لە سەرەتای رزگاری هەرێمی کوردوستانەوە نوسەران و رۆشنبیران بونە قەڵغانی دەرخستنی راستیەکان و دەنگی شەقام و دەسەڵاتێکی راستەقینەی چوارەم بەسەر دەسەڵاتی حوکمراندا ، هەرچەندە لەو کاتەوە ئەوانیش بەش بوون بەسەر حیزبەکان و بێلایەنەکان بەڵام هەرچۆن بێت بەشێک مابون دەیانتوانی راستییەکان بڵێن و دەست بخەنە سەر برینەکان و چارەکان بخەنە روو .
ئەمرۆ دوای تێپەر بوونی چارەکە سەدەیەک بەسەر حوکمرانی فیدراڵی هەرێمدا ، لە دوای ئەو هەموو شکست ونوشست و دەردەسەریانەی بەسەر کوردستاندا هاتووە جیا لە جاران بەشێک لە نوسەران دەنگیان نەماوە و کاریگەریان نییە لەسەر روداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان.
بە شێوەیەک لە پاڵ کایە سیاسیەکان کایەکانی دی کۆمەڵگاشیان وونکردوە ، هەندێک لە نوسەران و رۆشنبیران کەوتونەتە دۆخی سڕ بوون یان بێهیوا بون یان ترس یان تەسلیم بوون ، لە ئێستا بەشێکی نوسەرەکان و رۆشنبیران بەسەر ئەم بەشانەدا دابەش بوون کە رەشبین و بێهیوان ، هەرچی بێدەنگی ئەو کۆمەڵە رۆشنبیر و نوسەرانەیە بە دڵنیای لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە نادیموکراسیەکانە لە بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتانەیە کە ئامانجیان ماشینەوەی سامانەکانی نیشتیمانە بۆ خۆیان ، لە پاڵ بێدەنگی جەماوەر و کپ بونیان .
بەشێک لە بێ هیوا بونی خەڵک دەگەرێتەوە بۆ ئەزمونەکانی پێشوو لە خۆپیشاندان و مانگرتن و چالاکی جۆرا و جۆر ، کە سودیکێان لێ نە بینی بۆ باشترکردنی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک ، بە پێچەوانەوە رۆژ لە دوای رۆژ مەوداکانی دیموکراسی و دادپەروەری و یاسای کەمتر دەبێتەوە ، بەشێکی بۆ نەبونی متمانەیە بە یەکدی بە شێوەیەک هەر حیزبەو کۆمەڵێک لە نوسەر و رۆشنبیری لەپاڵ خۆیدا کڕ کردوە و تەنها بۆی هەیە بە بەژن و باڵای حیزبەکەیدا بڵێت ئەمە حیزبە ئۆپۆزسێۆنەکانیش دەگرێتەوە ، کۆمەڵێکی دی بێهوا بون و بێدەنگ بوون کەمینەیەکیش بەردەوامن و خەبات دەکەن و کۆڵنادەن ، کار وا بروات سەرنجام هەموان بێدەنگ دەبن و تەنانەت بشنوسن یان بڵێن ئەو کات کاریگەریان نامێنێ ئەگەر لە ئێستاوە رێگا چارەیەک دیاری نەکرێت بۆ بەردەوامی و گەشەکردن .
نەمانی یان کەمبونەوەی پشتیوانی نێو دەوڵاتی بۆ دیموکراسی و ئازادی رادەربرین و دەرخستنی راستیەکانیش بەشێکی دی ئەم کێشە گەورەیە کە ئەمرۆ رۆشنبیران تێی کەوتون کە رەنگە ئەوانیش لە پێداچونەوەی مێژو ئەزمونە کۆنەکانیانەوە لەگەل هەرێمدا بێ هیوا بوون لە هوشیار بونەوەی خەڵک و ئاگای جەماوەر یا خود لەوانەیە بێهیوا بوو بون لە باشی و راستی کەمینەیەک لە نوسەران و رۆشنبیران .
نەبونی جێگرەوەش کارلێکی گرنگی هەیە بۆ نەمانی هاوپەیمانی نێو دەوڵاتی بۆ نوسەران و رۆشنبیران ، لە بارێکدا ئەگەر دەسەڵاتێک خراپ بێت کێ جێگرەوەی ببێت لە کاتێکدا بەشێکی ئەو نوسەر و رۆشنبیرانە دەسەڵاتی سێبەری حیزبە دەسەڵاتدارەکانن ، هەموو ئەم گرفتانە وای کردوە هێدی هێدی نوسین و دەنگ و رەنگ سودی کەم بکاتەوە و بەرەو نەمان بچێ کە پێویستە بونی هە ێت بە بەردەوامی بۆ گۆرانکاری و چاکسازی ، ئەمەش کاریگەری دەبێت لە سەر دۆخی گشتی و رۆژ لە دوای رۆژ بێهیوای خەڵک زیاتر بێت و ئومێدێک نامێنێت بۆ چاکسازی و دیموکراسی راستەقینە .
ئێستا باشترین کاتە رۆشنبیران و نوسەرانی سەربەخۆ کۆنفراس یان کۆبونەوە یان سیمینار یان هەر شێوەیەکی پێکەوە بوون بدۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئەم دۆخە چەقبەستوەی کە سیاسەتی هەرێمی پێدا تێدەپەرێت و ئەنجامەکەشی لاواز بوونی زیاتری هەرێمە ، رێگا چارەیەکی ستراتیژی بدۆزرێتەوە تا مەوداکانی دیموکراسی قەتیس نەکرێن و خەلکیش لەوە زیاتر بێهیوا نەبێت ، لە کۆتادا هەر میلکەتێک ویستی پێشکەوتن و ئازادی و دیموکراسی هەبوبێت قەڵەم چەکی سەرەکی بووە بۆ بەدیهێنانی و پێشخستنی دەوڵەت و گەڵ .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی