دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان،هەموو ڕێکارێک دەگرێتەبەر بۆئەوەی
بتوانێت زیاتر کۆنترۆڵی تاک بەتاکی کۆمەڵگە بکات،لەپێناو ئامانج و ئەجێندا دەسەڵاتییە
بنەماڵەییەکەیدا،بەتایبەت لەئێستاداکە زیاتر لەسێ دەیەیە،ئەزموونی حوکمڕانی خۆیان بەسەر
خەڵکی کوردستاندا تاقیکردۆتەوە و ڕۆژبەڕۆژیش خەڵک لێیان دوور دەکەوێتەوە،بەڵام ئەوان
لەم سەدەی پێشکەوتندا جارێکی تر،بۆئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی کۆمەڵگە لەدەست نەدەن،بەردەوام
لەڕێی سەرۆک خێڵ و پیاوانی دیاری نێو کۆمەڵگە،هانا بۆ فیستیڤاڵی خێڵ و ڕۆژی گوند دەبەن
هەتا بتوانن لەڕێی یەک کەسەوە،ئاراستەی تاکەکان بەناوی عەشیرەت و ناوی جیاجیاوە،بەرەو
لای خۆیان ئاراستەب بکەن.
ئەوەی مایەی هەڵوێستە لەسەرکردنە،لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا،لەسلێمانی
بەئامادەبوونی بەشێک لەبەرپرسانی یەکەمی ئیداری شارەکەش،لە وێنەیەکی جیاواز بەڵام خزمەت
بەهەمان ئامانج کەوتونەتە خۆ و لەژێر ناوی خانەوادە دێرینەکانی شارەوە خۆیان لە یەک
ملیۆن خەڵکی تری شار جیاکردۆتەوە و ئاهەنگ و کۆبوونەوە و خوان ڕێکدەخەن و چەند دەزگایەکی
ڕاگەیاندنیش کەمتەرخەمیان نەکردووە لەگواستنەوەی ئاهەنگە تایبەت و جیاکارییەکانیان!
لەهەموو دونیادا کلتور و ڕەنگ و نەتەوە جیاوازەکان تێکەڵ
بەیەکتری دەکرێن و فیستیڤاڵیان بۆ ڕێکدەخرێت هەتا خزمەت بەمرۆڤایەتیی بکەن لەڕێی ئاڵوگۆڕی
وێنە جیاوازەکانی تایبەت بەو نەتەوانە،بەڵام تازە بەتازە و لەم سەردەمی دونیا بچوکبۆوە
دێن و لەشارێکی وەک سلێمانی،سلێمانی دەکەن بەموڵکی چەند خانەوادەیەک و ئەویتریش دەبێت
سەیریان بکات،هەتا بزانن بۆچی ئەمان بەخاوەنکردنی شار نیشاندەدرێن !
ئەم جیاوازی و درز
دروستکردنە لەنێوان پێودانگی ڕەسەن و،ناڕەسەندا بەدانیشتوانی شارێک هۆکارێک دەبێت بۆ
دروستکردنی ڕق و جیاوازی لەنێوان دوبەرەی دێرن و نوێی شارەکەو جۆرێک وێنەی جیاواز بەپێکهاتەی
تازەی شار دەبەخشێت،بۆیە هەرچی زووە دەبێت ئەم جۆرە لەئاهەنگ و فیستیڤاڵ کۆتاییان پێ
بێت و ئەمیش ڕێگەیەک نەبێت بۆ درز خستن و ناکۆکی نێو دانیشتووی شارێک و چینێک خۆی پێ
خاوەن ماڵ و ئەویتر بەمیوان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی