هەر لەگەڵ دروستبوونی
حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنی خەڵك هەبووە لە بەرامبەر سیستەمی
تازەی حوكمڕانی كوردی. بەڵام ئەم ناڕەزایەتی و ئۆپۆزسیۆنە لەروی سیاسی و رێكخراوەییەوە
هیچ چوارچێوەو رێكخستنێكی بەهێزی نەبوو.هەندێك حزب و رێكخراو لایەن و گروپ هەبوون،
بەڵام كاریگەر نەبوون. هەتاوەكو دوای ساڵی
2009 كە بزوتنەوەی گۆڕان هات و بە فراوانی و گەورەیی دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنی لەخۆ
گرت و بزووتنەوەیەكی ناڕەزایی گەورەی لە سەرتاسەری كوردستان وەگەڕخست و توانی ببێتە
هێزی دووەم و كورسیەكی زۆر لە پەرلەمان بەدەست بهێنێت.
لە راستیدا بەهۆی ئەوەی
پڕۆژەی گۆڕانكاری بزوتنەوەی گۆڕان شكستی هێنا، سیستەمی نەگۆڕی و خۆشی هاتەوە ناو هەمان
سیستەم و هەموو ئەو پاكێجانەی باسی دەكرد بردى بۆ لاى دەسەڵات و كەوتە واژۆ كردنی
رێككەوتننامەی بەشداری لە حكومەت و چوونەوە
ناو هەمان سیستەم، ئیدی پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی ناو كوردستان زەبرێكی زۆر
كوشندەی بەركەوت و خەڵك لە توڕەیی و ناڕازی بەرەو نائومێدی رۆیشت. ئێستاش بە كورتی
گرفتە گەورەكە ئەوەیە خەڵك لە پارتی و یەكێتی ناڕازییە بەڵام لە هێزەكانی دەرەوەی
پارتی و یەكێتی نائومێدە. نائومێدی زۆر كوشندەترە لە ناڕەزایی. كێشەكە ئەوەیە دۆخێك
لای خەڵك دروست بووە كە لە دەسەڵات توڕەیەو نیگەرانە، بەڵام لە حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن
و ناڕازی نائومێدو بێ هیوایە. ئەمەش وایكردوە دۆخی حزبایەتی پارتی و یەكێتی
ئاسانترو باشتر بێت لە دۆخی حزبەكانی تر مانای ئەوە نیە قەیرانیان نیە بەڵام سودی
گەورەیان وەك حزب لەم نائومێدیە بینیوە. شكستی سیاسەت و پاكێج و بەرنامەی هێزەكانی
دەرەوەی پارتی و یەكێتی، وایكردووە ئەم دوو حزبە دەنگی خۆیان بهێننەوە. خەڵك كە دەنگ
دەدات بەم دوو حزبە، لەبەرئەوە نیە لێیان رازین و خۆشیان دەوێن و كارو بەرنامەو
حوكمڕانیان پەسەندە، بەڵكو لەبەرئەوەیە ئەوانەی داوای گۆڕینی دەسەڵات و سیستەمیان
دەكرد شكستیان هێناو خەڵكیان نائومێد كرد..ئەم دۆخی نائومێدییە وایكردوە هێزەكانی
دەرەوەی پارتی و یەكێتی دووجار بەرامبەر خەڵك ئەركیان قورسترو سەخت تر بێت. كەواتە
خەڵك نائومێدە، ئەم نائومێدیەش سەداسەد لەبەرژەوەندی پارتی و یەكێتیە، ئەم دوو حزبە
بەهەموو توانایان كار بۆ ئەوە دەكەن ئەم دۆخی نائومێدیەی خەڵك بەردەوام بێت, چونكە
بەمجۆرە هیچ پڕۆژەیەكی نا ڕازی و ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت بگاتە ئاستێك كە بەدیلی ئەم سیستەمە
بێت. هەتا هێزەكان بە روونی گوتاری خۆیان بە كردار نەسەلمێنن و ئەم سیستەمە رەت نەكەنەوە
و بەدیلی خۆیان نەخەنەڕوو ئەوا خەڵك متمانەیان پێ ناكات. خەڵك وەك خۆی ماوەو هەر
ناڕازی و توڕەیەو داواكاری گۆڕانكاری هەیەو خاوەن ئیرادەشە، بەڵام بەداخەوە متمانەی
نیە بە هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، ئەمەش لەخۆوە دروست نەبووەو خەڵك حەقیەتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی