پێشەکی
کتێبی کۆمەڵە
تەنیاکان/The
Lonely Crowdکە دەیڤید رایزمن لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا نووسیویەتی، یەکێکە
لە بەرهەمە کلاسیکییەکانی کۆمەڵناسی مۆدێرن کە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کولتووری و
ئابوورییەکانی کۆمەڵگە پیشەسازییەکاندا، لەپەرەسەندنی کەسایەتی کۆمەڵایەتی دەکۆڵێتەوە.
رایزمن و هاوکارەکانی نیشانیان دا کە مرۆڤی مۆدێرن لە بەها نەریتی و ناوەکییەکانى
دەروونەوە بەرەو بەهاییکى نوێ دەڕوات؛ لەنەخشێکدا کە زیاتر لە هەموو شتێک ناسنامە و
ڕەفتاری خۆی ڕێکدەخاتەوە لەسەر بنەمای نیگا و ڕەزامەندی کەسانی دیکە. ئەم دۆخە، هەرچەندە
بە ڕواڵەت تاک دەخاتە پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ ئەوانی دیدا، بەڵام لە قووڵاییدا
جۆرێک لە تەنیایی لە دڵی قەرەباڵغیدا دروست دەکات.
سێ جۆری لەکەسایەتی
رایزمن لە شیکارییەکەیدا
سێ جۆر کەسایەتی کۆمەڵایەتی جیا دەکاتەوە:
ئاڕاستەکراو بەنەریت: شوناسێک کە لەسەر بنەمای نەریت و ئایین و بەها مێژووییەکان دامەزراوە.
ئاراستەکراو لەناوەوە: کەسێکە لەسەر بنەمای بەهاکانی دەروونى خۆی بڕیار دەدات و کەمتر پشت بە بۆچوونی کەسانی دیکە دەبەستێت.
ئاراستەکراو لە دەرەوە: جۆرێکە لە کەسایەتى کە لە کۆمەڵگەی بەکاربەری مۆدێرندا گەشە دەکات؛ ناسنامەیەک کە بەردەوام لەگەڵ چاوەڕوانییەکان و ستانداردەکان و فیدباکەکانی ئەوانیدیدا خۆى دەگونجێت.
رایزمن دەڵێ لە سەردەمی
مۆدێرن دا کەسایەتی ئاڕاستەکراو لە دەرەوە، تا دێت زیاتر باڵادەستى بەدەست دەهێنێت،
کە تیایدا تاکەکان دەکەونە ژێر کاریگەری فشار و نیگای دەرەوەى خۆیان لەبرى ئەوەى نەریت
یان بەها ناوەکییەکان ئاڕاستەیان بکات.
تەنیایی لەناو قەرەباڵغیدا
لە چەمکی جەماوەرى
تەنیا ڕێک ئەم پارادۆکسە ڕەنگدەداتەوە: کۆمەڵگەیەک کە پڕ بووە لە کەسانێک کە بەڕواڵەت
پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەڵام لە قووڵایی ناخیاندا، لە پەیوەندییە قووڵەکانی مرۆڤ
دابڕاون. لە کۆمەڵگەیەکی وادا تاک بەردەوام بەدوای ڕەزامەندیدایە، بەڵام ئەم ڕەزامەندییە
هەرگیز جێگەی پەیوەندییە ڕاستەقینە و بەردەوامەکان ناگرێتەوە. ئەنجامەکەش ئەوەیە کە
شوناسی تاک بە لەرزۆرکى و وابەستەی نیگای ئەوانی دیکە دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە نەک هەر هەستێکی شپرزەیی دەروونی دروست
دەکات، بەڵکو تاکەکان لە بەرامبەر فشارە کۆمەڵایەتى و ئایدۆلۆژییەکان لاوازتر
دەکات.
لێکەوتە دەروونییەکان
لە ڕوانگەی دەروونناسی
کۆمەڵایەتییەوە، ژیان لە دڵی جەماوەرى تەنیادا ئەم لێکەتانەى هەیە:
دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و ترس لە حوکمدانی بەردەوام.
پێویستییەکی زۆر بە پەسەندکردن و بینین لە لایەن ئەوانى دییەوە.
لەدەستدانی سەربەخۆیی لە بڕیاردان.
ناسەقامگیری سۆزداری لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا.
ئەم تایبەتمەندیانە
تاک دەگۆڕێت بۆ سوژەیەکی هەمیشە نیگەران کە ئامادەیە هەر دەسەڵاتێک یان ناوەندێک کە
بەڵێنی سەقامگیری و دڵنیایی پێبدات، قبوڵ بکات.
دەرئەنجامە سیاسییەکان:
لە گروپی تەنیاوە بۆ پاوانخوازی
رایزمن هۆشداری دەدات
لەوەی کە کۆمەڵگایەکی لەم شێوەیە دەتوانێت سەکۆیەکی گونجاو بێت بۆ گەشەکردنی پاوانخوازی
و فاشیزم. تاکە تەنیاکان کە لەناو ئەوانیدیدا تواونەتەوە، بەدوای دەسەڵاتێکدا دەگەڕێن
یەکیان پێبگرێتەوە؛ سەرکردەیەک کە هەستی شوناس و یەکگرتوویی هاوبەشیان پێدەبەخشێت.
لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەک کە لە ئاستی تاکدا پڕ بێت لە تەنیایی و نا سەقامگیری، دەتوانرێت
بە خێرایی بەرەو سیستەمێکی ستەمکارى هەنگاو بنێت.
کۆمەڵە
تەنیاکانى سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
نموونەیەکی ڕوونی کۆمەڵە تەنیاکانن. ملیۆنان بەکارهێنەر بە ڕواڵەت پەیوەندییان
بەیەکەوە هەیە، بەڵام ئەم پەیوەندییە زۆرجار ڕووکەش و ناجێگیرە و لەسەر بنەمای نمایشی
شوناسێکى ساختە دامەزراوە. لایک و فۆڵۆو وەک پێوەرێک بۆ بەها کۆمەڵایەتیییەکان
کاردەکەن. ئەلگۆریتمەکان تاکەکان زیاتر بەرەو پەسەندکردنی زۆرتر و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکێک
کە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی دەستەجەمعیدا بگونجێت، پاڵدەنێن. پەیوەندییە
ڕاستەقینە و بەردەوامەکان جێگەی خۆیان دەدەن بە پەیوەندییە ناجێگیر وابەستەکان بە بۆچوونی
ئەوانی دیکە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە،
زۆرێک لە دەروونناسانی ئەمڕۆ باس لە زیادبوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و قەیرانی شوناس لە
نەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن؛ قەیرانێک کە رایزمن دەیان ساڵ لەمەوبەر پێشبینی
کردبوو.
ئەنجام
کۆمەڵە تەنیاکانى
رایزمن هۆشدارییەکە سەبارەت بە وەهمی پەیوەندی لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا. بوون لەناو
قەڕەباڵغییدا هەمیشە بە مانای پەیوەندی ڕاستەقینە نییە؛ بەو پێیەى دەتوانێت ڕووخسارێکی
شاراوەی پچڕان و بێ ڕەگبوون بێت. لە دونیای ئەمڕۆدا کە مرۆڤەکان تادێت بەرەو جیهانێکی
دیجیتاڵی پاڵدەنرێن، دووبارە خوێندنەوەی هۆشدارییەکەی رایزمن هێندەی تر گرنگتر دەبێت:
بەبێ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییە قووڵەکانی مرۆڤ و سەربەخۆیی دەروونى، مەترسی
کەوتنە ناو سیستمێکى پاوانخواز و ستەمکار زیاتر دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی