پێشنیارێك بۆ هەموو حیزب و لایەن و ئەو کەسانەی خۆیان كاندید كردوە بۆ هەڵبژردنەكان

01/10/2025

د. سەیران تەها ئەحمەد

كاندیدە بەڕێزەكان
هەرچەندە  ئێمە و ئێوەش باش دەزانین كە خۆ كاندید كردنتان و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و عێراق پچوكترین گۆڕانكاری نە لە ژیانی هاووڵاتیان وە  نە لە سیستەمی حوكمرانی وە نە لە بەڕەنگاربوونەوە و بنبڕكردنی گەندەڵی و ە نە ڕێگری لە ئەتك كردنی سیستەمی دیموكراسی لە هەرێم و عێراقدا دروست ناكات؟ جگە لە گۆڕانكاری لەژیانی كاندیدەكان بە دەوڵەمەند بوونیان و گەرەنتی مووچەیەكی خانەنشینی زەبەلاح دوای ٤ ساڵی تر ، وە بەدەست‌هینانی كؤمەڵێك لە ئیمتیازات وەك ئەوانەی پێش خۆتان، هەرچونێك بێت با پیرۆزتان بێت.
هەموومان دەزانین، بە هەموو ئەزموونی هەڵبژاردنەكانمان، لەلای ئێمە هەڵبژاردن بۆ گۆڕانكاری یان چاكسازی نیە، بەڵکو بۆ مانەوەی هەمان بارودۆخ و پارێزگاری لە پۆست و دەستكەوت و دەسەڵاتی حیزبەكانە. ئێوەش دڵنیان شتێك نیە ناوی نوێنەری خەڵك بێت بەڵكو نوێنەری حیزب و كەسانی ناو حیزبەكانن، وە ئەگەر فرسەت و پۆستی  باشترتان دەست بكەوێت، ئەو كاتە وەك عورفێكی سیاسی زۆر بە ئاسانی سەنگەر بۆ حیزبی دراوسێ دەگۆڕن؟
هەرچۆنێك بێت بەڕێزان، تەنها داوای ئەوەتان لێدەكەین با شێوازی بانگەشەكردنتان جیاواز بێت لە هەڵمەتەكانی پێشووتر، تكایە، بە قەرەبالغی وێنەكانتان و بە هەڵواسینی لۆگۆی نایلۆن و پەرۆی ڕەنگاوڕەنگ  شار ناشرین و كاول مەكەن، وەك جەنگێکی دەروونی زیاتر ئازاری ڕۆحی برینداری خەڵك مەدەن؟ مافی هاووڵاتیانە كە بپرسێت و دڵگران بێت، لە كاتێکدا بە سێ مانگ جارێك مووچەی دەدرێتی ، كەچی بەپارەی مووچە نەدراوەكانیان، ئەم دەستكردنەوەتان لە بەهەدەردانی سامان و تەخشانكردنی پارەیەكی بێ شوومارو بۆ هەڵمەتێکی  یەك مانگە كە هێندەی مووچەی فەرمانبەرانی تێدەچێت ئەنجام دەدەن، پاشان هەموو وێنەكان فڕێ دەدرێن، تا چوار بۆ پینج مانگ دواتریش ئاسەواری پەرۆ و نایلۆنی دروشمی حیزبی لەسەر شەقام و بەرزە پردەكان دەبینرێن؟
پێشنیار دەكەین، لەبری بەهەدەردانی سامانی خەڵك، تكایە با بەشێوەیەكی شارستانیانە لە سوودی هاووڵاتی وكاندیدەكان هەڵمەتەكان بەڕێوەبچێت، بەجۆرێك لەبری وێنەی كاندیدەكان لەشەقام شوێنە گشتیەكان، هەستن بە ڕازاندنەوەی شەقامەكان بەهەڵواسینی ئینجانەی گولی سروشتی یان دەستكرد بێت  بۆ هەمیشەیی و ناوی كاندیدەكەی لەسەر بێت،؟  یان پڕكردنەوەی چاڵ و چاككردنی شۆستەكانی شەقامەكانی شار، یان دروست كردن و دانانی كورسی دانیشتن لە شوێنە گشتیەكان و باخچەكان، وەیان دانانی توالیتی گشتی بە پارەش بێت لەناو پارك و شوێنە گشتیەكان ناو و لۆگۆی خۆتانی لێ بدەن بۆ ئەوەی سوپاس و دەستخۆشیتان لێ بكەین . نەڵێن ئەوە ئیشی شارەوانی و حكومەتە، بەڵام ئێوەش بە پارەی خەڵك و حكوومەت بانگەشە دەكەن.
كاندیدە بەڕیزەكان، گەورەترین خزمەت و دەستكەوت بەناوی هەڵبژاردن دەتانەوێت بیكەن ، لەبری وێنە و پۆستەرەكانتان لەشەقامە گشتیەكانی شارو شارۆچكەكان و دەرەوەی شار، كڕینی (حاویە) عەرەبانە گەورەكانە بۆ خۆڵ و خاشاك وە هەڵواسینی لافیتەی هۆشیاری ژینگەیی كە لەو شوێنانەدا بوونی نیە؟ خۆزگە، لەبری دەمانچە و پارە بەخشینەوە بە گروپی دیاری كراو وە حیزبیەكان، وە یان سەبەتەی خۆراك بەخشینەوە بەهەژارەكان، با ئەم جارە دەست و دیاریەكانتان بۆ سوودی خەڵك بێت بەبێ جیاوازی، خۆزگە لەبری وێنەكانتان بۆ هەموو گەڕەكێکی شار دیاری (حاویە) عەرەبانەی خاشاكتان دابنایە.
خۆزگە، لەبری دەعوەت و دیاری و پەیمانەكانتان و سەردانی سەرۆك عەشیرەت و پارەدارەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگی خێڵ و خزمەكانیان، سەردانی قووتابخانە حكوومیەكان و گەرەكە هەژار نشینەكانتان بكردایە، تكایە بەشێكی پارەی هەڵمەتەكەتان تەرخان بكەن بۆكڕین و نۆژەنكردنەوەی تەختەی دانیشتن و كورسیە شكاوەكانی خوێندنگەكان.
تكایە بەشێك لە پارەی هەڵمەتەكان تەرخان بكەن بۆ خانەی بێسەرپەرشتی و نەهامەتی ئەو منداڵ و خوێندكارانە كەچەندین پێداویستیان هەیە. تكایە بەشێكی تری بۆ هاوكاری خوێندكارانی بێ دەرامەتی زانكۆ حكوومیەكان تەرخان بكەن، كە ناچارن بە شەوان تا هاتنیان بۆ كۆلیج جۆرەها كاری قورس بكەن؟
چەند كارێکی مرۆییانە دەبوو، گەربەشێك لە پارەی هەڵمەتەكانتان تەرخان بكردایە بۆ نەخۆشەكانی نەخۆشخانەی هیوا، كە بەهۆی نەبوونێتی دەرمان و نەتوانینی كڕینی دەرمان بێ هیوان لەژیان.
تكایە بەشێك بن لە پاك ڕاگرتنی ژینگە، ڕێگە مەدەن بە هەڵواسینی وێنەكانتان شار ناشرین بكەن، لە كاتیكدا دەیان ڕێگەی جێگرەوە هەبێت بۆ ریكلام و بانگەشەكردنتان، جا بە دابەشكردنی كارتی خۆتان بێت كە ژیاننامە و ژمارەكەتی تێدایە بەسەر هاووڵاتیان ، یان بەدانانی شاشەی ڕیكلامەكان لە شوێنە گشتیەكان كە هەموو كەسێك دەیبینێت، جگە لەوهەموو كەناڵە حیزبی وهۆكارەكانی ڕاگەیاندن لەسۆشیال میدیا كە دەتوانرێت ڕیكلامەكانتان بگاتە هەموو شوێنێك؟ چونكە بڕواهێنان بە دەنگدەر، وە ئاشتكردنەوەی خەڵك وبەدەست هێنانی متمانە و بڕوا هێنان بەدروشـم و بەڵێن تا هان بدرێن بۆ بەشداری لە دەنگدان بکەن زۆر زەحمەتە، بە زۆر قەرەبالغی و گەورەیی قەبارەی وێنەكانتان نابێت، بەڵکو بەگۆڕانكاری بنەڕەتی لەشێوازی كارو بیركردنەوەتان دەبێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی