هەموو دەزانین کردەی نەتەوەسازیی کردەیەکی هەم درێژخایەنە،
هەم پشوودرێژی دەوێ، بەڵام لەسەر هەمووییەوە دەبێ بە نەخشە و پلان بەڕێوەبچێت. لە
نێو ئەم پرۆسەیە "رەمزاندن" رۆڵێکی گەورە دەبینێ. بۆیە، رەمزییەتی ئەم
کارە هیچ گومانێکی تێدا نییە کە کارێکی پۆزەتیڤە،
راستە :
نەتەوەسازی پێویستی
بە رەمز هەیە، وەک ئاڵا، زمانی هاوبەش، بۆنە مێژوویی و هاوچەرخەکان، بەڵام بۆ ئەوەی
رەمز زیندووبێت، خاوەن دینامیکی خۆی بێت، دەبێ ئیش لەسەر ناوەڕۆکی نەتەوەسازی بکرێت.
بۆیە :
دەبوو هەموو ئەو لایانە بەشدار بوونایە کە ناوی پێشمەرگە
لە لایان پیرۆزە، هەروەها، لە رووی مەیدانییەوە، دەبوو لە ماوەی ئەم سی ساڵەی دوایی
لەشکرێکی نەتەوەیی دروستکرابا لە سەرووی حیزب و سیاسەت تاکو ناوی پێشمەرگە بەرجەستەی
ئیرادە و خەون کرابا، تەنها لەشکری ئەوهالە نیشتیمان دروست دەکات.
نەتەوە رۆحی میللەتە، حیزب تەنها ئاداتێکی راگوزەرە، دەگۆڕێت،
شیکل و فۆرمی جیا وەردەگرێت، پراگماتیکە، بەرنامەی دەسکاری دەکرێت، واتە لە نێو ئەم
ئیشکالییەتەدا حیزب/نەتەوە کار دەکات.
بۆ ئەوەی رەمز رۆ بچێتە رۆحی نەتەوەوە، دەبێ بکەرەکانی سیاسیی
بۆ ئاستیکی دیکە بەرزبنەوە، چاوپۆشی لە حیزب بکرێت لە پێناو بەردەوامی و دەیمومەدا.
ئەگەر شۆڕبینەوە بۆ هەموو وردەکارییەکان، ئەوجا تێدەگەین
چەند کەلێنمان لە پێش قوتدەبنەوە لە بواری پرۆسەی نەتەوەسازییدا. نەتەوە تەنها تەلارێک
نییە، لە دوورەوە جوان دیار بێت و بگەشێتەوە، دەبێ ناوەڕۆکەکەی بە وزە و ورە پڕ
بکرێتەوە.
ئایا نەبوونی دەیان تیپ بۆ شانۆ بۆ مۆسیقا، بۆ سەما، گەلەری
بۆ هونەر، هۆڵ بۆ سینەما، کۆڕ کۆڕبەندی جودا، نوقسانی نین لەم پرۆسەیە؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی