د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
گەندەڵی، ماوەیەکی زۆرە یەکێکە لە ئاستەنگە
جددیەکانی بەردەم عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان هەوڵی
باشترکردنی دۆخەکەیان داوە. ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، کەرتی گشتی لەعێراق بە یەکێک لە
بیست و پێنج گەندەڵترین کەرت دادەنێت لەجیهاندا .
قۆناغی ئاژاوەگێڕی، ڕێگەی داوە بە نوخبەی سیاسی تازە دامەزراوی
عێراق بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە خۆیان لە سیستەمەکەدا بچەسپێنن و غەنیمەتەکانی
بپارێزن. ئەم نوخبانە گەندەڵییان لەناو سیستەمەکەدا ڕێکخستووە بە چاندنی شوێنکەوتووانی
خۆیان لە بەشە جیاوازەکانی حکومەتداو هەروەها بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی
دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان و ڕووپۆشی سیاسی.
پارتە سیاسییەکان سیستەمی پەرلەمانییان بەکارهێنا
بۆ کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت، بەمشێوەیە ملیۆنان کەسیان زیاد کرد بۆ مووچەی کەرتی گشتی وەک
جۆرێک لە لایەنگیری. ئەم لایەنانە زەوی و میدیا و میلیشیا و بانک و تۆڕى هەمەچەشنی
بازرگانییان لە سەرانسەری هەموو کەرتەکاندا کۆنترۆڵ کرد.
سەبارەت بە "گەندەڵی
سیاسی" بە هۆی بەرژەوەندی تایبەت لە بڕیاردان سەری هەڵداوە. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ
ڕاپۆرتی ساڵی 2023ی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، کە دەستێوەردانی سیاسی و
لاوازی چاودێری دادوەری و چوارچێوەی ڕێکخراوەیی وەک هۆکاری سەرەکی گەندەڵی لە
عێراقدا دەستنیشان دەکات.
بنەمای گەندەڵی سیاسی لە عێراقدا، لە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵاتە بە ڕێککەوتن. وە
پێناسە دەکرێت بەوەی کە سیستەمی پشکەکانە کە ژمارەیەکی ڕێژەیی کورسی و پۆست و
وەزارەتەکان بەسەر گروپە نەتەوەیی و تائیفییە جیاوازەکانی عێراقدا دابەش دەکات.
گەندەڵی لە سیستەمی حكومەتدا ئێستادا ئەوەندە چەسپاوە کە بووەتە بنەما. چ لە بواری چاودێری تەندروستی، پەروەردە،
خزمەتگوزاری دارایی، بیناسازی، یان هەر کەرتێکی تر، نوخبە سیاسییەکان پەنا بۆ ناوەندکاران دەبەن بۆ بەرزکردنەوەی
تێچوونەکان، نەهێشتنی کێبڕکێ، زیادکردنی دامەزراندن، زەوتکردن، ترساندن، بەرتیل و
ئیمتیاز، ساختەکاری و دزی و گەندەڵی بۆ ئەوەی ساڵانە ملیارەها دۆلار بەدەستبهێنن.
سەرکردە ئاست بەرزەکان ڕاستەوخۆ بەشدار نین لە پرۆسەکەدا، بەڵام کاریگەری سیاسی خۆیان
بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی لایەنگرانیان بۆ پۆستەکانی سەرکردایەتی و پاراستنیان و
پشتیوانیكردنیان بۆ یارمەتیدانی کۆکردنەوەی پارە بۆ گروپەکەیان.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە نزیکەی 40%ی
بودجەی ساڵانەی حکومەتی فیدراڵی کە یەک ملیار دۆلارە بۆ هاوردەکردنی دەرمان تەرخان
دەکرێت، كە بەهۆی پلانە گەندەڵەکانەوە لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە کە پەیوەندی
پتەویان هەیە و گرێبەست دەبەنەوە و تێچوونەکان بەرز دەکەنەوە. بەهۆی فراوانبوونی ئەم بازرگانیە بڕی ساڵانە دەگاتە ٣ ملیار دۆلار كەلە کۆتاییدا سوود بە لایەنە سیاسییەکان
دەگەیەنن.
زۆربەی گەندەڵیەکان لەسەر بنەمای دامەزراندن،
خەرجی گشتی، یان مۆڵەتدان دامەزراوە و بەشێکی بۆ چەندین ساڵ بەردەوامە وپارە بۆ
پارتە سیاسییەکان دابین دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ
سەرنجێكیان لەسەر بێت. چیرۆکی دزینی بانکی بە بڕی ٢.٥ ملیار دۆلار لە
هەژماری یەكێك لە بانکەكان نموونەیەکی دیارە لەم بوارەدا.
پێوەرەکانی تێڕوانینی گەندەڵیی لەلایەن ڕێکخراوی شەفافیەتی
نێودەوڵەتی بە بەردەوامی عێراق لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتان دادەنێت. لە ساڵی
2024 عێراق لە ڕیزبەندی 140 لە کۆی 180 وڵاتدا بوو، تەنها 26 خاڵی لە 100 خاڵی
بەدەستهێنا، ئەمەش نیشاندەری توندی گەندەڵی بەربڵاوە. بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی،عێراق ئاستێکی خراپی هەیە.
سعودیە بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ لە پلەی 54 دایە، تورکیاش بە 36 خاڵ لە پلەی 115
دایە.
رێكخراوی شەفافیەت بە بەکارهێنانی 12 پێوەر
شەفافیەت هەڵدەسەنگێنێت. باوترین جۆرەکانی گەندەڵی لە عێراق بریتین لە بەرتیلدان،
خراپ بەکارهێنانی پۆستە گشتیەکان و خراپ بەکارهێنانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی
کەسی.
لێکۆڵینەوەیەکی بانکی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە
دەکات کە نزیکەی 60%ی بازرگانەکانی عێراق گەندەڵی بە بەربەستێکی گەورە لە بەردەم
گەشەی ئابووری دەزانن، هەروەها بۆچونیان وایە كە بەرتیلدان کارێکی باو و بەردەوامە
لە مامەڵەی حکومیدا . جگە لەوەش، ڕاپرسییەک کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە
یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە 72%ی هاووڵاتیانی عێراقی
گەندەڵی بە گەورەترین تەحەدای وڵاتەکە دەزانن، کە لە ڕووی گرنگییەوە نیگەرانییە
ئەمنییەکانی تێپەڕاندووە.
لە ڕاپرسییەکی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ
پەرەپێدان لە ساڵی 2023دا ئاشکرایکردووە ، 68%ی عێراقییەکان گەندەڵی بە هۆکاری
سەرەکی تێکدانی دیموکراسی دەزانن، لە کاتێکدا تەنها 30% پێیان وایە دەنگەکانیان
دەبێتە هۆی گۆڕانکاری سیاسی ڕاستەقینە.
ساختەکاری ونەبوونی شەفافیەت لە پارەدارکردنی
هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان هێشتا کێشەیەکی گەورەو بەردەوامە. چاودێرانی نوێنەرایەتی چاودێری
هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق ناڕێکی گەورەیان لە پرۆسەی دەنگداندا
بەڵگە کردووە، لەوانەش ناچارکردنی دەنگدەران و خراپ بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت
لەلایەن پارتە سیاسییە بەهێزەکانەوە.
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ساڵی
2022 ئاشکرایکردووە، زیاتر لە 70%ی دۆسیەکانی گەندەڵی لە عێراق یان لەکاردەخرێن یان دوادەخرێن بۆ کاتێکی نادیار بەهۆی فشاری
سیاسییەوە. لەم نێوەندەدا، ئەوانەی زانیاری دەدەن و ڕۆژنامەنووسانی لێکۆڵەرەوە کە دەیانەوێت
گەندەڵی ئاشکرا بکەن، ڕووبەڕووی هەڕەشە و تۆقاندن و تەنانەت هەوڵی تیرۆرکردن
دەبنەوە، ئەمەش ڕێگری لە هەوڵەکان دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی شەفافیەت.
گەندەڵی مەترسییەکی جددی لەسەر دیموکراسی لە
عێراق دروست كردوە و متمانەی گشتی بە دامەزراوەکانی حکومەتی تێکداوە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
گەندەڵی لە عێراق پێویستی بە ڕێبازێکی هەمەلایەنە و ستراتیژی هەیە.
بەهێزکردنی چوارچێوەی یاسایی و دەستەبەرکردنی
سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری هەنگاوی جەوهەرییە بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران. هەروەها یەکێک لە چارەسەرە
ئومێدبەخشەکان بریتییە لە پەرەپێدانی حكومەتی ئەلیکترۆنیە كەوەک توخمێکی سەرەکی بەشدار دەبیت لەگۆڕینی پراکتیکەکانی دارایی و بە
شێوەیەکی کاریگەرتر بۆ چاودێریكردنی خەرجی وداهات و بودجە لەگشت وەزارەتەکانی حکومەتدا.
د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی
: دارایی گشتی
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی