازکرد. 

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە، ئەوەی ڕوویدا بەرگریکردن نەبوو لە دیموکراسی و مەدەنییەت و تەنانەت بۆ پاراستنی یەکڕیزی حزبیش نەبوو، بەڵکو نمایشێکی ناشیرین بوو بۆ پیشاندانی زەهنیەتێکی سەربازی دواکەوتوو کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات بە زەهنیەتی (عەسکەر) نەک بە زەهنیەتی (دەوڵەت) کوردستان بەڕێوە ببات. لە سیاسەتدا هێز زاڵبوون نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە، بەڵام ئەوەی لە شەڕی لالیزاری روویدا ئەوەیە کە ئەم بەرپرسیارێتیە بە تەواوی لە لۆژیکی سەرکردەکانماندا نەماوە. تا ئەوکاتەی سەرکردایەتی حیزبەکان خاوەنی ئەم زەهنیەتە بن، کورد پێویستی بە دوژمنی دەرەکی نابێت بۆ سەرنەکەوتن، چونکە ئەم سەرکردانە گرەنتی ئەوە دەدەن کوردستان پەلکیشی هەرەس و داڕمان بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی