لەبەرچی زۆر کەس تامەزرۆن ببنە سیاسەتمەدار !!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو


ئەوەی کە لەژیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت و دیارە شتی زۆر سەیروسەمەرەی وای  تێدایە لە هیچ شوێنێکی دونیا نابینرێت ، ئەو سۆشیالمیدیا و هەندیک پێگەی تەلەفزیۆنی بەناو شرۆڤەکار لەو فەزا ئەلکترۆنیە و  بۆ ئەوان و هەندێکی کەسانی تر لە هەرێمی کوردستان بۆتە گەرمترین بازاڕ  بۆیان تا وەک سیاسەتمەدار و خەخمۆری گەوەرەی ئەو گەلە خۆیان بخەنەڕوو ، ئەوە ڕاستە نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لەسەرانسەری جیهاندا مرۆڤ بڕوای بە سیاسەت و سیاسیەکان ونکردووە و دەڵێن : لە لێدوانی سیاسیەکاندا زۆر قوڕسە جیاکاری لەنێوان ڕاستی و خەیاڵدا بکەیت ، جا ئەو قۆنتەراچیانەی لای خۆمان کە دەیانەوێت ببنە سیاسەتمەدار ،  دەزانن کە هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی سلبی تووندیان بەرانبەر سیاسیەکان و حزبەکان هەیە و  متمانەیان یەگجار کزبووە پێیان ،  بۆیە دەرفەتێکی زێڕینیە بۆ ئەو حەربا فریودەرانە  کە خۆیان بکەنە دەمڕاستی خەڵک ، بەڵام بەبڕوای من ئەوانە کەسانی مونافیقن و ، بایەخ بە سیاسەت دەدەن و دەیانەوێت ببنە سیاسی  بۆ  ئەوە نیە کەخزمەتی گەل و وڵات بکەن !  بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی نفوز و پارەیە لەسەر حسابی ژیانی هاوڵاتی و ئاییندەیان و  سواربوونی  شەپۆڵی ناڕازیەکانی خەڵک و خۆپاڵاوتن لە هەڵبژاردنەکان ، ئەوان وەکو ئێمەمانان دەزانن هاوڵاتی متمانەی  بە حزبەکان و دەسەڵات و سیاسیەکان  زۆر کزبوەە و تاقەتی سەردانی بارەگای حزبەکان و بوون بە ئەندام لێێان و بەشداری دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان نەماوە ، بۆیە ئەو کۆمەڵە ساختەچیانە  خۆیان کردۆتە پاڵەوان و فریادڕەس بۆ ئەو میللەتە ماندوو و تووڕەیە….بەڕاستی کاتیەتی سیاسی و مەسئول لە بورجی عاجی بێتە خوارەوە و واز لەو دابڕانەی نێوان خۆی و هاوڵاتی بێنێت و چیتر بوار بۆکەسانی پووچگەرا  «تافه » نەدات  ، مەسئول بەر لەوەی تەماشای ئاوێنە بکات ، دەبێت واز لە تۆنی لووتبەرزی و تەحەدا لەبەرانبەر تووڕەیی میللی بهێنێت ، چونکە ئەگەر ئەم تووڕەییەی بە پیلانگێڕی دانا ، ئەوە ئەو بەرپرسە بە وەهم داچووە و لەناو ئەو بولقە بەئامانجگیراوەدا دەژیت کە خۆی بۆ خۆی دروستیکردووە  ، جێی داخە هەندێک بەرپرس نەک سکاڵای هاوڵاتی وەڵامنادەنەوە ، گەیاندویانەتە ئەوەی کە تەلەفۆن و دەرگاکانیان دابخەن ، باشە یەکێک گیروگرفتێکی هەبێت بۆکوێ بچێت ؟! بەرپرس کە ئەو پۆستەی وەرگرتووە  بۆئەوەی خزمەتیان بکات !!
گرنگترین تووخم کە وادەکات متمانە بگەڕێتەوە ئەوەیە کە خەڵک ڕازیبکەیت کە ئەو نیشتیمانە هی ئەوانیشە و ئەوان دەتوانن بەشداربن لە گۆڕانکاریکردنی باشتر و ، هەموو کۆمەڵگە وەکو یەکن لەبەردەم قانوندا و ، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی متمانە دەبێت لەبەردەم کۆمەڵگا هەوڵی بێوچان بدرێت بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەس خۆی بە نامۆ نازانێت لەناو کۆمەڵگاکە ، ڕێگە بۆ گەڕانەوەی متمانە دوولایەنە : لە بەرپرسەوە بۆ هاوڵاتی لەمیانی گووتارێکی نوێدا کە پێیان بڵێت : ئەوە ئێووە بوون منتان گەیاندە ئەو پۆستە و مانەوەی من پەیوەستە بە ئێووە ، لایەنەکەی تر ئەوەیە کە خەڵک قەناعەتپێبکەیت کە ئەم گووتارە هەرتەنها قسە نیە بەڵکو کردارە ، لە زەمەنی پشێووی وەک ئێستای ئێمەی تێیدا دەژین ، متمانە بە ووشە و کردار دەپێورێت ، هەر ئەوە بەس نیە کە مەسئول لە پێگەی بڕیاردا بێت ، بەڵکو پيویستە ئامادەبێت بۆ بەردەم کامیڕا و لە چرکەساتی گرژی و ناخۆشیدا ، باری قووسی لێکدانەوە و ڕوونکردنە و شیکردنەوەی دۆخی ناخۆش لەکۆڵ خۆی بکات و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە هاوڵاتی دەیەوێت و ئەمە زەڕووڕەتێکی نیشتیمانیە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی