سەر لە بەیانی ڕۆژی
١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، چوار گروپی سەر بە ڕێکخراوی توندئاژۆی ئیسلامی لە ڕێکخراوی چەکداری
"القاعدە" کە لە لایەن "ئوسامە بن لادێن" سەرمایەداری بە
ناوبانگی سعودی سەرۆکایەتی دەکرا و لە ئەفغانستان خۆی شاردبووە و لە 19 کەس پێکهاتبوون
(پانزدە سعوودی ، دوو ئێمارەتی، یەک لوبنانی و یەک میسڕی)، دەستیان بە سەر چوار فڕۆکەی
نەفەرهەڵگر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرت و هێرشێکی خۆکوژیان بە کەڵک وەرگرتن
لە خەڵکی مەدەنی ، بارمتەگیراو لە نێو فرۆکەکان و لە ئاسمانەوە کەردە سەر چەند ناوەندی
گرینگ لەو وڵاتە . دوو لەو فڕۆکانە هەردوو باڵەخانەی ناوەندی بازرگانیی جیهانییان
لە شاری "نیویۆرک" کە بە سیمبولی بازرگانی بازاری ئازاد لە جیهان پێناسە
دەکران کردە ئامانج. فڕۆکەی سێیەمیش بینای پنتاگۆن(وەزارەتی بەرگری ئەمریکا)ی لە دەرەوەی
"واشنگتۆن دی سی " کردە ئامانج. فڕۆکەی چوارەم کە بەرەو ویلایەتی "
پەنسڵڤانیا" بەڕێوە بوو ، پێش گەیشتن بە ئامانجەکەی لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریکاوە
خرایە خوارەوە و هەموو سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.
دەوترێت لەو
تاوان و کارەساتەدا دژی مرۆڤیەدا، زیاتر لە ٣٠٠٠هەزار کەس خەڵکی ئاسایی لە نێو فڕوکەکان
و لە تاوەرەکان، گیان لە دەست دا . بە پێی هەواڵی ئاژانسی "ڕۆیتێرز" لە
ساڵی ٢٠١٩، زیاتر لە ١٩هەزار کەسیش بریندار بوون کە لە شارۆمەندی ٩٠ وڵاتی جیهان پێک
هاتبوون و سەرجەمیان بوون بە قوربانی دەستی گروپەتە تاوانبارە توندئاژۆ ئیسلامیەکان.
ڕووداوی ١١ سێپتەمبری ٢٠٠١ بە گەورەتری ڕووداو و کارەساتی تیرۆریستی مێژووی ئەمریکا
دێتە ئەژمار.
٢٤ سال پاش ئەم ڕووداوە هێشتا زۆر کەڵێن و
قوژبنی ئەم کارەساتە بۆ لێکۆڵەوەران و شارەزایانی سیاسی و باری ئەمنی ناڕۆشن و لێڵە
و دەزگا ئەمنیەکان و بەرپرسانی ئەسڵی ئەمریکاش هەموو ڕاستی و هەقیقەتەکان لە پێش
چاوی بیرورای خەڵکی ئەو وڵاتە و جیهان ئاشکرا ناکەن. زۆر یەک لە لێکۆڵەوەران لە هەوڵدان
ڕاستیەکان ئاشکرا کەن ، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون و هەقیقەتیان پێ ناوترێت.
ئاکام و لێکۆڵینەوەکان
هەرچی بێت ، ئەم ڕووداوە پیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی ئەمریکا و جیهانی بردە ئاستێکی
دیکە .پاش ڕووداوەکە ، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئەمریکا "جۆرج دەبلیۆ بوش" هەڕەشی توندی کرد
و بێجگە لە ئەفغانستان کە ئەو کات "القاعدە " و " طالبان"ی لێ
جێگیر بوون ، چەند وڵاتی دیکەی ، لەوانە "عێراق ، ئێران و لیبی" وەک
"مێحورەی شەر" ڕاگەیاند و دواتر ئاکامی ئەو ئاماژە پێکردنمان بینی. پاش ڕووداوی
١١ سپتامبر ئەمریکا شەری لە دژی "تیرۆریزم" ڕاگەیاند و شەڕ و توندوتیژیەکان
گێیشتنە بەرزترین ئاستی خۆی.
لەدوای ڕووداوی
١١ سێپتەمبەر ئەمرێکا خوازیاری تسلیمکردنی "ئوسامەبن لادن"سەرۆکی
"القاعدە" و داخستنی پێگە و شوێنی چالاکی عسکەری ئەم گرووپە توندئاژۆ ئیسلامیە
لە دەسەڵاتدارانی "تاڵیبان" بوو. بەڵام "تاڵیبان " ئەو
داواکاریی ڕد کردەوە. نە "بن لادن"ی تەسلیمکرد و نە ناوەندە نیزامیەکانی
سەر بەو تاقمەیشی داخست.
ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبری
٢٠٠١ ئەمریکا و بریتانیا بە بێ گەرانەوە بۆ بریاری "شورای ئەمنیەت و نەتەوە یەکگرتووەکان"
پەلاماری نیزامی سەر مۆڵکە و ناوەندە چەکداریەکانی "القاعدە " و
"تاڵیبان" لە ئەفغانستان دەستپێکرد. لە لایەکی دیکەیشەوە هێزەکانی
"موجاهدی" دژ بە "تالیبان" و "القاعیدە" بە هاوکاری
ئەمریکا لە باکوری ئەو وڵاتە دەستیان بە پێشرەوی کرد و پاش دەست بە سەرا گرتنی
"مەزارشەریف" لە ٩ی نوامبری ئەو ساڵە، بەرەو "کابۆل" پێتەختی
ئەفغانستان پێشرەوییان کرد و لە ڕۆژی ١٣ نوامبر ئەو شارەشیان گرت و هێزەکانی
"تالیبان" و "القاعدە" بەرەو سنوورەکانی پاکستان و خاکی ئەو وڵاتە
هەڵهاتن. ساڵی ٢٠٠٢یش شەری قورس لە کێوەکانی "تۆرابۆرا" کە چەکدارانی
"القاعدە" کردبوویان بە مۆڵگەی خۆیان ڕوویدا و لەویش تێکشان و ئەو ناوچەشیان
پێ چۆڵکرا.
سەرئەنجام بەرپرسی
یەکەمی گروپی تاوانبار و قاتڵی "القاعدە" و بریاردەری سەرەکی ڕووداوی ١١
سێپتەمبەری ٢٠٠١ و زۆر تاوانی دیکە "ئوسامە بن لادن" ڕۆژی ١ی مانگی مەی ٢٠١١ ، دەساڵ پاش کارەساتی ١١ سێپتەمبەر
٢٠٠١ بە بریاری سەروک کۆماری ئەو کاتی ئەمریکا " ئوباما " لە ناوچەی
"جەرۆنیمۆ" لە وڵاتی پاکستان لە حەشارگەیەکی تایبەتی کە خۆی تێدا شاردبوەوە
کوژرا. هێزەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە تەرمی "بن لادن" خراوەتە زەریا
و ئاسەواری نەماوە . بە کوژرانی "بن لادن" فایلی یەکێک لە گەورە
تاوانبارانی سەدەی ٢٠ و دەستپێکی سەدی ٢١ بۆ هەمیشە بەسرا و کۆتایی پێهات.
بەڵام ، فایلی تیرۆر،
ڕەشەکوژی، جینایەتی دەوڵەتی ، بوونی بونیادگرایی ئاینی ، چ ئیسلامی و چ یهوودی لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست ، نە تەنیا کۆتایی نەهات، بەڵکوو پاش ڕووخانی دەوڵەتی فاشیستی بەعس لە ساڵی
٢٠٠٣ لە لایەن ئەرتەشی ئەمریکا و هاوپیمانانی و بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لەو وڵاتە
و پاشان دەستپێکی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە و هێزبوونی ڕەوتی بونیادگرایی ئیسلامی شیعە
و سونە ، بە دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران و گروپە نیابەتیەکانی، تورکییە و دەوڵەتانی
سوننە وەک سعودییە ، قەتەر و .... لە دژی ئێران ، و دواتر دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی
"عێراق و شام "(داعش) لە سەر دەستی تورکییە و پشتیوانی دەوڵەتانی سوننە
و تاوانە دڕەندەکانیان لە عێراق و سورییە و بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، هەلومەرجی
ناوچەکەی ڕۆژبەڕۆژ بەرەو قەیران و لێکترازان چوو. سەرئەنجام پەلاماری ٧ی ئوکتوبر لە
لایەن گروپی بونیادگرا و تاوانباری "حماس" بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە ئیسرائیل
و قەتلی عامیان و پاشان پەلاماری دڕەندانەی دەوڵەتی ڕەگەزپەرەستی ئیسرائیل بۆ سەر
خەڵکی مەدەنی لە باریکەی "غەزە" لە فەلەستین ( مەبەست هەڵوێستە کردن لە
شەری ئیسرائیل و حماس نییە کە هەر دوولام پێ تاوانبارە) ، بەشێک لەو تاوانە دژی مرۆڤی
و قیزەونانن کە جیا لە گروپە توندروە ئایینیەکان، دەستی دەوڵەتانی زلهێزی جیهانی وەک
ئەمریکا و بریتانیا و دەوڵەتانی قاتڵ و مروڤ کوژی وەک ئێران ، تورکییە ، سعودییە و
ئیسرائیلی تێدایە و بە خۆینی خەڵکی ئەم ناوچە سوورە.
١١ سێپتەمبەر سیمای جیهانی گۆری ، بەڵام گۆرینێکی
پڕ لە کارەسات و تاوان دژی بە مرۆڤایەتی و ژینگە و گەرانەوە بۆ ڕابردووی ڕەش. ڕووداوەکانی
چەند دەیی کۆتایی سەدەی ٢٠ بە تایبەت پاش ڕووخانی دیواری "برلین" و هەرس
هێنانی سەرمایەداری دەوڵەتی بە ناوی "سوسیالیزمی مەوجود" یان "بلوکی
شەرق" و سەرمەستی "کۆتایی مێژوو" و جیهانی "یەک جەمسەری"
کە ساویلەکانە جاڕی بۆ لێدەدرا و هەر وەها ٢٥ساڵی ڕابردووی سەدەی ٢١، چ کارسات گەلێکی
مرۆڤی و ژینگەیی لە کەوتووەتە و جیهان بەرەو چ ئاقار و تونێلێکی تاریک لە لایەن سەرمایەداری
نئولیبراڵ بە سەرۆکایەتی کەسانی وەک "ترامپ" ، "پۆتین" ، ئەرۆغان
، خامنەای ، ناتانیاهؤ ، بردەوە و دەبرێت و چ داهاتوویەکی لێڵیان لە پێش پای کۆمەڵگا
داناوە.
بەڵام، لە دەڵی
ئەو تاریکستانە ،هێشتا هیوا و ئومێد بۆ مرۆڤی داهێنەر و ئالوگۆر پێکهێنەر، تسلیمی
قەزاوقەدەر و چارەنووسی نادیارنەبوون، هەیە. هۆشیاری، هەوڵ بۆ خۆ ڕیکخستن و هەوڵی
فکری و کرداری بۆ ئالوگۆری سیاسی ، کۆمەڵایەتی و خۆ ڕزگار کردن لە دەسەڵاتی تاکڕەو
، سەرەڕۆ، ئەو ڕێگاو ڕێبازەیە کە بەرەی ئازادیخواز، چەپ و سکۆلار ، پێویستە ڕەچاوی
کات و بە سەر مەقسەدی هیواکانمان بگەیەنێ .
١١ی سێپتەمبەری
٢٠٢٥
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی