لە چەند رۆژی رابردوودا، دیمەنێکی هونەرییمان بینی کە تیایدا کۆمەڵێک کچی کورد، وەکو هێمایەک بۆ رەتکردنەوەی بیری داعشیانە، نیقابەکانیان فڕێدا و بە جوانترین جلی کوردییەوە دەرکەوتن، لەگەڵ وتنەوەی گۆڤەند و هەڵپەڕکێی کوردەواریانە و بەلای منەوە جوانترین دیمەنی ساڵ بوون.
بەدوایدا، ژمارەیەک کاردانەوە و بۆچوونی تووند لەبارەی ئەو دیمەنەوە خرانەڕوو کە زیاتر بۆ گەرمکردنەوەی شەقامی توندڕەوی و دەمەزەردکردنەوەی بیری داعشیانە بوون، نەک بەرگریکردن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ئەو شێوازە جلوبەرگە ئیسلامییە کوردەوارییەی کە چەندین ساڵە بەشێکی زۆر لە ژن و کچانی کورد دەیپۆشن.
جارێ ئەوە روونە کەوا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێ نیقاب واجبە لەسەر ژن و کچی مسوڵمان، ئەوەی هەیە تەفسیرەکەی پشت بە کۆمەڵێک بۆچوونی زانایانی باکگراوند توندڕەو دەبەستێ، دەنا نەمانبیستووە زانایەکی پایەبەرزی وەکوو مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس یان مستەفا زەڵمی ئەوەیان پشتڕاست کردبێتەوە کەوا نیقاب لەسەر ژنی مسوڵمان فەرزە.
جیا لەوەیش بە سیاسیکردنی هونەر نەک بە نەتەوەیی کردنی یەکێک لەو مەترسیانەی لەلایەن بەشێک لە نووسەران و هێزە ئیسلامییە رادیکاڵەکانەوە پەرەی پێدەدرێ، بەڵکوو هەر لە بنەمادا دژی هونەر و گۆرانی و میوزیک و جوانی و ئەدەب و شیعرن، خۆ دوای هەفتەیەکیشە هێشتا رۆژانە دەبینین بەوپەڕی زمان تووندی و جووڵاندنی سکاڵا دژی زانکۆی ئەمەریکی و ئەو کچە نازدارانەی کوردەوە، قسە و هەڕەشە دەکەن و هێج ئاسۆیەکیان بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆیەکی رەخنەگرانە نەهێشتووەتەوە.
داعش و ئیسلام لەیەکتر جیان، یاخوود دەبێت جیایان بکەینەوە، داعش تینوی کوشتن و بە کۆیلەکردنی ژنان و زیندووکردنەوەی خەلافەت و یەک دنیا کاری توندڕەوانە بوو، ئەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی وەکوو کۆمەڵگەی کوردی کە زۆرینەی مسوڵمانن، قبووڵکراو نییە، چونکە ئەو ئیسلامەی کورد لەگەڵی راهاتووە نایەوێت دەرفەت بڕەخسێنێ بۆ تووندوتیژی و چەوساندنەوە، بەڵکوو دەیەوێت رۆحی لێبووردەیی و پێکەوەژیان و ئازادیی بیرکردنەوە دابینبکات.
دیمەنی فڕێدانی نیقابەکەی داعش، لەڕووی هونەریی و نەتەوەیی و لەسەر رێگەی کاروانی خەبات بۆ ئازدایی جوانترین دیمەن بوو، هەروەها ئاستێکی باڵای هونەری نەتەوەیی پێشانداین کە حەقە ستایش بکرێتە نەک رەجم بکرێن.
ئێستا سەردەمی کرانەوەی بیرەکان و رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئازادی و ژیانێکی مەدەنیانە، هەموو ئەوانە پێچەوانەی بیرکردنەوە و ستراتیژی داعشن و ناکرێت رێگەبدرێت گەراکانیان بتروکێن، ئەگەرنا کۆی ژیان و سیستم و ئەزموون و ئازادییمان دەکەوێتە بەردەم مەترسیی گەورەی داعش.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی