پەروەردەی نەزۆک.. زیندانی سەرۆک

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

پەروەردە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەوە هەیە ، لوکسێکی زانستی و مەعریفی نیە ، بەقەدەر ئەوەی مەرجێکی بونیادیە لە بەدەستهێنانی کۆمەڵگایەکی هاوسەنگدا، ( ڤیکتۆرهۆگۆ ) لە وتەیەکدا زۆر جوان و بە چڕی ئەم پەیوەندیە دەخاتە ڕوو کاتێک دەڵێت : ئەو کۆمەڵگایەی کەمتر لە بواری پەروەردەدا خەرج بکات ، ناچاردەبێت زیاتر لە زیندانەکان خەرج بکات . ئەم بۆچونە پەنجەرەیەک بەسەر تێڕوانینی فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا دەخاتە سەرپشت ، لە کاتێکدا نەزانی و هەژاری و تاوان لە لایەک وڕێکخستنەوەی بژاردەکانی دەوڵەت لە دانانی ئەولەویەتەکانیدا، لە لایەکی دیکەوە بە توندی لەگەڵ یەکتردا بەریەک دەکەون . چونکە شڕۆڤەیەکی سادەی سۆسیۆلۆژی پێمان دەڵێ ، پشتگوێخستنی پەروەردە بەتەنها تاک و کۆمەڵگە لە زانین و مەعریفە دانابڕێ ، بەڵکو دەروازەکان بەڕووی هەژاری و بێکاری و قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکاتەوە ، ئەمەش ژینگەیەکی لەبارە بۆ دزی و گەندەڵی و تاوان و گرتنەبەری ڕێکاری نا ئەخلاقی و نا ڕەوا لە پێناو مانەوەدا ، لە دۆخێکی ئاوهادا دەوڵەت ناچارە بوجەیەکی زەبەلاح لە بنیاتنانی زیندانەکان و دامو دەزگای پۆلیس و ئاسایش و دادگاکاندا بخاتە گەڕ، لە کاتێکدا ئەمە تەنها شاردنەوەی نیشانەکانە نەک چارەسەری ڕیشەیی ، یان لە باشترین حاڵەتدا پرۆسەی چارەسەرە لە دەرئەنجامەکانەوە ، نەک بنبڕکردنی هۆکارەکان . بۆیە پەروەردە وەبەرهێنانی پێشوەختەی خۆپارێزیە ، تێچوی چارەسەری قەیرانەکان و لادانە کۆمەڵایەتیەکان زۆر کەم دەکاتەوە .

ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسی زۆر جار ، بە مەرامی پاراستنی پێگەو کورسیەکەی ، بە بەرنامە کار بۆ لە کارخستن و بێبایەخکردنی پرسی پەروەردە دەکات ، یان لانیکەم هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ ، لە پێناو بەلاڕێدابردنی پەروەردە و ئاراستەکردنی ، بە ئاقاری بەرژەوەندی تایبەتی دەستەبژێرێکی خۆ سەپێندا . هەربۆیە هەمیشە دیکتاتۆرەکان ئەوەندەی بایەخ بە زیندانەکان و دامودەزگا ئەمنیەکان دەدەن ،هەرگیز بایەخ بە خوێندنگاکان نادەن ، لێرەوە ئیتر پەروەردە لە پەراوێزی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتدا خۆی دەبینێتەوە ، دەڵێن کاتی خۆی پاشایەک بەیاوەری وەزیری کار سەردانی باخچەیەکی منداڵان دەکات ، پاشا لە وەزیرەکەی دەپرسێت تێچوی خواردنی منداڵێکی باخچە چەندە ؟ وەڵام چوارسەد دۆلار ، پاشا زۆرە بیکەن بە سێ سەد ، دوایی سەردانی گرتوخانەیەک دەکەن بەهەمان شێوە دەپرسێت ، تێچوی خواردنی مانگانەی زیندانیەک چەندە ؟ وەزیر قوربان  پێنج سەد دۆلار ، پاشا کەمە بیکەن بە هەزار دۆلار ، جەنابی وەزیر سەرسام دەبێت بەو داوایەی پاشا ، بۆیە خۆی پێناگیرێ و دەپرسێت گەورەم بۆ ؟ پاشا دەڵێت : تۆ پێت وایە دوای تەواوبونی ماوەی حوکومڕانی یان لە کار لادانمان دەمانبەن بۆ کوێ ؟ بۆخوێندنگەو باخچەی منداڵان یان بۆ زیندان . 

ئەم چیرۆکە لۆژیکی دەسەڵاتی ستەمکارانە دەخاتە ڕوو ، لۆژیکێک بە پێویستی دەزانێ وەبەرهێنان لە دامودەزگاکانی پۆلیس و زیندان و سزاداندا بکات لەبری پەروەردە ، جونکە وەک تاوانبارێک لە کۆتایدا زیندان بە چارەنوسی خۆی دەزانێ ، ئەمەش ئاماژەی قەیرانێکی قوڵی تێگەیشتنی دەوڵەتە ، لە ئەرکەکانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان لە سایەی دەستەبژێری خۆسەپێنی دەسەڵاتخوازدا . 

ئەگەرچی ئەم تێگەیشتنەی هۆگۆ ، لەگەڵ تێزەکەی ( فۆکۆ) لە یەکتربڕێکدا بە توندی بەریەک دەکەون ، چونکە فۆکۆ پێیوایە دەوڵەتی نوێ سیستەمی سزادانەکەی لەسەر میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردن و دیسپلینی کۆمەڵایەتی بنیات دەنێت ، لەبری ئەوەی سەرمایە گوزاری بکات لە لادانی ئەو مەرجە بونیادیانەی تاوان بەرهەم دەهێنن ، یان بنبڕکردنی هۆکارگەلی ئەنجامدانی تاوان . هەروەها ئەم تێزە لەگەڵ ( پیێر بۆردیۆ ) دا یەکدەگرێتەوە، سەبارەت بە بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی نایەکسانی ، کاتێک جەخت لەوە دەکاتەوە فەرامۆشکردنی پەروەردە جیاوازی چینایەتی قوڵترو درێژتر دەکاتەوە ، هەژاری دەکاتە میکانیزمێک بەردەوام خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە لە نێو نەوەکاندا . 

لە کۆتایدا ئەم هاوکێشە لە فۆڕمێکی مەترسیداردا ، لە سایەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی دەستەبژێرێکی سیاسی ، لە هەرێمی کوردوستاندا خۆی نمایش دەکات ، ئەگەرچی چەندین ساڵە ئەم حکومەتە بەبێ بونی بوجەی نیشتمانی ، تەنها بەپێی ئیجتیهادو دەسەڵاتی ڕەهای تاکڕەوانەی خۆی ، بێ چاودێری و لێپرسینەوە میزانیە دابەشدەکات بەسەر سێکتەرەکاندا ، بەڵام ئاشکرایە چ بوجەیەکی زەبەلاح ، بۆ دامودەزگاکانی پۆلیس وئاسایش و دادگا وزیندانەکان خەرج دەکرێ ، بۆ نمونە تەنها لە سلکی دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی پۆلیس ، لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە ، بۆ پۆلیسی فریاکەوتن ، پۆلیسی بەرگری شارستانی ، پۆلیسی هاتوچۆ ، پۆلیسی ئاداب ، پۆلیسی ئاو کارەبا ، پۆلیسی ژینگەو باخچەکان ، پۆلیسی خەستەخانەو مزگەوتەکان ، پۆلیسی نەهێشتنی زیادەڕۆیی ، پۆلیسی نەوت و غاز،  پۆلیسی بازگەو سنورەکان ، پۆلیسی دارستانەکان ، پۆلیسی زیندانەکان ، پۆلیسی مەدەنی و پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە ، پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی پیادەو سوارە ، پۆلیسی پاراستنی بەرپرس و دامودەزگاکان ، پۆلیسی گەشتوگوزار، پۆلیسی ماددەهۆشبەرەکان ، پۆلیسی چەم و ڕوبارەکان ، پۆلیسی ژنان و نەوجەوانان ، پۆلیسی زانکۆو پەیمانگاکان و پۆلیسی بۆنەو ئاهەنگ و شانۆو سینەماو کچە مۆدێل و گوندی غەرامیات و…  تا دەگاتە پۆلیسی خەو خەیاڵ ، پۆلیسی ڕابردو ئێستاو ئایندەو پۆلیسی مادی و مەعنەوی ، پۆلیسی ئەرزو ئاسمان و دونیاو قیامەت . لەبەرامبەر خەرجی پەروەردەو توێژینەوەی زانستیدا ، ئەم نا هاوسەنگیە بەتەنها بێکاری و هەژاری بڵاو ناکاتەوە و بەرهەم ناهێنێ ، بەڵکو هاوڵاتیەکی شەکەت و لاوازو بێئومێد و تێکشکاوی نا هۆشیار بەرهەم دەهێنێ ، یان پەنا بۆ توندوتیژی و توندڕەوی یان کۆچ و سەرهەڵگرتن یان دزی و گەندەڵی و تاوان دەبات ، وەکو بژاردەی مانەوە ، لێرەوە زیندانەکان زیاتر دەبن بە سیمبولی شکستی حکومەت ، لە بنیاتنانی مرۆڤی ئازادی خاوەن ئیرادەو کەرامەت و هۆشیاردا ، لەبری ئەوەی ببن بە دەزگایەک بۆ سزادان و دوبارە ڕاهێنانەوەی لادەران و تاوانباران ، لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا . دەکرێ بڵێین پەیوەندی پەروەردەو زیندان فۆڕمێکی پارادۆکسی لە خۆ دەگرێ ، تا خوێندنگەیەک زیاتر بنیات بنێین ، دەرگای زیندانێک پێوەدەدەین و دیواری بەندیخانەیەک دەڕوخێنین ، بە پێچەوانەشەوە هەر دینارێک لە پەروەردە گل بدەینەوە ، بەبیانوی لابەلاو تەقەشوف ، لەوسەرەوە چەندان هەزاردۆلار، دەبێت بخەینە سەر خەرجی سزای لادەرو تاوانباران و مووچەو بوجەی پۆلیسی جۆراوجۆر . مەسەلەی پەروەردە تەنها پەیوەست نیە بە وەزارەتێک ، بەڵکو پڕۆژەیەکی وجودیە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی ، بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە نەوەیەکی تەندروست و هۆشیار بۆ ئایندە ، بەڵام بەردەوامی پڕۆژەی دەسەڵات ، لە وەبەرهێنانی نا هاوسەنگی نێوان هاوکێشەی سزا لەبری پەروەردە و بنیاتنان ، لە کۆتایدا دەسەڵاتداران دەگەیەنێ بە زیندان وەک چۆن پاشا پێشبینی دەکرد ، نەوەیەکی تێکشکاوی بزرو کۆمەڵگەیەکی هەژاری ڕۆچوو لە قەیران و نەزانین بەرهەمدەهێنێ .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی