بچووكردنەوەی كێشەی كورد

23 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیدریس سۆرانی

 ئێمەی كورد نیشتمانێكمان هەیە سنورەكانی دیارن . ڕۆژگار   پارچەی كردوین . هۆكارەكانی زۆرن، ئێرە شوێنی نییە باسی بكەین . كورد ماوەیەكی دوورو درێژە خەباتی چەكداری دەكات ، مرۆڤی كورد لەسەنگەری بەرەنگاری بووە، ناوی پێشمەرگە لەكۆماری مهابادوە پەیدا بوو، بەڵام پێش ئەوكاتیش خەباتگێر هەبوون ، دوای گریلاو و شەرڤان بەدیاركەوتن. كێشەی كوردستان زۆر قوڵترە لە خەباتی پێشمەرگەو گریلاو شەرڤان دژی   دەوڵەتی ئیسلامی عێراق-سوریا(داعش) .

ئێستا بۆچونێك پەیدابوو قارەمانیەتی كورد تەنیا لە دژی داعش دەبین وكێشەی كورد لەو دیدەوە سەیردەكەن. بەداخەوە هەندێك لەوانەی هاتوونەتە سەر حازری و كەسە خۆشەویستەكانیان وەك باوك و خوشك و براو كورو كچەكانیان لێ شەهید نەبوونە، دەیانەوێ سەروەریەكانی كوردستانی گەورەو خاك وگەل و نیشتیمان بچووك بكەنەوە .كە سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەكرێت، كێشەی كورد كێشەی پێشمەرگە نیە، كیشەی نیشتمان ونەتەوەیەكە،ئێمە پێویستیمان بەوە نیە كێشەی كوردستان لە دیدەی قارەمانیەتی  پێشمەرگە ببین. ، كێشەی ئێمە كێشەی خاك و نەتەوە ونیشتمانە، ئەبێ دۆست و دوژمن وزلهێزەكان لەو تێبگەینین  و لەو دیدەوە بۆی بروانن. ئاراستەی دیبلۆماسی و ستراتیژی  نیشتیمانی ولوبی كورد بەو ئاراستە بێ ، نەك بەزەییان بە كورددا بێتەوە.چونكە راگرتنی كۆمەڵكوژی و وێرانكردن چارسەری كێشە بنەرەتیەكەی ئێمە ناكات .

لەم ڕۆژانە كوڵانێك لە پاركێكی فەرنسا بە ناوی پێشمەرگە كرا، لە زمانی فەرمی فەرنسا ووتیان ( ئەوە دانپێدانانی فەرنسا یە بە برا چەكدارەكانی كورد لەشەری دژی بە داعشدا) . كورد چەند ساڵێكی كەم دژی داعش شەری كرد بەهاوكاری راستەوخۆی هێزەكانی هاوپەیمانەكان . بەڵام  سەدان ساڵە ڕۆڵەكانی دەجەنگن دژی داگیركەران . هزری داگیركردنی  نیشتیمانێك زۆر مەترسیدار ترە، لەهزری كۆنەپەرستێكی كاتی وەك داعش . ئێمە نەك نەدەبوو بە ئەو ناو لێنانەی كۆڵانەكە رازی باین ، بەڵكو دەبوایە بە توندی دژی بوستنەوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی سایكس-بیكۆمان ، لە فەرنساو بەریتانیا،  كردبا، كە بە پلەی یەكەم ئەوان بەرپرسیاری گەورەن لە نەهامەتی گەلەكەمان لەدوای ئەو پەیمانە شومەدا.                                                             

  شۆرشی شێخ سەعیدی پیران سەركوت كرا هەستاینەوە، كۆماری مهاباد روخا هەستاینەوە ئاشبەتاڵمان كرد هەستاینەوە، هەڵبجەو ئەنفال و كۆبانیمان بەسەرداهات هەستاینەوە، بەڵام ئەو پەیمانە شومە كردنی بە دیلی زنجیركراو، وەك بەناو دۆستی كورد( بێرنارد هێنری لیڤی ) دەڵێت : (ئەو گەلە بەدبەختەی كورد سەدەیەكە بۆتە گاڵتەجاری ئێمە). ئێمە پێویستمان بەناوی كۆڵانێك نیە، بە هەنگوینی كوردستان پێمان ببەخشن . كورد پێویستی بە دیدێكی نوێی كوردستانیە، كە جیاوازی لە نێوان پارچەكان و هاووڵاتی  وبۆچونەجیاوەزەكان و تاكەكانی كورد نەكات و مێژووی خەبات لەسەر كەمینەیەك تاپۆ نەكات .

ئەگەر بەدوای كۆڵان( ڕێرەوەكەی) پاریسیشن ، ئەوە دەبێ مێژووی ئەو وەڵاتە بخوێنینەوە، ئاخۆ چەندین لەو سەركردە  بەهێزانەی كە فەرنسای ئەمرۆیان دروست كروە، ئێستا نەوەكانیان لە حكوم و دەسەڵاتن . كورد بەو هەموو داوكەتووی و خۆی و هزركورتی و ئازارو نەهەمەتیەكانی  گەلەكەی ،ڕۆژێك نەماندی كەسە باڵادەستەكان ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن ، تاكەی گاڵتەجاری جیهان بین ؟

یان پێیان وانیە جیهان بە فەرنساوشەوە نابینێ كە شێوازی بەرێوەبردن و دەسەڵاتداری و قەتیسمانی سیاسەتی بە تایبەتی هی باشوری كوردستان دیلی بەر دەستی چەند كەسێكە( بەدەر لە بەرژروندە ئابوریەكانی جیهان) . خۆ فەرنسیەكان تەنیا   ئاگاداری نامەی رێكخراوی ژینگەی سەوز  دەربارەی كۆڵانەكە ببین دەزانن ، عەقڵ و هزری سەركردەكانی كورد چەند بچووكە. نازانم تا كەی دەبێ ئێمە، كیشەی گەلی كوردستان لەسەرووی دەسەڵاتدا نەبینین؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی