لەبارەی پەلامارەکانی ئیسرائیلەوە!

10/09/2025

بەهرۆز ڕەئوف

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر لەڕۆژی 9/9 کە یەکێکە لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا،دەکرێت بەسەرکێشیەکی گەورە هەژماری بکەین،ئەوهێرشە چاوەڕوان نەکراوە بۆ سەر وڵاتی قەتەر بەبیانووی بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەمماس،دەرخەری ئەوەیە کە ئیسرائیل ئاشتی ناوێت و ئامانجی تێکدانی دانوستانەکان و لە نێوبرنی غەززەیە.

ئیسرائیل لەماوەی24 کاتژمێردا بۆردوومانی پێنج وڵاتی عەرەبی و نزیک و دراوسێی خۆی کردووە کەهەریەکە لە(لوبنان ، سوریا ، غەززەی فەڵەستین، یەمەن، قەتەر) ە،ئەم هێرش و پەلامارە بێ سنورانە پێمان دەڵێت ئیسرائیل ئەوەی دراوسێ و نزیکیێتی دەبێت بریتی بێت لەوڵاتێکی پارچەپارچەو  بێ هێزو لاواز،هەتا بتوانێت بەسەریدا زاڵبێت،واتە وڵاتێکی بەهێز و یەکگرتوی قبوڵ نییە،نەبادا سبەی ببێتە خاوەنی هەڵوێستێکی بەهێز لەبەرامبەری

نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەپرسی یەکلایی کردنەوەی مەلەفی غەززە و پرسەکانی تری ناوچەکە پێی وایە ڕێگایەکی دوور و درێژی لەبەردەمدایە و بەبێ سڵەمینەوە،ئاسمان و زەوی هەرێمایەتی بەکاردێنێت،هەتا تەواوکردنی پرۆژەکەی کە خۆی دەڵێت ئیسرائیلی گەوره ولەپێناو ئامانجەکانی خۆی و ئەمریکاش لەڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وچانی نییە.

ئەوەی ئیسرائیل لەمڕۆدا پێشانی ناوچەکەی دەدات بریتیە لە ئیسرائیلێکی لوت بەرزو لەخۆبایی و چیتر نایەوێت مەرج و خواستەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دەوربەردا بەسانایی و لەسەر بنەمای پەیوەندییەکانی جێکەوت بکات بەڵکو دەبێت لەڕێی تواناو هێزی خۆی و چۆکدانانی بەرامبەرەکەی بێت،بەواتایەکی تر،ئیسرائیل ستراتیجی بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەدۆستایەتی و پێکەوە ژیانی گەلانی وڵاتە جیاوازەکانی دەوربەرێوە گۆڕیوە بۆ ستراتیژی چارەسەکردنی ناکۆکییەکان و نەهێشتنی ئەوانەی نەیارین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی