لەگەڵ دەرکەوتنی ئەو بڕوبیانوانەی
لەو دوایەدا کە سوریا بە فشار و هاندانی تورکیا دەیەوێت بە هێزەکانی سوریای دیموکراتی
بگرێت تا دوای "درووز و عەلەویەکان" گێچەڵێک بە کوردیش بکات و شەڕ و ئاڵوزیێک
بخاتە ڕۆژئاوای کوردستانیش؛ جوڵە و پێشهات گەلێکی نوێ لە هێز و کارەکتەرە کاریگەرەکانی
ناو گۆڕەپانی ئاڵۆزی سوریادا بەتایبەت "ئەمریکا" هەستی پێدەکرێت، کە لە
ئێستادا لە بەرژەوەندی" کورد و هەسەدە"دا دەبینرێن و ڕەنگە لە ئایندەیەکی
نزیکدا باشتر خەتوخاڵیان دەرکەوێت؛ لێرەدا من بە پێویستی دەزانم لەسەر هەندێک لەو
پێشهات و دەرکەوتانە بوەستین و لەچوارچێوەی چەند خاڵێکدا بیانخەینە ڕوو :
١- ڕاپۆرتی ساڵانەی
"پنتاگۆن" لەو دوایەدا کە ئاڕاستەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی کراوە، "هەسەدە"
لەناو بازنەی بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەداتە قەڵەم و هێشتنەوەی وەک هێزێکی
سەربەخۆ و بەهێز بە پێویست دەزانێت، سوپای نوێی سوریای بە هاوپەیمانەتییێکی فشۆڵ و
پارچەپارچەی نێو گروپە توندڕەوەکان ناساندوە، کە خاوەن پێکهاتەیێکی ڕێکخراوەیی یەکگرتوو
نیە و لەژێر هەژموونی ئەو هێزانە دایە؛ هەڵبەت ئەوە بە هەنگاوێکی نوێ و وەرچەرخانێکی
گەورە و ستراتیجی لە هەڵوێستی ئەمریکادا دادەنرێت، چونکە پێشتر بەردەوام جەختی لە
تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ سوپای سوریادا دەکردەوە،
٢- لەدوای هەڕەشەکانی ئەو
دواییەی سوپا میلشیاکەی سوریا بۆ هێرشکردن بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی هەسەدە،
هۆشداری توندی ئەمریکا بە دیمەشق لەسەر زاری ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەوەی
کە وەک هاوپەیمان لەتەک هێزەکانی هەسەدە دەوەستن
و لە ئەگەری هێرشکردن بۆسەر سەنگەرەکانیان سوپای سوریا لەلایەن فڕۆکەکانیانەوە دەکەنە
ئامانج و بە توندی لێیان دەدەن؛ بێگومان ئەوەش شەرع دەست بەتاڵ دەکات لەو ئومێدەی
لەسەر ئەو لالێکردنەوەی دوای چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ "تڕامپ" و لێدوانەکەی
"تۆم باڕاک" هەڵیچنیبوو !
٣- گواستنەوەی بەشێک لەهێزەکانی
ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عین ئەسەدی عێڕاق بۆ ناوچەکانی (حەسەکە، دێرەزور، ڕەققە)
لە سوریا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەروەها بەردەوام بوونی هاوکاریی زیاتری لوجستی و
کەرەستە سەربازییەکان بۆ ڕۆژاوا، ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی بەرفراوانی هاوبەشی هێزەکانی
ئەو وڵاتە لەگەڵ هەسەدە بۆ سەر مۆڵەگە نهێنی و شانە نوستووەکانی داعش لەو کاتەدا،
بەشێکی دیکەی ئەو دەرکەوتانەن؛ هاوکات هێزێکی ڕوسیاش لە کەناراوەکانەوە هێنراوەتە
قامشلۆ کە ئەوەش جوڵەیەکی نوێی ئەو وڵاتەیە لە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە ڕۆژئاوای
کوردستاندا، کە پێناچێت ئەو هانگاوەش بێ ئاگاداریی و بێ ڕێکەوتن بووبێت لەگەڵ ئەمریکادا .
٤- کۆبوونەوەی نوێنەری
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لەگەڵ نوێنەرانی شاری ڕققە کە زیاتر
لە پازدە سەرۆک و کەسایەتیی هۆزی گەورە، نزیکەی پەنجا نوێنەر لە پارتی سیاسیی، ڕۆشنبیران، پارێزەرانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنیی، ڕێکخراوەکانی ژنانو کەسایەتییە ناوخۆییەکان تێیدا بەشداربوون،
بەتێکڕا جەختیان لەمانەوەی هەسەدە و نەگەڕانەوەی حکومەتی دیمەشق بۆ شارەکەیان کردەوە .
هاوکات نوێنەری هەریەک لە بەریتانیا و فەڕەنساش بەجیا لەگەڵ ئیدارەی مەدەنی
و شێخی هۆزە عەرەبەکانی دێرەزور کۆبوونەوە، کە تەواوی پێکهاتەکانی ئەو شارەش جەختیان
کردەوە هاوشانی هەسەدە دەبن بۆ گفتووگۆ لەگەڵ دیمەشق و دژی هەر پەلامارێکیش بۆسەر
ناوچەکەیان دەوەستنەوە .
ئەو خاڵانە و چەند پێشهاتی تریش ئاماژەن بۆ دەرکەوتنی ڤێرژنێکی نوێی بەریەککەوتن
و جوڵە خێراکان ، سوريا دەباتە نێو دۆخێکی نوێی ململانێی جیاواز لە ڕابردوو و دوور
نیە تێیدا تورکیا دەست بەتاڵ یان لایەنی کەم زەرەرمەندی سەرەکی بێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی