کەمپی هۆڵ؛ ئەو شارەی هێشتا داعـش حوکمی دەکات

7 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا ڕەفیق


وا بڕیارە ئەمڕۆ (26ـی ئەیلوول) ، به‌ چاودێریی عێراق و بەشداریی بەرپرسانی باڵا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە چارەنووسی کەمپی هۆل لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت. ئه‌و كه‌مپه‌ى كه‌ به‌ شارێك ناوده‌برێت كه‌ هێشتا داعش حوكمى ده‌كات، كه‌واتا ئه‌م شاره‌ چییه‌ و بۆچی بە "بۆمبه‌ ته‌وقیتكراوه‌كه‌" ناوده‌برێت؟

"شاری نەوەی دووەمی داعـش"

کەمپی هۆڵ بۆمبە چێنرا و مەترسیدارەکەی داعـش ، لەبەر زۆری ئاستی مەترسیەکەی، به‌غداد بە شاری نەوەی دووەمی داعـش  ناوی دەبات. لەو کەمپەدا ژن و مناڵانی چه‌كدارانى پێشووى داعـش  هه‌ن، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ به‌هەستیارترین و مەترسیدارترین کەمپ لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دادەنرێت.
ئەو شوێنە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە نزیک سنورەکانی سوریا و عێراق، ساڵانی 1991 بۆ 2003، بۆ ئاوارە عێراقییەکانی هەردوو (جەنگی کەنداو و جەنگی ئازادیی عێراق) بەکارهێنراوە، بۆ جارێکی تر و پاش هەرەسهێنانی خەلافەتەکەی داعـش  لە ساڵی 2017، لە عێراق و شام ژن و مناڵانی ئەو رێکخراوە لەوێدا کۆکرانەوە.
هەرچەندە هیچ ئامارێکی وورد و پشتڕاستکەرەوە لەبەردەستدا نیە، بەڵام  پاڵپشت بە ڕاپۆرت و لێدوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەرەتادا زیاتر لە 65 هەزار کەس لەم کەمپەدا ژیاون، لەو ڕێژەیەش زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتوانی کەمپەکە هاوڵاتی عێراقی و دوای ئەوەش سوری بوون، ئەوەی ئەمێنێتەوە خەڵکی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا و وڵاتانی تری جیهانن.
ئەم کەمپە بە هۆی ئاڵۆزی و سەختی لە بەڕێوەبردنیدا لە لایەن هەزاران سەربازی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکرات لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (کوردستانی ڕۆژئاوا) پارێزگاری لێدەکرێت و بەڕێوەدەبرێت.

"كۆنترۆڵكردنێكى دژوار"

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە بەردەوامی ئۆپەراسیوێنی بچوک و گەورە بە چاودێریی ڕێکخراوە جیهانی و نێودەوڵەتیەکان ئەنجام دەدەن بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵکی ناو کەمپەکە، چونکە ئەم کەمپە زۆر گەورەیە و کۆنترۆڵکردنی لە هەموو ڕوویەکەوە دژوارە.

"دواین ئۆپەراسیۆنیش لە 5ـی ئەم مانگە (ئەیلول) بەڕێوەچوو"

لەو کەمپەدا بازاڕ و هەموو پێداویستیەکی سەرەتایی ژیان بوونی هەیە، هێزەکانی سوریای دیموکرات توانای چاودێریکردنی دەرەوەی کەمپەکە و ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و هاتنە دەرەوەی کەمپەکەیان تاڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام لەبەر فراوانی ڕووبەر و چڕی ژمارەی دانیشتوانەکەی ناو کەمپەکە، توانای کۆنترۆڵکردنی ناوەوەی کەمپەکەیان بە تەواوەتی نییه‌، بۆیە دەتوانین بڵێین هۆڵ زیاتر بە شارێکی بچوکی داخراوی سەدەکانی ڕابردوو دەچێت وەک لەوەی بە کەمپێکی ئاسایی ئاوارە بچێت.
هەر بۆیە بەشێک لە چاودێران کۆکن لەسەر ئەوەی خودی داعـش خۆی حوکمی ئەو کەمپە دەکات.

لە ڕێگەی بردنە ژوورەوەی سەوزە و خۆراک و پێداویستیە ڕۆژانەییەکانەوە، چەندین پارچە چەک و کەرەستەی شەڕ بە شاراوەیی دەبرێتە ناو کەمپەکە، دواتر لە نێوان خۆیاندا بەکار دەهێنرێتەوە بەرامبەر بە یەکتر و ئەو کەسانەی هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکراتن، بەتایبەت ئەم توندوتیژیانە لە شەواندا ئەنجامدەدرێت تاڕادەی کوشتن و لە ناوبردن.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە ئەکەن لە ڕێگەی تونێلی بچووكه‌وه‌، سەدان هەوڵی بردنە ژوورەوەی چەک و هەڵهاتن لە کەمپەکە هەبووە.

عێراقی تووشی سه‌رئێشه‌ كردووه‌

خاڵێک بۆ حکومەتی عێراق جێگەی ترسە ئەویش ئەوەیە ماوەی دووری ئەم کەمپە لە سنورەکانی عێراقەوە تەنها 13 کیلۆمه‌تره‌، بۆیە هیچ دەوڵەتێک بە هێندەی عێراق بەهەستیارییەوە لەم کەمپە ناڕوانێت.
عێراق بەردەوام هەوڵی گەڕانەوەی داعـشە عێراقییەکان و کۆتایی هێنان بەو کەمپە دەدات.
قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ گەڕانەوەی خێزانە عراقییەکان بۆ ناو خاکی عێراق. له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا به‌ یەکەم وڵات داده‌نرێت کە توانیویەتی زیاتر  لە 20 کاروان لەو خێزانانە لە سەنتەری هیوای شیاندنەوەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی جەدعەی سەر بەپارێزگای موسڵ نیشتەجێ بکات و دووبارە بیانگەڕێنێتەوە ناو کۆمەڵگە. هەرچەندە ئەم هەنگاوەی عێراق بووه‌تە هۆی ناڕەزایی و دڵەڕاوکێی هەردوو پێکهاتەی (ئێزیدی و مەسیحی) له‌ پارێزگای موسڵ، چونکە لە ڕابردوودا ئەو پێکهاتانە گەورەترین زیانی گیانى و مادیی و ده‌رونییان بەرکەوتووە لە لایەن داعـشەوە.

عێراق گەڕانەوەی خێزانە داعـشەکان بۆ چەند ئامانجێکی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە:

یەکەم: لەکاتی تێکچوون و تەقینەوەی بارودۆخی سیاسی و سەربازیی سوریا، ئەزمونی ساڵی 2014 دووبارە نەبێتەوە کە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق کەوتە ژێردەسەڵاتی خەلافەتی داعـش.
دووەم: عێراق هیچ متمانەیەکی بە حکومەتی نوێی سوریا نیە، هەرچەندە بۆ چەندینجار حکومەتی نوێی سوریا ئەوەی دووپاتکردووه‌تەوە کە ئەوان نابنە هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ، وەک ئاماژەیەک بۆ دەسەڵاتی عێراقی شیعی.
سێیەم: بەرپرسانی عێراق ئەو منداڵە عێراقیانەی لەو کەمپەدان بە نەوەی دووەمی داعـش ناودەبات، چونکە ئەو مناڵانە هێدی هێدی وا خەریکە تەمەنیان هەڵدەکشێت و گەورە دەبن، دواتر عێراق توانا و دەرفەتی ئەوەی نامێنێت بیانگەڕێنێتەوە ناو کۆمەڵگە بۆ دووبارە ژیاندنەوەیان.
بۆیە عێراق نایەوێت کارلەکار بترازێت و هەوڵی ئەوە دەدات تەواوی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکرات ( ڕۆژئاوای کوردستان) وا ڕێکەوتوون تا کۆتایی ساڵی 2026 هیچ هاوڵاتییەکی داعـشی عێراقی لەو کەمپەدا نەمێنێت.

بارێكى گران و ئه‌ركێكى مه‌ترسیدار

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کەمپەکە بێت لەئێستادا زیاتر لە 34 هەزار کەسی تێدایە، لەو ڕێژەیەش هاوڵاتی زیاتر لە 40 نەتەوەی جیهان پێکدەهێنێت.
بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان هەمیشە بانگەوازی ئەوەیان کردووە کە پێویستە دەوڵەتانی جیهان و ناوچەکە هەوڵی گەڕانەوە و تێکەڵکردنەوەی هاوڵاتیانی خۆیان بدەن بە کۆمەڵگە، چونکە ئەو کەمپە بووتە بە بارێکی قورس بەسەر شانیانەوە لە ڕووی سەربازی و داراییەوە، ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکاش بۆ ئەو کەمپە بووەتە هۆی زیاتر تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە کەمپەکەدا.
سوپای ئەمریكا له‌باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى كه‌مپه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت: "دەستگیركراوانی کەمپی هۆڵ، سوپایەکی ئامادەکراوی داعـشن." ئه‌مه‌ش كورت و پوختترین ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ قه‌باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی