ناسكەی خێزانم هەندێك
جار شیرین كەلامە، هەر زێنەتە گوێی لێ بگری،
هەندێك جاریش بەڵایەكە بۆ خۆی، ئەوەی خۆی بیەوێت هەرئەوەیە، ساڵانێك پێش ئێستا ڕۆژێك
پێی گوتم: پیاوەكە بۆچی ئێمەش مۆلیدەیەك لە گەڕەكەكەمان دانەنێین؟ دڵنیام قازانجی
باشی دەبێت، منیش لە ترسی ئەوەی نەبادا ناسكە بمداتە بەرچەپۆكان، بە ناچاری خۆم
خستە ژێرباری داواكاریەكەی، دوای سۆراغ و پرسیار زانیم بۆ ئەنجامدانی كارێكی ئاوا
دەبێت سەردانی بارەگای كۆمەڵەی ئازادیخوازانی مۆلیدەكانی وڵات بكەم!
سێ و دووم لێ نەكرد
و چوومە ئەو شوێنە، كاكی پرسگە گوتی: عەریزەیەك بنووسە، عەریزەم نووسی و چوومە لای
بەرپرسی كۆمەڵە، گوتی بڕۆ لای بەرپرسی حزبی گەڕەك، یەكسەر ڕۆیشتم بۆ ئەوێ و هەر كە
چوومە ژوورەوە، دوای سێ جار سڵاوكردن ئینجا كابرای بەرپرس كە خەریكی پۆپجی بوو بە سەری لووت وەڵامی
دامەوە، گوتی ها چیت دەوێ؟ گوتم قوربان دەمەوێت مۆلیدەیەكی كارەبا لە گەڕەكەكەمان
دابنێم، هەم بۆ قازانجی خۆم و هەم بۆخزمەتی گەڕەك، گوتی: بڕۆ نامەیەكم لە موختاری
گەڕەكەكەی خۆت بۆ بێنە، یەكسەر چوومە لای موختار و ئەویش بە فیزێكەوە قەڵەم و كاغەزی
لەبەردەم دانام و گوتی: چیت پێ دەڵێم ئەوە بنووسە، تومەز كاكی موختار خوێندەواری نەبوو،
نووسراوەكەی موختارم بردە لای بەرپرسی حزبی
گەڕەك، گوتی: ئا دەی بۆم بخوێنەوە، بزانم موختار چی نووسیوە، دواتر بۆم دەركەوت
كاكی بەرپرسیش خوێندەواری نەبوو، دواتر كاكی بەرپرس فۆرمێكی دامێ و گوتی: بڕۆ پرسگە
پڕی بكەوە، كە سەیری فۆڕمەكەم كرد ئەو پرسیارانەی تێدا بوو، ناوی خۆت و باوك و باپیرت،
ناوی دایك و باوكی باپیری دایكت، بە ئەسڵ خەڵكی كوێی، ناوی باوك و باپیری دە لە
دراوسێكانی دەستەڕاست و دە لە دراوسێكانی دەستەچەپی ماڵەكەت، ڕەنگی پێست و درێژی
باڵات، حەز لە چ جۆرە خواردنێك دەكەی، دەنگی كام گۆرانیبێژت پێ خۆشە؟ میزاجی كوردەواریت
چۆنە، لایەنگری بەرشلۆنەی یان ڕیال مەدرید، حەز لە كام جۆری خواردن دەكەی؟ ماستی هەولێر
یان كفتەی سابوونكەران، لە دامە و تاوڵە و دۆمینە زیاتر حەزت لە كامیانە، ژمارە مۆبایلی
خۆت و خێزان و خەسوو و خەزوورت، بایەعەكەت ناوی چییە؟
تەواوكردنی مامەڵەی
دانانی مۆلیدە ساڵێك و دوو مانگی ویست، بەس ئەوەندە مابوو مۆلیدەكە بكڕم، ڕۆژێك پیاوێكی
كەتەی ورگ زل هاتە ماڵەكەم، گوتیان ئەو مۆلیدەیەی
دایدەنێیت نیوەی قازانجەكەی بۆ منە! گوتم بە چ هەقێك؟ گوتی: یاسایە، دیارە تۆ لە یاسای
مەملەكەت نازانی؟! منیش قبوڵم نەكرد و ئەو بگرە و بەردەیەش هەشت مانگی خایاند و بەوەش
مامەڵەی دانانی مۆلیدە بوو بە دوو ساڵ، لە میانەی ئەو دوو ساڵەشدا ئەو پارەیەی
داماننابوو بۆ كڕینی مۆلیدە، وردە وردە هەموومان خوارد و گوتم ئۆخەی لەكۆڵ ناسكەی
خێزانم و موختار و بەرپرس و گڕوهۆڕی مۆلیدە بوومەوە، بەڵام دوای ئەوە كێشەیەكی گەورەم
بۆ دروست بوو، چونكە پیاوە كەتەكە كەدواتر بووە حازرخۆری بەرسێبەر و شەریكەبەشم لە
مۆلیدە، پێی گوتم: ئیلا نیوەی قازانجی مۆلیدەكەم دەوێت؟! منیش پێم گوت: برا من مۆلیدەم
دانەناوە، قازانجی چیت بدەمێ؟ ناسكە لە مەترسی هەڕەشەی كابرای كەتە تێگەیشت و گوتی:
پیاوەكە چی دەوێت بە قسەی بكە، نەبادا دۆسیەیەكت لەسەر دروست بكات و بە زەبری
قانون بە (حوكمی حاكم) بتخاتە كونجی زیندان،
بەڵێ بیست ساڵە بەبێ ئەوەی مۆلیدەم دانابێت مانگانە بڕێك پارە دەدەمە كابرای كەتەو
كاڵەك خۆری بەرسێبەر.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی