دەڵێن : “ کاتێک حکومەتەکان میز
دەکەن بەسەرهاونیشتیمانیاندا ، ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵیان دەستپێدەکات ، بۆئەوەی باوەڕیان
پێ بێنن ئەوە بارانە دەبارێ “ ئەگەرچی ئەم مێتافۆڕە دەگێڕنەوە بۆ شۆڕشگێڕی جیهانی (
گیڤارا) ، بەڵام سەداو دەنگدانەوەی ئەم تێگەیشتنە تەنها لە نێو لاپەڕە زەردەکانی
مێژوو، یان بۆچونی تەنها کەسێکدا گیرنابێ ، بەڵکو بەردەوام پەلو پۆی تازە دەهاوێ بە
نێو تێزی جۆراو جۆری هزرمەنداندا تا دەگات بە ئەمڕۆ ، چونکە پەیوەندی دیالکتیکی
سیانەی هاوڵاتی و مێدیا و دەسەڵات . پەیوەندی بە مەترسیدارترین ئامرازەکانی
دەستبەسەرداگرتندا هەیە ، بە تایبەت لەم سەردەمەدا ، ئەویش لاڕێکردن و هەڵداشتنی
ئاگامەندی جەماوەرە لە ڕێگەی گوتاری ئاراستەکراوی
درۆزنانەی مێدیاییەوە .
ئەگەرچی لەسەردەمی جەنگ و
ململانێکاندا ئەم کوندە میزە بە خوڕتر هەڵدەڕژێتە نێو هۆشیاری جەماوەر ، بە
ئامانجی لەکارخستنی یان لانیکەمی سڕکردنی ، بۆیە تا دێت مێدیا زیاتر قاچ ڕادەکيشێ و تەنها بە
شاردنەوەی حەقیقەت ناوەستێ بەڵکو هەوڵدەدات لە ڕەزیلەتدا ڕەونەقی فەزیلەت بدرەوشێتەوە
، لە زەلیلەتدا شکۆ، لە درۆدا ڕاستگۆیی ، لە بێمانایدا مانا ، لە شکستدا سەرکەوتن
، لە نابوتیدا جوانی ، لە ستەم و نادادیدا ئازادی و دادپەروەری ، لە دزی و گەندەڵی
وخیانەتدا نیشتیمان سازی ، لە بێ ئابڕویدا ڕوو سوری و حەیاو ئابڕو ، لە هیچوپوچی و
هەڵچۆڕانی ئەخلاقدا شانازی و لەخۆ ڕازیبون ، لە دڕندەیی و توندڕەویدا پێکەوەژیان و
یەکتر قبوڵکردن …. تا دەگات بە هەڵڕشتنی بێشەرمانەی کوندە میزەکانی دەسەڵاتداران ،
بەناوی گرمەی هەورە ئاوسەکانی پەڵەو مژدەی کۆتایی هاتنی وشکەساڵی .
فۆکۆ زۆر جوان ڕونی دەکاتەوە ، لە
کاتێکدا پێیوایە دەسەڵات تەنها توندو تیژی ڕاستەوخۆ پراکتیزە ناکات ، لە پێناو
سەپاندنی شکۆی دەوڵەت ویاساو دامودەزگاکانی بەسەر هاونیشتیمانیاندا ، بەڵکو زۆر بە
چڕی دەستدەکات بە سەرمایەگوزاری نا ئەخلاقی و وەبەرهێنان لە ( بەرهەم هێنانی حەقیقەت)
دا، لێرەوە حەقیقەت ئەوە نیە هەیە ، بەڵکو ئەوەیە دەگوترێت ، ئەوە نیە ڕودەدات
بەڵکو ئەوەیە دەیانەوێت ڕوبدات ، ئەوە نیە بوە بەڵکو ئەوەیە دەبێت ببێت ، ئەمەش
مەترسیە ترسناک و قوڵەکەی مێدیایە ، کاتێک نەخشە بۆ ئەو چوارچێوانە دەکێشێ خۆی
مەبەستیەتی وەکو قالبی ئامادەکراو ، پێویستە هاونیشتیمانیان بیری تێدا بکەنەوە ،
یان ماف بەخۆی دەدات ئەوە دیاریبکا و بسەپێنێ چی ڕەواو سروشتیە یان چی ناڕەواو
ناسروشتیە ، گرامشی ئەوە ناودەنێت ( هەژموونی ڕۆشنبیری یان کلتوری) ، تیایدا دەستەبژێران
پێویستیان بە چەک نیە بە قەدەر ئەوەی پێویستیان بە باڵادەستی دیدو جیهان بینیانە ،
لە پێناو بەدەستهێنانی ملکەچی ئارەزومەندانەی ئەوانیتر .
کاتێک ئاماژەی باران ، بۆ چڵکاو
پاشەرۆی هەڵڕژاوی زێرابی دەسەڵاتداران دەکرێ ، هەرگیز مانای گەوجی و دەبەنگی
هاونیشتمانیان نیە ، بەڵکو ئەوەمانای قەدەری ژیانکردنە ، لە نێو زمانێکدا وشەکانی
لەسەر واتای درۆ هەڵچنراوە ، درۆیەکی شاخدار بەتامی حەقیقەت ، لە بۆرسەی ئەم
ڕۆژگارەدا بەنرخی حەقیقەت مامەڵەی پێوە دەکرێ . لە تێڕوانینی جان بۆدیاردا
ئێمە بەتەنها توشی سەرابی ڕوانین یان وەهمی بیستن نەبووین ، بەڵکو ئێمە دەچینە ناو
جیهانی "سیمولاسیۆن" گێڕانەوەو وێکچواندن یان فۆڕماندن ، تیایدا مێدیا
زۆر بێشەرمانە تەنها کار لەسەر ئەوەناکات سێبەری شتەکانمان بە ڕاستەقینە دەرخوارد بدا
، وەک چۆن پلاتۆن لە پێناو پاراستنی کۆمارەکەی دەیویست شاعیرو هونەرمەندان
شاربەدەر بکا ، چونکا پێیوابو ئەوان تەنها سێبەری سێبەرەکان وێنا دەکەن نەک
حەقیقەتی شتەکان ، بەڵکو لێرەدا میدیا بەیەکجاری شوێن بە حەقیقەت چۆڵ دەکا و خۆی دەبێتە
جێگرەوە ، وێنەکان تامی زیاتر دەبەخشن لە ڕاستەقینەکان ، شاشەکان ڕونتر لە سروشت ،
لاپەڕەکان ئاڵو واڵاتر لە ڕاستی ، سێبەرەکان تۆختر لە خودی شتەکان ، شەپۆلی سەراب هەڵچوتر لە
دەریاکان ، هاشوهوشی میمبەرەکان بەرزترلە بانگی حەق ، بۆیە ناوی ناوە “ سەردەمی ھاوشێوەکردن یان ھایپەرواقیعHyperreality - “ تیایدا وێنە پێش حەقیقەت دەکەوێت ، کاتێک بە
خوڕ دەڕژێتە ناو ئاگامەندیمان وەک تاڤگەیەکی هەڵچو، جواننتر خۆی نمایش دەکات .
لێرەوە میز وەکو پاشەرۆ ناڕژێ بەسەرماندا بۆ
ئەوەی ڕەتی بکەینەوە یان لانی کەم قبوڵی نەکەین و چەتری بۆ هەڵدەین ، بەڵکو وەکو
بارانی ڕەحمەت زەوی تینوی حەقیقەتمان ، ئاوپڕژێن دەکات ، ئێمەش وەک بارمتە و
تەسلیم بوو خۆمانی لە ژێردا ڕادەخەین . لە هەموو شتێک مەترسیدارتر لەم هاوکێشەیەدا
، ئەوەنیە دەسەڵات چی بە هاونیشتمانیان دەکا ، بەڵکو باوەڕهێنانی هاونیشتیمانیانە
بەم چارەنوسە ، چونکە ستەم لە دەرەوە ئەوکاتە سەرجەم پایەکانی دادەکوتێ ، کاتێک لە
ناوخۆدا دەگۆڕێ بۆ باوەڕهێنان ، واتە دەستی دەگاتە سنورەکانی بیروباوەڕ و بە ویستی
خۆی دەستکاری دەکا ، بۆیە ڕووبەڕوبونەوەی دۆخێکی لەم شێوە سەرەتا بە جۆماڵکردنی هۆشیاریمان
لە دڕک وداڵی درۆزنانە دەستپێدەکات .
لە
کۆتایدا دەستەبژێری دەسەڵاتخوازی کوردوستان ، بە باشترین تەکنۆلۆژیای مێدیایی ، بە
دەیان و بگرە سەدان کەناڵی جۆراوجۆری تێرو پڕی بیستراو بینراو نوسراو ، بە سەدان و
بگرە هەزاران ڕۆژنامە نوس و شڕۆڤەکارو ڕۆشنبیرو پەڕلەمان تێرو چالاکوان و پەیجەوان
و کۆمێنت نوس و دامودەزگای سەیرو سەمەرەی حیزبی و حکومی لە گەڵیدا لەشکرێکی دەیان
هەزاری لە کادیری ڕێکخراو تەڵقیندراو بەردەوام کوندەمیز هەڵدەڕێژن بەسەر میللەتێکی
شەکەت و ماندوی ڕۆچو لە قەیران و میحنەتی پڕ لە نائومێدیدا ، کە هێشتا تەپوتۆزی
بیابانەکانی عەرعەرو سێبەری سمێڵە فشەکانی عەجاج بەتەواوی زاکیرەیان جێ نەهێشوە ، تەنها گوناهیان ئەوەیە هیواو متمانە کردونی بە
دیل و بارمتە ، بەدەست کۆمەڵێک ( شۆڕشگێڕی ) دوێنێ و دزو ستەمکاری ئەمڕۆوە .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی