گەمارۆ ئابوورییەکان و داهاتووی دیموکراسی و شەڕ لە ئێران

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دکتۆر لۆقمان قەنبەری


گەمارۆکان بە شێوەی تاکلایەنە یان فرەلایەنە لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە ساڵی ١٩٧٩، ئامرازی سەرەکی ئەمریکا بوون بۆ گوشارخستنە سەر ئێران. بەڵام لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا، ئەم سزایانە، بە تایبەت گەمارۆ ئابوورییەکان، زیاتر لە جاران بەسەر ئێراندا سەپێنراون. لە ڕاستیدا لەم ماوەیەدا ستراتیژی شەڕی جیۆئابووری و زیادبوونی سزا ئابوورییەکان بووەتە هۆی دابەزینی گەشەی ئابووری، کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی دەرەکی، لاوازبوونی ڕیاڵ و زیادبوونی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و غاز.
بەڵام لێرەدا پەیوەندی نێوان گەمارۆ ئابوورییەکان و "چینی ناوەڕاستی نوێ"(New middle class) و دیموکراسی(Democracy) لە ئێراندا بابەتێکی زۆر گرنگە کە بەنیازم باسی بکەم.
کەواتە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە گەمارۆ ئابوورییەکان چۆن کاریگەرییان دەبێت لەسەر چینی ناوەڕاستی نوێ و داهاتووی دیموکراسی لە ئێران؟ ئایا ئەم کاریگەرییە ئەرێنی یان نەرێنی؟ ئەگەر قبووڵی بکەین کە گەمارۆ ئابوورییەکان پرۆسەی دیموکراسی ناوخۆیی تێکدەدەن، ئایا دەتوانین بڵێین گەمارۆکان لە کۆتاییدا زەمینە بۆ شەڕ خۆش دەکەن؟
هەر لەو پێوەندییەدا دوو بیرمەند بە ناوەکانی" پیلسن"( Pilsen) و "کوپەر داری"( Cooper Dari) لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەیان ئەنجام داوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر دۆخی دیموکراسی و ئازادییە سیاسییەکان. لەم لێکۆڵینەوەیەدا، لە ساڵی ١٩٧٢ تا ٢٠٠٠، ١٠٢ وڵات پشکنینیان بۆ کراوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە هەر سزایەک لە کورتخایەندا ئاستی دیموکراسی کەمدەکاتەوە و لە درێژخایەندا، گواستنەوە بۆ دۆخێکی دیموکراسی لەبار قورس دەکات.
هەروەها سەبارەت بە پەیوەندی نێوان سزا ئابوورییەکان و دیموکراسی، پرۆفیسۆر" لی جۆنز" (Lee Jones) لە "زانکۆی کوین مەری"( University of Kevin Mary) لە کتێبی " کۆمەڵگاکان لە ژێر گەمارۆدان"( Societies Under Siege)، سەبارەت بە عێراق دەنووسێت: "هاوپەیمانی سزاکان و دیکتاتۆرییەت بووە هۆی داڕمانی بەرخۆدانی دیموکراسی دژ بە ڕژێمی سەدام حوسێن".
بەڵام وەک دەزانین چینی ناوەندە نوێیەکە بەرهەمی سەردەمی مۆدێرنە و لە پێشهاتە کۆمەڵایەتی-سیاسیەکانی ئێراندا، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ گواستنەوە بۆ دیموکراسی، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە. چینی مامناوەند لە ئێران هەمیشە بۆ ڕۆڵگێڕان لە بەرەوپێشبردنی دێموکراسیدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و بەربەست بووەتەوە. لە ڕاستیدا ئێستاش دەکرێ بڵێین گەمارۆ ئابوورییەکان یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم داهاتووی دێموکراسی لە ئێراندا دەبێت.
بۆیە دەکرێت پێشبینی ئەوە بکرێت کە لەگەڵ زیادبوونی گەمارۆکانی سەر ئێران، شاهیدی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان دەبین، بەتایبەتی بۆ کاڵا هاوردەکراوەکانی وەک برنج، چا، شەکر. بێ گومان ئەم بەرزبوونەوەی نرخە دەتوانێت داواکارییەکانی چینی ناوەڕاستی نوێ لە پرسە فیکری و کولتووری و مافی مرۆڤ و دیموکراسییەوە بۆ داواکاری ئابووری و بژێوی دابەزێنێت.
نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئێران لە ئێستادا ڕووبەڕووی برسێتی و بەدخۆراکی بوونەتەوە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ٣٣%ی دانیشتووان (یەک لەسەر سێی دانیشتووان) لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. هەروەها بەشێکی زۆری چینی ناوەڕاستی نوێ دەکەونە ناو هەژارییەوە.
لەم ڕووەوە پرۆفیسۆر "پیتەر بارنارد"( Peter Barnard) لە "زانکۆی نیویۆرک"( University of New York) پێی وایە کە ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە گەمارۆ ئابوورییەکان لە لایەک دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا لەلایەن قۆرخکارەکانەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی دیموکراسی. بۆیە دەکرێ ئەو سەختییە ئابوورییانەی کە لە ڕێگەی گەمارۆکانەوە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراون، وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار لە ئێراندا سەیر بکرێت.
وەک دەزانن پزیشکان، پارێزەران، ئەندازیاران، نووسەران و هونەرمەندان پێکهاتە سەرەکییەکانی چینی ناوەڕاستی نوێ لە ئێرانن. بەڵام لاوازبوونی ئەم چینە لە ڕێگەی گەمارۆی ئابوورییەوە، خۆکارانە ڕۆڵی ئەوان لە پێشخستنی ئازادی و دیموکراسی و ڕۆشنبیریدا کەمدەکاتەوە. بۆیە لاوازبوونی چینی ناوەڕاستی نوێ کاریگەرییەکی دیکەی سزا ئابوورییەکانە.
هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بکەین که لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زۆر ڕاپۆرت لەسەر هەژاری چینی ناوەند لە شارە گەورەیەکی وەک تاران بڵاوکرایەوە و هەندێکیان ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ ناوچە پەراوێزییەکان. بۆیە کاریگەری نەرێنی گەمارۆکان لەسەر بژێوی چینی ناوەڕاستی نوێ دەتوانێت کارکردی دیموکراسی ئەو چینە تێکبدات.

هەروەها پێویستە بگوترێ قەیرانی ئێستای کۆمەڵگای ئێران دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سزا ئابوورییەکان و شێوازی حوکمڕانی لە ئێرانە. کێشەکە لەوەدایە کە کاتێک کۆمەڵگا لەژێر فشاری ئابووریدا دەڕووخێت، چالاکانی ڕادیکاڵ و کۆنەپەرست هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخی کۆمەڵگا دەدەن. لەم حاڵەتەدا ڕەنگە لە داهاتوودا گواستنەوە لە دۆخی ئێستاوە بۆ حکومەتێکی تاکڕەو ببینین. لەم حاڵەتەدا ڕەنگە دوو سیناریۆ ببینین: یەکەم، بەردەوامی گەمارۆکان و فشاری زیاتر لەسەر بژێوی خەڵک و دواجار بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەر شەقامەکان. دووەم: ڕەنگە لە کۆتاییدا سزاکان شەڕی لێبکەوێتەوە. کەواتە لە واقیعدا گەمارۆکان زەمینە بۆ شەڕ خۆش دەکەن.
بۆ نموونە سێزدە ساڵ سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر عێراق لە کۆتاییدا بووە هۆی لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣.
بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە سەرەوە باسم کرد، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە بە سەرنجدان بە ئەزموونە مێژووییەکانی وڵاتانی دیکە و ڕەوتی ئێستای ئێران، گەمارۆکان لە لایەک چینی ناوەڕاستی نوێ لاواز دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە زەمینە بۆ زیادبوونی دەسەڵاتی کۆنەپەرستان دەڕەخسێنن و زیادبوونی دەسەڵاتی توندڕەوەکان ڕەنگە ڕێگەی شەڕ خۆش بکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی