دەیان هەزار گەنج لە باشوری کوردستان دا هەن، لەو کەسە زۆر خوێندەوارتر و دڵسۆزتر و بەتواناتر و نیشتمانپەوەرترن، کەچی ژنە پارێزگارەکەی یەکێتیی، نازناوی "گەنجی نیشتمانیی"ی پێدەبەخشێت!
ئەی ئەو خانمەی بەهۆی ناعەدالەتیی حکومڕانیی کورییەوە، بویتە پارێزگار و رەنگە چوار لاپەڕەی مێژوت نەخوێندبێتەوە، دەمەوێت بەچەند دێڕێکی کورت پێتی بڵێم: ئەوانە گەنجی نیشتمانیی-ن، کە بەنەبونیی و دەردەسەریی، بڕوانامەی بەرزی خوێندنیان بەدەستهێنا و چەندین ساڵە پێیان رەوانابینرێت دابمەزرێن. ئەوانە گەنجی نیشتمانیی-ن، کە بەهۆی ناهەقیی و ناعەدالەتیی لە نیشتمانەکەیان دا، ناچاربون نیشتمان تەڵاقبدەن و ببنە خۆراکی نەهەنگ و قرشەکانی دەریاکان. ئەوانە گەنجی نیشتمانیی-ن، کە خۆیان و خانەوادەکانیان گەورەترین قوربانییان داوە و کەسێک ئاوڕیان لێناداتەوە. ئەوانە گەنجی نیشتمانیی-ن، کە زیانیان بەنیشتمانەکەیان نەگەیاندوە و نیشتمانیشیان بۆ کراوەتە دۆزەخ و تاڵاندەکرێت. ئەوانە گەنجی نیشتمان بون، کە لە تاوانە دڕندانەکانی ئەنفال و دواتریش کیمیابارانکردنی شارەکەتدا، خۆیان و خانەوادەکانیان گۆڕبزرکران. ئەوانە "گەنجی نیشتمانیی"بون، کە لە 17ی رەشی شوبات و رۆژانی دواتردا خەڵتانی خوێن کران. ئەوانە گەنجی نیشتمانیی بون؛ کە نیشتمانفرۆشان کارێکیان کرد، پێیانوابێت: "چیتر هیچ شتێ بەو نیشتمانەوە نایانبەستێتەوە؛ پێڵاوەکانیان نەبێت". ئەوانە گەنجی نیشتمانیی بون، کە گەنجێتییان بەخشیی بە نیشتمان، بەڵام نیشتمان ئێوەی تێدا هەڵتۆقیو ئەوانیشی سەرکز و بێ نیشتمان کرد.
خانم.. هێشتا زۆرت ماوە لە ناسنامەی "نیشتمانییبون" و "گەنجی نیشتمانیی" تێبگەیت، نەک ئەوەندە رو قایم بیت و بە گەنجێکی ببەخشیتەوە؛ کە نە سەنعەتێک دەزانێت و نە داهێنانێکی کردوە و نە مێژویەکی بۆ نیشتمان تۆمارکردوە و نە دڵۆپێک عارەقی رشتوە بۆ نیشتمان، کەچی لەسەر حسابی نیشتمان، سامانەکەی چەندین ملیارد دۆلارە.
ئێمە گەنجی نیشتمانیی بوین و کارێکتان کرد نیشتمان غەدر لەئێمە و کوڕ و کچە خێرلەخۆنەدیوەکانمان بکات.
عارەقی شەرمەزاریی دەڕێژم؛ کاتێ ژنەپارێزگاری شارێکی شەهید دەبینم، ئەم قسانە دەکات و مێژوی نیشتمانیبون لە گەنجەکانمان دەسێنێتەوە، دەبو هیچ نەبێت کەمێک رێزت لە گەنجە شەهیدەکانی شارە شەهیدەکەت بگرتایە، کە نەک هەر گەنجی نیشتمان بون، بەڵکو سونبولی قوربانیدان و غەدرو تاوان و ئازارەکانی نیشتمان بون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی