ئێران بەرەو کوێ؟

24 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

وەها دیارە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەوپەڕی فشار لە سەر ئێران. تەنانەت ئەگەر  لە عێراقیشەوە بێت. پەیوەندی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا جارێکی تر گەرم دەبێتەوە. ئەم ڕۆژانە لە میانەی کارمدا چەند سەرچاوەیەکم بەردەست کەوت کە ئاماژەیان پێدەدەم و سەرنجی کورتی خۆم دەخەمە بەرچاو.

یەکەم، لە دیدارەکەی تۆم باراکدا بە ڕاشکاوانە ئەوە دەڵێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل لێناگەڕێن ئێران بەم جۆرە بەردەوام بێت. ئەو میتافۆری زێن، saddle بەکاردەهێنێت بۆ ڕژێم. دەڵێت دەبێت زێنەکە بگۆڕن. 

دووەم، ڕاپۆرتێکی خانەیەکی بیری بەریتانی دەربارەی دۆخی ناوخۆی ئێران، کە وەهای دەبینێت بەرەو جەنگی ناوخۆ دەڕوات. 

سێیەم، هەواڵەکان لە ناوەوەی ئێران، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کێشەی ئاو و کارەبا هەتا بێت چڕ دەبێتەوە. 

ئاو کێشەیەکی قوڵە لە ئێران. ئێران سیستەمێکی هەیە کە زیاتر لە سیستەمی چینی دەچێت بۆ دروستکردنی بەنداوی زۆر و کۆنترۆڵکردنی ئاو و ئاراستەگۆڕین کە زیانی زۆری لێداوە. بەڵام چونکە زۆرێک هەن سودمەندن لێی لە بەردەوامیدایە. ئەم خەڵکانە لە ئێران بە مافیای ئاو ناسراون.

سیستەمی هەژمونیەتی ئێران لای ئێرانییەکان شەرعیەتی نەماوە، بۆیە بەردەوامبون لێی لەسایەی سەختبونی ژیان لەناوەوە ئاسان نابێت، سەرباری فشاری زۆری دەرەکيی، ئەمانە وایکردوە کە مەترسی دروستبونی ناڕەزایی جیاوازبێت، لەهەناوى ڕژێمی سیاسی ئێرانیدا ترسێک هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش 1979، ئەم ترسەش ئەوەیە کە ڕۆژئاوا ئەوانی قبوڵ نیيە، بۆیە گۆڕینی ڕژێم ئامانجی کۆتاییە.

ئەمەش وایکردوە کە هەرگیز متمانە دروستنەبێت و دۆخی پەیوەندی ئاسایی نەبێتەوە، هەموو ناوەندەکان دەڵێن کە جەنگی 12 ڕۆژی تەواو نەبوە، بۆیە هەموو جوڵەیەک وەها دەبینرێت کە هەڕەشەیە، لەنێویاندا کشانەوە ئەمریکا لەعێراقی عەرەبی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی