کێ سەرکردە دروست دەکات؟

4 کاتژمێر پێش ئێستا

د.تاریق جەوهەر سارمەمی


  لە دونیای سیاسەتی مۆدێرندا، سەرکردەکان تەنها لە ڕەحمی مێژووەوە لەدایک نابن. بەڵکو لە ڕێگەی پرۆسەیەکی ئاڵۆزەوە دروست دەبن، کە سیاسەت و میدیا و دەروونناسی و بەڕێوەبردن  و ئابووری ڕۆڵی گرنگی تێدا دەبینن. ئەمڕۆ سەرکردەکان بە ڕێکەوت ناخرێنە بەردەم خەڵک؛ بەڵکو بە وردی ئامادە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕی سیاسەتەوە، هەروەک چۆن براندەکان لە بواری ئابووریدا دروست دەکرێن.بەڵآم سەرەتا با بزانین بیرمەند وفەیلەسوفەکان لەبارەی سەرکردە وهونەری سەرکردایەتیکردن چیان وتووە:
سەرکردایەتی لە دیدی فەیلەسوفەکان
لەمێژوودا فەیلەسوفەکان گرنگیان بە سەرکردە  و سەرکردایەتیکردن داوە،  ڕای جیاوازیان لەبارەی سەرکردە هەبووە، ئەفلاتون لە کتێبی (کۆمار)دا، فەیلەسوف- پاشاکان بەسەکردەی نموونەیی دەزانێت، پێی وایە ئەوان خاوەنی حیکمەت و زانستن، دەتوانن دەوڵەت بەڕێوەببەن. ئەرستۆش لە کتێبی (سیاسەت)دا سەرکردایەتی بە پەیوەندی نێوان سەرکردە و کۆمەڵگا بەستۆتەوە، سەرکەوتنیشی پەیوەستکردووە بە چاکە ئەخلاقیەکانی وەک: بوێری، دادپەروەری و حیکمەتەوە، هەروەک دەڵێت: سەرکردەیەکی باش ئەو کەسەیە کە بەرژەوەندی گشتی دەخاتە سەروی بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. 
نیکۆلۆ میکیافیلی لە کتێبی (میر) دا دەڵێت: سەرکردایەتی زیاتر پڕۆسەیەکی پڕاکتیکیە، نەک پڕۆسەیەکی ئەخلاقی، ڕەنگە سەرکردەیەکی کاریگەر هەندێک جار بۆ پاراستنی دەوڵەت پێویستی بە فیڵبازی و هێز هەبێت، ئاماژەش بەوە دەکات کە ئامانجی سەقامگیری دەوڵەت ڕەوایەتی  بەئامرازەکان دەدات.
جان جاک ڕۆسۆ لە کتێبی (پەیمانی کۆمەڵایەتی) دا ڕای وایە کە سەرکردایەتی دەسەڵاتێکی ڕەها نییە، بەڵکو گوزارشتکردنە لە ئیرادەی گشتی گەل، سەرکردەی شەرعی ئەو  کەسەیە، کە  گوازارشت لە ئیرادەی کۆمەڵگا دەکات و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی دەکات.    
سەرکردایەتی لە نێوان پێویستی و دەرفەتدا
لە ڕووی مێژووییەوە زۆربەی سەرکردە گەورەکان لە قەیرانە ئاڵۆزەکاندا لەدایک بوون وەک: ئەبراهام لینکۆڵن کە  لە گەرمەی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا وەک سەرکردەیەکی نەتەوەیی دەرکەوت وڵاتی پاراست و بڕیاری ئازادبوونی کۆیلەکانی راگەیاند.
 وینستۆن چەرچل کاتێک بەریتانیا لەبەردەم مەترسی داگیرکاری نازییەکان دابوو، چەرچل لە دۆخێکی زۆر سەختدا وەک سەرکردەیەکی گەورە دەرکەوت و لە وتارێکی مێژووییدا گوتی: (خۆبەدەستەوە نادەین) وڵاتەکەی پاراست ولەجەنگی جیهانی دووەم سەرکەوتن.
 نیلسۆن ماندێلا  چەند دەیەیەک لەدژی ڕەگەزپەرستی خەباتی کرد، دوای ٢٧ ساڵ مانەوەی لە زیندان، کە ئازادبوو دەستی بۆ ئاشتبوونەوە دڕێژکرد و تۆلەی لە نایارەکانی نەکردەوە، هەرچەندە لە ڕەحمی ستەم و قوربانییدان لەدایک ببوو.
 لە فەڕەنساش شار دیگۆل ساڵانێکی زۆری لە تاراوگە بۆ بەرگریکردن لە سەربەخۆیی فەرەنسا بەسەربرد، دژی نازیەت تێکۆشا و دواجار وڵاتەکەی ئازاد کرد، ئەویش لەناو ڕەحمی بێ هیوایی و بێ نیشتیمانی لەدایک بوو، بۆیە هیوا و ئازادی بۆ میللەتەکەی گێڕایەوە.
لە کوردستانیش بەپێێ قۆناغەکانی مێژوو سەرکردەی زۆر دەرکەوتوون، بەڵآم لە ٧٠ ساڵی ڕابوو، سەرکردەی وەک: مەلا مستەفا و مام جەلال دوو نموونەی سەرکردەیی کاریزمایی هیوا بەخشی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوون.
 کاتێک گەلان بەهۆی شەڕ و دووبەرەکی و داڕمانەوە وێران دەبن، مرۆڤەکان بەدوای کەسایەتییەکدا دەگەڕێن، کە بتوانێت هیوایان پێ ببەخشێت و متمانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە. لە باشووری کوردستان دوای توانەوەی شۆڕشی ئەیلول لە ١٩٧٥، شکست و بێهیوایەکی زۆر بەرۆکی کوردیان گرتبوو، مام جەلال یەکێک لەو سەرکردە خۆڕسک و کاریزمایانەبوو، کە لەشيوزەنگێکی تاریک هاتەوە مەیدانی شؤڕش، کە  ئەقڵانیەت و پڕاگماتیکی و ڕوانینێکی قوڵی بەیەکەوە گرێدا بوو، سەرکردەیەکی ڕۆشنبیر بوو، لەڕێی خوێندنەوە و قۆناغەکانی خەبات، گەشەی بە بەهرەی خۆڕسکانەی سەکردایەتی کردنی خۆیدا، لەدۆخێکی زۆر دژواردا، ڕێبەرایەتی هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی تازەی لە کوردستانی عیراق گرتە دەست، گیانی خەبات و خۆڕاگری و ىڕوا بەخۆبوون و هیوای سەرکەوتنی خستەوە ناو ڕۆحیەتی تاک بە تاکی کورد. ئەمەش ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە، کە چۆن سەرکردە ڕاستەقینە و ڕەسەناکان لە دۆخە سەختەکاندا دەردەکەون، لە ساتێکی گرینگ و مێژووییدا  گوزارشت لە خواستەکانی گەلەکەیان دەکەن.
لە سەردەمی هاوچەرخدا لە رۆژئاوا بەتایبەتی ئیتر سەرکردایەتیکردن ودروستبوونی سەرکردەی کاریگەر بەڕێکەوت دەرناکەوێت؛ بەڵکو بەرهەمی کارێکی ڕێکخراو و دامەزراوەییە، پارتە سیاسییەکان لەگەڵ تیمەکانی ڕاوێژکار و پسپۆڕانی پەیوەندییەگشتییەکان و میدیا، بوونەتە ئەو "تاقیگەیە" کە کەسایەتی سەرکردەکانی تێیدا دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست و گونجاودا دەربکەون و بێنە سەر شانۆی بازاڕی سیاسەت.

میدیا: سەکۆی نوێی سەرکردەکان
بە ئەزموون دەرکەوتووە، بە تەنیا کاریزمابوون بەس نییە بۆ ئەوەی سەرکردەیەک بەرەو پێش بچێت هەڵبکەوێت. ئەمڕۆ میدیا ئەو سەکۆ ڕاستەقینەیە کە کەسایەتییە سیاسییەکان لەسەریدا خۆیان نمایش دەکەن، ئەوە میدیایە کە وێنەی سەرکردەیەک لەناخی هۆشیاری گشتی خەڵکدا دروست دەکات، بەو شێوە و وێنە جوانەی کە خۆیان مەبەستیانە بگاتە جەماوەر.
لە سایەی کەناڵە ئاسمانییەکانی تەلەفزیۆن و پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، سیاسەتمەدارێکی نادیار دەتوانێت لە شەوێکدا ببێت بە ئەستێرەیەکی سیاسی دیار، بە مەرجێک وێنە و گوتارەکانی بە شێوەیەکی زیرەکانە کاری لەسەر کرابێت. میدیاکان تەنیا ڕووداوەکان باس ناکەن؛ بەڵکو بووەنەتە هاوبەشێک لە دروستکردنی هێما و سومبلەکان و داڕشتنی هۆشیاری سیاسی.
سەرکردە و پەیوەندییەگشتییەکان
لە پشت هەموو سەرکردەیەکی سەرکەوتوو، تیمێکی پسپۆڕ لەبواری میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان هەیە، کە لە دونیای ڕۆژئاوادا بە "ئەندازیاری وێنە" ناسراون. ئەوان ناسنامەی گشتی سەرکردەکە لە قاڵب دەدەن: چۆن قسە دەکات؟ چ جل و بەرگێک دەپۆشێت؟ کەی دەردەکەوێت؟  پاڵەوانی چ پرسێکە!
شآرەزایانی پەیوەندییە گشتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ڕووخساری سەرکردەکەیان بۆ نمونەیەکی جوان و ئیلهامبەخش بگۆڕن، لەڕێی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ریکلام و بازرگانی سیاسی و زمانی سۆزداری و گێڕانەوەی چیرۆکی ئەفسوناوی لەبارەی باگڕاوندی ژیانی سەرکردەکەیان، کە چۆن بە قۆناغە مێژووییەکانی خەبات وئازاری  میللەتەکەی تێپەڕیووە لەپێناو بەدیهێنانی خەون وهیواکانی گەل.
لە سەردەمی ژیری دەستکرد و تەکنەلۆژیای گەیاندن و وێنەسازیدا، بە بازاڕکردنی ڕابەر و سەرکردەیەک جیاوازی نییە لەگەڵ بە بازاڕکردنی هەر بەرهەمێکی سەرکەوتوو. دروشمێک و ڕەنگێک، پەیامێک و چیرۆکێک هەیە کە پێکەوە "مارکەی کەسی" سەرکردە دروست دەکەن.
زۆر جار سەرکردە وەک فریادڕەس، یان چاکسازیخواز، یان پارێزەری بەها نەتەوەییەکان وەسف دەکرێت. چیرۆکێکی بۆ هەلدەبەستن، کە نموونەی نییە و بەدیلی نییە، زۆر جار لە میدیای ئاراستەکراوی حیزب و حوکمڕانان  وا بەشان و باڵی سەرکردەکانیان دادەڵین کە: "ئەو پیاوە سادەیە  توانی بەسەر ناخۆشیەکاندا زاڵ بێت" یان "ئەو خەباتگێڕەی کە سەرەڕای هەموو فشارەکان  خۆڕاگربوو، بڕواکانی نەگۆڕی" یان ئەو سەرکردەیەی کە بۆتە مایەی چارەسەرکردنی کێشەکان میللەت". ئەم جۆرە چیرۆکانە شتێک لای خەڵک دروست دەکات، کە پێی دەوترێت: سیمبولیزمی سیاسی، ئەمەش شەرعیەتی سۆزداری بە سەرکردە دەبەخشێت، کە کاریگەری زۆر لە گوتارە ڕسمییەکان زیاترە.
لە نێوان سەرکردەی ڕاستەقینە و دەستکرددا
سەرەڕای هەموو تەکنیکەکانی بە بازاڕکردن و بانگەشەی میدیایی، جیاوازی نێوان سەرکردەیەکی ڕاستەقینە و سەرکردەیەکی بەرهەمهێنراو زۆر ڕوونە. سەرکردەی ڕاستەقینە؛ ئەو کەسەیە، کە خاوەنی پڕۆژەیە بە ویژدانەوە  بوێری بڕیاردانی هەیە. لە بەرامبەردا سەرکردەیەکی دەستکرد بەرهەمی هەڵمەتێکی میدیایی درەوشاوەیە، کە لە یەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا بە خێرایی بریقەکەی کاڵ دەبێتەوە. دواجار تەنیا ئەو کەسانە لە مێژوودا بەزیندوویی دەمیننەوە، کە بەڕاستی لەگەڵ خەمی ڕۆژانەی میللەتەکەیداندا بوون، نەک ئەوانەی کە وێنەکەیان لە ستۆدیۆکاندا دروستکراوە و کەمپینەکەیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەرمانگەکانی پەیوەندییە گشتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.
لەم سەردەمەدا ئیتر بەڕێکەوت سەرکردە دروست نابێت؛ ئەم بابەتە بووەتە زانست و هونەر و وەبەرهێنانی سیاسی لەسەردەکرێت. بەڵام گرنگترین پرسیار ئەوەیە: ئایا میدیا دەتوانێت سەرکردەیەکی ڕاستەقینە دروست بکات؟ کە بناغەیەکی ئەخلاقی نەبێت و خاوەنی کارێزمایەکی خۆڕسک و پڕۆژەیەکی چاکسازی و نیشتمانسازی نەبێت؟
ڕەنگە میدیا تا ماوەیەک بتوانێت کەسێک وەک سەرکردە وێنا بکات، بەڵام ئەگەر توانا و بەهرەی لەو بوارەدا نەبێت، ناتوانێت ڕۆحی سەرکردایەتیەکی ڕآستەقینەی تێدا بخوڵقێنێت. میللەتێک کە بە دوای سەرکردەیەکی ڕاستەقینەدا دەگەڕێت، ئەوەندەی پێویستە دیدێکی دڵسۆز و باوەڕێکی قوڵی بە داهاتوو هەبێت، پێویستی بە درەوشانەوەی بەردەم کامێراکان نییە. سەرکردەی ڕاستەقینە بە میدیا دروست نابێت، خۆی بەدوای پۆست و دەسەڵاتدا ناگەڕێت، بەڵکو دەسەڵات پێویستی بەو کەسە هەیە. ئەو سەرکردەیەی کە خاوەنی بیرکردنەوە و حیکمەت و تێڕوانینێکی قوڵ و دووربینە، خوێندەوەی بۆ ئایندە هەیە، لە ناخۆشترین دۆخەکاندا دەبێتە فریاڕەس و خاڵی کۆکەوەرەی لایەن سیاسییەکان و بە گەشبیینەوە هیوا بەدڵی میللەت دەبەخشێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی