ئەحمەد شەرع بوكەڵەیەكی دەستی توركیا لە لایەك و ئەمەریكا و تەنانەت ئیسرائیل لە لایەكی دیكەوەیە ، ئەو لە بارو دۆخێكدایە نەدەتوانێت لە بڕیاری توركیا یاخی بێت ، نە لە فەرمانی ئەمەریكا دەربچێت ، لەو نێوەندەدا ئیسرائیلیش ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی خۆی قایكتر دەكات لە جۆلان و شوێنگەلی دیكەی سوریا ، ئیسرائیل وەك پەیامی توڕەیی لە توركیا لە لایەك و خاوەندارێتی دروزو سوەیدا لە لایەكی دیكەوە هیچ سڵ لەوە ناكاتەوە لە كوێ بیەوێت گورز لە توركیا یان سوریا بوەشێنێت، لە چەند ڕۆژی رابردودا ئیسرائیل چەند جارێك لە دەزگای تەناهی سەربازی و بنكەی سەربازی توركیای دا ، كەچی توركیا هەڕەشەی لە رۆژئاوای كوردستان و قەسەد كردو پەلاماری ڕۆژئاوای كوردستانی دا .
توركیا لە لایەكەوە بانگەشەی ئاشتی لە توركیاو باكوری كوردستان دەكات و پڕوپاگەندەی برایەتی كوردو تورك بڵاو دەكاتەوە ، كەچی زۆر بە توندی ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا بوەتەوە ، هەموو پەلامارێكی ڕۆژئاوای كوردستان لە لایەن توركیاوە خزمەتكردنە بە داعش و هاوكاری كردنی گەڕانەوەی ئەوانە، لەم ڕۆژانەی بەرێ كاتێك لە ئوتێل شاری جوان هەڤاڵ ساڵح موسلیمم بینی ئەو وتی ڕەوشی ڕۆژئاوا باشە تا ئەو كاتەی توركیا نەتوانێ دەستوەردان لە كارو باری سوریا بكات ، ئەوەشی وت كە خۆ بەڕێوەبەری كوردی دەتوانێت بێ دەستوەردانی توركیا هاوكاری دیمەشق و سوپای سوریاش بكات ، بەڵام توركیا ترسێكی زۆری لەو گەشەو پێشكەوتن و نرخاندنە دەرەكیەیەی ڕۆژئاوا هەیەو دەیەوێت هەرچۆنێك بێت لاوازی بكات ، بۆ ئەمكارەش دەیەوێت بە خۆی و سوپای سوریاو بە كرێگیراوانی خۆی شەڕێك بە بارۆس بفرۆشێت ، بۆ ئەمە ڕۆژئاوا دەستە پاچە نیەو ئامادەكاری زۆر هەیە ، ڕەنگە لە ئەگەری ڕودانی ئەو شەڕەدا عەفرین و كۆی ناوچە داگیركراوەكانی دیكەی ڕۆژئاوا ڕزگار بن .
ئەمەریكاو فەڕەنساو دۆستانی ڕۆژئاوا لە نزیكەوە چاودێری ئەو بارو دۆخە دەكەن و ئاگاداری هەموو جوڵەیەكی توركیاو چەتەكانین، بەڵام ئەوەیان بە لاوە گرنگە كوردی شكاو بەشێك نەبن لە لایەنی توركیاو چەتەكانی لە شەڕی ڕۆژئاوادا بۆ ئەمەش هەنگاوی خۆیان دەگرنە بەر ، بۆ ئەمەریكاو فەڕەنساو دۆستانی كورد ڕۆژئاوای كوردستان پێگەیەكی گرنگ و بایەخدارە لە ڕووی دیموكراسی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەو هەر وەها كاریگەرە لە شەڕی دژی تاریكی و داعشدا ، ڕاستە ڕۆژئاوا زۆر پشت بە خۆی دەبەستێت ، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی كە دۆستەكانیش دەستبەرداری بن ، ئەمڕۆ تەنها شوێن لە سوریا دیموكراتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی تیا بێت سنوری دەسەڵاتی هەسەدەو خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوایە ، ئەوەشمان بیر نەچێت لە نێو ئەو بارو دۆخە دژوارەشدا بە بێ دەستپانكردنەوە لە دیمەشق بۆ یەك هەفتەش موچەی موچە خۆران دوانەكەوتوەو ، ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕووی خۆشگوزەرانی و ئابوریەوە ناوچەكە بەرەو پێشتر دەچێت ، هەڵبەت ئەگەر توركیا هەموو شتەكە تێكنەدات .
پێداگری توركیا لە سەر جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی دیمەشق و قەسەد ، پەیوەندی بەوەوە نیە كە توركیا گەرەكی بێت ، سوریا دور لە شەڕو ئاژاوە بژێت ، پەیوەندی بە دوو خاڵی دیكەوە هەیە ، یەكەم پاشەكشە كردن و توانەوەی قەسەدەو هەڵوەشانەوەی ئەو هێزە پەروەردەو مەشقپێكراوە ، دووەم زاڵكردنی كە ڵەگایەتی خۆی بە سەر هەموو سوریادا ، چونكە ئێستا تەنها هێز ڕێگر بێت لەو كەڵەگایەتیە هێزەكانی سوریای دیموكراتە، توركیا ئەو ڕاستیە زۆر باش دەزانن ، ئەوەش دەزانن كە بونی ڕۆژئاوای كوردستان بەو جۆرە ئیلهام بەخشە بۆ ئەوەی دروزو عەلەویش داوای خۆ خاوەنی بكەن و كار بۆ خۆبەڕێوەبەری بكەن .
بە بڕوای من زۆر گرنگە لە دۆخی ئاوادا قەسەدە بیر لە ئازادكردنی عەفرین و شوێنگەلی دیكە بكاتەوە ، بە تایبەت عەفرین دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی گرنگ ، هەمیشە باشترین ڕێگە بۆ بەرگری و مانەوە هێرش بردنە ، من نازانم ئەسڵی ئەم قسەیە قسەی چ فەرماندەیەكی سەربازی و چ گەلێكە ، لێ ئەو پەڕی هەقیقەتی تیا دەبینم .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی