کۆمەڵگای کوردی، وەک قوربانییەکی بێدەنگ لە بەردەم قەیرانێکی
وجودی بێسنووردا ڕادوەستاوە. ئەم قەیرانە، وەک سیزیف لە بازنەیەکی خۆکوژیدا چەقی بەستووە
و ئیرادەی فیکری و بەرهەمهێنانی خۆی لە زۆنگاوی بێئاگایی و بێهیواییدا خنكاندووە.
ئەم دیمەنە، سەرەڕای تاڵییەکەی، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکی دەروونی و فیکریی قووڵە
کە ڕەگ و ڕیشەی لە چینی نەستی کۆمەڵایەتیدا داکوتاوە. ئەگەر سۆکرات نەزانینی خۆی بە
بنەمای مەعریفەت دەزانی، ئەوا ئێمە لە ژێر سێبەری نەزانی و خۆبەفێڕۆدانێکی ئیرادیدا
دەژین. ئەم بێئاگایی و خۆشباوەڕییە وەهمییە بە خۆناسینێک، وایکردووە کۆمەڵگا لەناو
تاریکیی گومان و تەمتوماندا خۆی ون بکات و، ناتوانێت ڕووناکیی مەعریفە و حەقیقەت
ببینێت. ئەمەش وەک ئەشکەوتە بەناوبانگەکەی ئەفلاتون وایە، مرۆڤەکان تەنها سێبەری
واقیع دەبینن و بە ڕاستیی دەزانن، لە کاتێکدا جەوهەری بوونیان و مافی ڕەسەنیان لێ
ون بووە. ئەمە قەیرانێکی مەعریفی بنەڕەتی بوونمانە
ئەمڕۆ کۆمەڵگای
کوردی لە جەنگێکی بێهودەدایە لەسەر بابەتی بچووک و ڕووکەش، لە کاتێکدایە کە بابەتی
چارەنووسسازەکانی وەک ژیریی دەستکرد، گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی ئاو، ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکان
و، لە هەمووشیان گرنگتر، سەربەخۆیی نیشتمانی، نەهێشتنی گەندەڵیی و ئابووریی ئازاد،
هەموو ئەمانە فەرامۆشکراون. گای دێبۆرد لە کۆمەڵگای نمایشدا دەڵێت: لە جیهانی مۆدێرندا،
بوون جێگەی خۆی داوە بە دەرکەوتن. ژان بۆدریار
یش دەڵێت: لە جیهانی لاساییکردنەوە و سیمیولاکرا دا دەژین، تیایدا وێنە و هێماکان
لە خودی واقیع ڕاستەقینەتر دەنوێنن. ئەم فەزایە شێواوە، تاک و کۆمەڵگا لەناو وێنەی
ساختە و خودی ونبوودا گیری خواردووە، کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئاوێنەی ڕاستی و
دوورکەوتنەوە لە جەوهەری بوونی خۆمان.
ئەم کارەساتە
تەنها بە نەزانین و پووچیدا کۆتایی نایەت، بەڵکو دەگاتە لەناوبردنی ڕیشەی پێوەندییە
کۆمەڵایەتییەکان، کە بنەمای هەر کۆمەڵگایەکی تەندروستە. کاتێک کۆمەڵگا لە ڕووی مەعریفییەوە
دەپووکێتەوە، لە ڕووی ئەخلاقیشەوە دادەڕووخێت. بوختان و درۆ هەڵبەستن و شکاندنی کەسایەتی
یەکدی، لە ئێستادا بوونەتە نۆرمێکی قبووڵکراو، ئەمەش نیشانەی قەیرانێکی قووڵی
متمانەیە و دەبێتە هۆی لێکهەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی.
کۆمەڵگای کوردی،
لەمڕۆدا بێ سەر و پەرش و بڵاو و ونبووە. وەک جەستەیەکی گەورە بێ سەر وایە، جوولە دەکات
بەڵام بێ ئاراستەیە، وزەی هەیە بەڵام بێ ئامانجە. چارەنووسی ئێمە لەنێوان ڕابردوویەکی
پڕ لە برین و ئایندەیەکی لێڵ و تاریكدا گیری خواردووە. سەرکردەی ڕاستەقینە لە بۆشاییدا
دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمی ژینگەیەکی فیکری و مەعریفەی بەپیتە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا،
ئەو خاکە وشکبووە و ژەهراوییە. هۆکارەکەشی نەبوونی سێکوچکەی گەشەپێدانی فیکرییە: نەبوونی
ڕۆشنبیریی چالاک، نەبوونی زانستیی زانکۆیی و، نەبوونی کۆمەڵگایەکی تێکۆشەری یەکگرتوو.
ئەمە ڕەنگدانەوەی ئانۆمی دۆرکهایمە و لەگەڵ شیکردنەوەکانی ماکس ڤێبەر بۆ دەسەڵاتی
نەریتی و دەسەڵاتی کاریزمایی دەگونجێت، نەک ئەقڵانی-یاسایی.
دۆخی کۆمەڵگای
کوردی، بەرەو هەڵوەشانەوە، یان لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە. ئەمە قسەیەکی سادە نییە،
بەڵکو گوزارشتە لە قەیرانێکی سیستەماتیک کە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە. کاتێک
کۆمەڵگا بەهاکانی خۆی لەدەستدەدات و نوخبەکەی دابەش دەبێت و ناتوانێت یەکبگرێت، بنەماو
بونیادە کۆمەڵایەتییەکان هەڵدەوەشێنەوە. لەم نێوەندەدا، درێژەدان بە کات فریای
نوخبە حەقیقییەکان ناکەوێت، تەنیا بۆ ئەو نوخبە ساختەیە باشە، کە هیچ پێوەندییان بە
نیشتمان و ئەخلاق و نەتەوەو بەهاکانەوە نییە. ئەمە گوزارشتێکی ترسناکە بۆ ئەو ڕاستییەی
کە سستی و بێدەنگی نوخبەی ڕاستەقینە، تەنیا دەرفەتێکی زیاتر دەداتە نوخبەی ساختە بۆ
قووڵکردنەوەی جێگەی خۆیان و لەناوبردنی تەواوی بەها کۆمەڵایەتییەکان. ئەمە وەک
کاتژمێرێک دەمێنێتەوە کە بۆ نوخبەی ساختە کاتێکی گونجاوە بۆ بەردەوامبوون لە تاڵانکردن
و گەندەڵیی و بێ بەهاکردنی کۆمەڵگا، لە کاتێکدا کات بۆ نوخبەی ڕاستەقینە بە پێچەوانەوە،
بەرەو تێکشکانی زیاتریان دەبات و هیواکان دەکوژێت.
فەیلەسووف و مێژوونووسی
یۆنانی، توسیدیدێس، لە کتێبی مێژووی جەنگی پەلۆپۆنێسدا، باس لە چۆنێتی هەڵوەشانەوەی
بەهاکان لە کاتی قەیران و جەنگدا دەکات و دەڵێت: وشە واتای خۆی لەدەستدەدات و بەهاکان
پێچەوانە دەبنەوە. گەرچی لێرەدا جەنگێکی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو قەیرانێکی قووڵی
ناوخۆیی و ڕەوشتی هەیە کە بە شێوەیەکی سیمبولێک، هەمان ئەو لێکەوتانەی هەیە. کاتێک
وشە، کە ئامرازی سەرەکیی تێگەیشتن و پێوەندییە، واتای خۆی لەدەستدەدات و بەهاکان پێچەوانە
دەبنەوە، ئەوا کۆمەڵگا بەرەو دۆخێک دەچێت کە تێیدا ڕزگاربوون لێی زۆر قورس دەبێت.
ئەمە دەبێتە هۆی نەمانی متمانە، بڵاوبوونەوەی گومان و لە ئەنجامدا، هەڵوەشانەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتی.
کۆمەڵگای کوردی
لەسەر لێواری مێژوو وەستاوە. دەتوانیت لەناو ئەم چوارچێوە ژەنگاوییەدا بمێنێتەوە
تا بەتەواوی دەپووکێتەوە، کە ئێستا لەناو پووكانەوەیەکی زۆر ترسناكدایە. یان دەتوانێت
بە ئازایەتییەوە چەکوشێک هەڵبگریت و ئەم چوارچێوەیە بشکێنیت. ئەمە پێویستی بە قارەمان
و فریادڕەس هەیە، ئەنجامدانیشی ئەفسانە نییە، بەڵام پێویستی بە بڕیارێکی بە کۆمەڵ
هەیە، بە ئیرادەی گشتی ی ڕۆسۆ. ڕێگاکە سەخت و درێژە، بەڵام ڕوونە. وەک ئەلبێر کامۆ
لە ئەفسانەی سیزیفدا دەڵێت: خودی تێکۆشانەکە بۆ گەیشتن بە لووتکە، بەسە بۆ پڕکردنەوەی
دڵی مرۆڤ. ئێمە دەبێت سیزیفی سەردەمی خۆمان بین. چارەنووسی ئێمە لە دەستی خۆماندایە
یان قبووڵکردنی نەفرەتی سیزیف، یان گۆڕینی بۆ هیممەتی مرۆڤێکی یاخی و ئازاد.
مێژوو پڕە لە
نموونەی ئەو نەتەوانەی کە لە ساتەکانی قەیراندا، بەهۆی سەرکردەیەکی ڕاستەقینەوە ڕزگاریان
بووە. لە پۆڵەندا و تورکیاوە تا ئەفریقای باشوور و سەنگافوورە، لەوێوەش بۆ ڕواندا
و ئیستۆنیا، هەموو ئەم وڵاتانە لەنێو زۆنگاوی پەرش و بڵاوی و نەزانی و ترسدا چەقیان
بەستبوو، بەڵام بە ئیرادەیەکی قووڵ، توانیان قەدەر بنووسنەوە. ئەم نموونانە یەک
شتمان پێدەڵێن: گۆڕانکاریی ڕاستەقینە کاتێک ڕوودەدات کە نوخبەیەکی نوێی بیرکەرەوە،
بە وشیاری و بوێرییەوە، بڕیاری وەلانانی ئەقڵییەتی کۆن و داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی نوێ
دەدەن، کە بریتییە لە ئیرادەی بەرزڕاگرتنی نەتەوەو نیشتمان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی