فەلسەفەی قەتیسكراو! رۆمانی هەڵبزڕكاو! نووسەری بێ جەوهەری مۆمیاكراو!

4 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد سدیق



  لەم سەردەمەی ئێستاماندا، لەسەر ئەو خاکەی بارتەقای  قووڵاییەكەو  مێژووەكەی، ئازار و خەبات و هیوای لە خۆیدا حەشارداوە، پرسیارێک هەمیشە لەناخمدا دەمهەژێنێت،پرسیارێك تەنها بیرۆكەیەك نییە، بەڵکو ژیانێکی دیكەیە لە ناخی مرۆڤدا دەژی و هەناسە دەدات. پاش ئەم هەموو شۆڕبوونەوەیەم بەناخی  فیکری و ڕۆحییەی کە هەموو گیانم تێیدا نقوم بووە، پاش ئەم هەموو سەرقاڵییەی بە فەلسەفە و زانستە مرۆییەکانەوە، لە ئایینناسییەوە بۆ کۆمەڵناسی و دەروونناسی، لە سیاسەتەوە بۆ مێژوو، ئێستا ئەو پرسیارە گەورەیە وەک درەختێك لە ناخمدا كوریكەی كردووەو دەیەوێ بەر بگرێت، رەگو ریشەی درەختەكەی ناو رۆحم لە قووڵایی گومان و بێ هیواییم داکوتراوە. پرسیارێك دەمباتە ناو رامانێكی قووڵەوە، بۆچی تەمەنی فەلسەفە كە 2500 ساڵە، بە درێژایی ئەم مێژووە درێژە، سیستەمە سیاسییەکان بە توندی ڕەخنەیان لێ گیراوە و ئیمپراتۆرەکان و پاپا و سەرۆکی وڵاتان و کاربەدەستان، ڕیسوا کراون و سەدان فەلسەفەی نوێ لەسەر بنەمای ڕەخنەگرتن لێیان بەرهەمهێنراون، کەچی تا ئەمڕۆ دەسەڵاتی ملهووڕو قێزەون نەک هەر لاواز نەبووە، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر و دڕندەتر بووەو هەر دڕندەتریش دەبێت؟ پیاوانی دەسەڵاتدار تا دێت دەبنە دیکتاتۆرێکی گەورەتر و دزێکی بێشەرمتر. نە شەرمیان ماوە نە کەرامەت. لێرەدا پرسیارەکە قووڵتر دەبێتەوە: باشە ئیتر ڕۆمان و شانۆنامە و فەلسەفەی نوێ چ سوودێکیان هەیە، لە کاتێکدا دیکتاتۆرەکان قەڵەوتر دەبن و دزە بێ ئابڕووەکان بێ ئابڕووتر؟ ئایا هەموو ئەم هەوڵە فیکری و ئەدەبییانە تەنیا کڵۆڵبوونێکی بێهودەن لە ڕووی زەبر و زەنگی دەسەڵاتی زاڵی زاڵمدا؟ ئایا ئەم نووسینە قووڵانە، ئەم ڕامانە بەرزانە، تەنیا نەقشێکن لەسەر ئاو، کە دەسەڵاتی زاڵ بە یەک هەناسەی دڕندانە دەیسڕێتەوە؟ ئەم هەموو خەڵاتی نۆبل ەی بە زانستە مرۆییەكان بەخشراوە، هەموویان بوونە سەردێڕی مێژوویەك و تەواو؟ بەخێرایی لەنێو دەقی كتێبەكاندا  ون دەبن؟!.
  ئەمە تەنیا پرسیارێک نییە، بەڵکو هاوارێکە لە ناخی ویژدانێکی زیندووەوە دێت. وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەگەرچی تاڵە و وەک ژەهرێکی کوشندە وایە، بەڵام ڕەنگە تاکە ڕێگا بێت بۆ ڕووناککردنەوەی ئەو گێژاوەی تێیدا گیرۆدە بووین. وەڵامەکە لە سۆراغی ونبوونی ڕۆحی فەلسەفەدایە، لەو کاتەوەی کە لە دڵ و دەروونی مرۆڤەوە گوازرایەوە بۆ نێو لاپەڕەی کتێبەکان. فەلسەفە، لەو کاتەوەی سەریهەڵدا، لەگەڵ تالیس کە بەدوای بنەڕەتی بووندا دەگەڕا و، هیراکلیتس کە گۆڕانی بە بنچینە دەزانی، زیاتر بە دوای ڕامانی میتافیزیکی و گەردوونناسی Cosmology  دا بوو. گەرچی ئەم ڕامانانە بنەمایەکی فیکری قووڵیان دانا، بەڵام ڕاستەوخۆ نەبوونە ئامرازێک بۆ گۆڕینی واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی. فەلسەفە بوو بە بیردۆزێک، بە کۆمەڵێک تێگەیشتنی ئەبستراکت کە هەرگیز پێی نەخستە نێو واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. بوو بە وشەو رستەو پەرەگرافی سەر کاغەز، بەڵام هەرگیز نەبوو بە چرایەکی ڕووناککەرەوە لە نێو تاریکییەکانی ژیاندا. ئەمە تا ئەو کاتەی کە فەیلەسوفێک هەڵکەوت، پیاوێک کە باوەڕی بەوە نەبوو فەلسەفە لە نێو لاپەڕەی کتێبەکاندا بکەوێتە خەوێکی قووڵەوە. ئەو پیاوە، جگە لەوەی یەکەم کەس بوو کە فەلسەفەی لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەوی، یەکەمین فەیلەسوفیش بوو کە هیچ کتێبێکی نەنووسی، چونکە کتێبەکانی نێو خەڵک و کۆڵانەکان بوون. یەكەم فەیلەسووفیش بوو، ژەهر خواردیان كردو، كردیان بە شەهیدی فەلسەفە.  ئەو کەسە سوکرات بوو.
    سوکرات، تێگەیشت نابێت فەلسەفە لە نێو دیواری پەرستگاکانی زانست و کتێبخانەکاندا قەتیس بکرێت. ئەو زانی کە فەلسەفە دەبێت ببێتە هەناسەی ژیان، ببێتە ڕێگایەک بۆ بیرکردنەوەی ڕاستەقینە و کرداری ڕەسەن. ئەو باوەڕی بە نێو خەڵک هەبوو. فەلسەفەکەی خۆی بۆ ناو گەنجان و لاوان، بۆ نێو بازاڕ و کۆڵانەکان، بۆ هەر شوێنێک کە مرۆڤی تێدا بوو گوازتەوە. سوکرات بە شێوەی دیالۆگ، بە پرسیارکردن، بە مایۆتیک یان منداڵبوونی بیرۆکەکان و ئەلێنکۆس یان لێپێچینەوە، ئەو گریمانە باوانەی کە خەڵک بە ڕاستیان دەزانی، تێکیدەشکاند و هانیدەدان بیر بکەنەوە، لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستن و بە چاوی خۆیان سەیری جیهان بکەن. ئەو فەلسەفەی کردە ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە، ئامرازێک بۆ وشیارکردنەوەی ویژدان و هۆشیاری تاک. سوکرات تەنیا مامۆستایەک نەبوو، بەڵکو بوو بە چراکەرەوەی ڕێگای ئازادی فیکری. ئەو نیشانیدا فەلسەفەی ڕاستەقینە، فەلسەفەیەکە لە ژیانی ڕۆژانەدا دەژی، لە گفتوگۆکاندا هەناسە دەدات، لە کردەوەکاندا خۆی نمایش دەکات. لە ڕێگای پرسیارە سادەکانییەوە، کە زۆرجار وەک بێئاگایی دەردەکەوتن، سوکرات بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەسینای دەهەژاند. ئەو ئاخێوەرێکی ڕاستەقینە بوو، نەک تەنیا لە ڕووی قسەکردنەوە، بەڵکو لە ڕووی ئەوەی کە فەلسەفەی کردە کردارێکی ڕاستەقینە. ئەزموونی سوکرات، کە لە کۆتاییدا بووە قوربانیی هەمان ئەو دەسەڵاتەی ڕەخنەی لێدەگرت، نیشاندەری ئەوەیە کە فەلسەفەی زیندوو و ڕاستەقینە چەندە مەترسیدارە بۆ دەسەڵاتی زاڵ و چەندەش بۆ ئازادی مرۆڤ پێویستە.
   بەڵام ئاخ، چەند کەمن ئەوانەی ڕێگای سوکراتیان گرتەبەر! پاش سوکرات، فەلسەفە جارێکی تر گەڕایەوە نێو پەرستگاکانی خۆی. ئەفلاتون و ئەرستۆ، گەرچی بنەمایەکی قووڵیان بۆ فەلسەفە و زانست دانا، بەڵام سیستەمەکانیان زیاتر لایەنێکی ئەکادیمی و فیکرییان وەرگرت. کۆماری ئەفلاتون و سیاسەت ی ئەرستۆ، گەرچی قووڵن لە تێگەیشتن بۆ دەسەڵات و کۆمەڵگا، بەڵام زیاتر وەک مۆدێلێکی تیۆری مانەوە، نەک وەک بزوێنەرێکی ڕاستەوخۆ بۆ گۆڕانکاریی جەماوەری.(لەبەرئەوە بوو مایكاڤیلی دەیگوت: ئەوەندەی شەقامەكانی فلۆرەنسا  منیان فێر كرد، ئەوەندە لە تیۆرەكانی  ئەفلاتون و ئەرستۆوە فێر نەبووم). ئیتر لە ئەفلاتونەوە فەلسەفە بوو بە وانەی قوتابخانە، نەک هەناسەی ژیان. لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، فەلسەفە بە توندی لەگەڵ ئایین تێکەڵ کرابوو و زۆرجار وەک خزمەتکارێک بۆ ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی کەنیسە و پاشایەتی بەکاردەهات. لە سەردەمی ڕۆشنگەریشدا، فەیلەسوفان وەک ڕۆسۆ، لۆک، کانت و ڤۆڵتێر، بە بیرۆکەکانیان دەربارەی مافەکانی مرۆڤ، ئازادی، یەکسانی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، شۆڕشێکی فیکری گەورەیان بەرپاکرد. بیرۆکەکانیان ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر شۆڕشە سیاسییەکان هەبوو. بەڵام تەنانەت ئەم بیرۆکە بەهێزانەش، کاتێک تەنیا لە کتێبەکاندا مانەوە یان لە نێو بازنەی ڕۆشنبیراندا قەتیس کران، نەیانتوانی بە تەواوی ڕیشەی دەسەڵاتی زاڵ هەڵبكێشن. دەسەڵاتیش فێربوو چۆن خۆی بگونجێنێت و چۆن لە فۆڕمێکی نوێدا بگەڕێتەوەو، چۆن لە سێبەری دیموکراسی و ئازادیدا خۆی حەشار بدات.
   ئەم گێژاوە بەردەوامە لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمیشدا خۆی نمایش كردەوە. نموونەیەکی گەورەی ئەم حاڵەتە، فرانتس کافکایە. کافکا بە نووسینە تاریک و دڵتەزێنەکانی، باسی ئەم هەموو ناشیرینکردن و بێ بەهاکردنەیی مرۆڤی لە سایەی دەسەڵاتە ملهوڕەکاندا دەكرد ، لە نێو بیرۆکراسییەتێکی بێگیان و سیستەمێکی بێ لۆژیکدا کە مرۆڤ دەکاتە قوربانی. كافكا لە(قەڵا) و (دادگایی)دا، واقیعێکی ترسناکمان پیشاندەدات کە تێیدا تاک لە نێو گێژاوێکی بێ کۆتاییدا دەتلێتەوە، بێ ئەوەی بتوانێت هۆکاری ڕاستەقینەی ئازارەکانی بدۆزێتەوە. جیهانی کافکا، جیهانێکی بێ چارەسەرە، تێیدا تاک لە بەرامبەر سیستەمێکی بێ لۆژیک و گەورەدا بێ دەسەڵاتە. کافکا دەستنیشانی نەخۆشییەکەی کرد، بەڵام شیفای نەدەبینی. کاری ئەو، هەرچەندە قووڵ و وشیارکەرەوە بوون، بەڵام زۆرجار وەک ئەدەبێکی سەربڵند لە نێو کتێبخانەکاندا دەمێننەوە، نەک وەک پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕینی واقیع. ئەمە سەرەڕای ئەوەی  كافكا تا لە ژیاندا بوو، هیچ كام لە رۆمانەكانی بڵاو نەكردبۆوە، تەنانەت وەسیەتیشی كردبوو كە كتێبەكانی بسووتێنرێن!!.
     فریدریک نیچەش نموونەیەکی دیارە. نیچە بە شۆڕشگێڕییە فیکرییەکەی، بە ڕەتکردنەوەی بەها باوەکان، بە بانگەشەکردنی بۆ ویستی هێز  و مرۆڤی باڵا، ئەم هەموو یاخیبوونە شۆڕشگێڕییەی نیشانداوە. ئەو بانگەشەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تێڕوانین بۆ ژیان و بوون دەکرد، داوای شکان و دروستکردنەوەی بەهاکانی دەكرد. فەلسەفەی نیچە، بە ڕاستی، وەک تەقینەوەیەک وایە لە نێو ژیانی فیکردا، بەڵام لەبەرئەوەی فەلسەفەکەی نیچە وەک پڕۆژەکانی کافکا، تەنیا لە نێو کتێبەکاندا خەوێنراون، واتە نەبوونەتە بزوێنەرێکی ڕاستەوخۆ بۆ کرداری جەماوەری و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، بۆیە 2500 ساڵە نەتوانراوە کۆتایی بەم سیستەمە بۆگەنانە بهێنرێت کە مرۆڤایەتییان بە تەواوی قێزەون کردووە. کتێبەکانی نیچە، بە هەموو قووڵی و شۆڕشگێڕییانەوە، بوونەتە بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی، بۆ گفتوگۆی نێو هۆڵەکانی زانکۆ،بۆ خوێنەوارە یاخیبووەكانی نێو چایخانەكان،  بەڵام زۆر بە کەمی توانیویانە ببنە ڕێنوێنییەکی کردەیی بۆ ژیانی تاک و کۆمەڵ، یان تەنانەت بە هەڵە لێکدرانەوە و بوونە بیانوو بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری، وەك ئەوەی هیتلەر كردی. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نیچە  گۆشەگیری ژیانی كۆمەڵایەتی خۆی  ببوو، تا لە ژیانیشدا بوو، كتێبەكانی  هەڕمێنیان نەبوو، خەڵك نەیدەخوێندەوە، دوای مردنی، گەوهەری نووسینەكانی  وردە وردە  دەردەكەوتن!!.
    پاش ئەم هەموو سەدەیە، كە (25) سەدەیە، ژان پۆل سارتەریش هەوڵێکی بچووکی دا. سارتەر، بە فەلسەفەی بوونگەرایی و پابەندبوونی خۆی بە واقیع، بە پێداگری لەسەر ئازادی مرۆڤ و بەرپرسیارێتییەکانی، هەوڵیدا فەلسەفە لە چوارچێوەی ئەکادیمیەت دەربهێنێت و لەگەڵ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەیەکەوە گرێی بدات. ئەو بە کردارەکانی، بە پشتگیریکردنی لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان و ئیمزاکردنی بەیاننامەکان، ویستی بیسەلمێنێت ئیتر فەلسەفە نابێت تەنیا چاودێر بێت، بەڵکو دەبێت بەشێک بێت لە گۆڕانکارییەکان. ئەو دەیوت ئازادی، مەحکومە بە بوون، واتای وایە ئێمە هەمیشە ئازادین و بەرپرسیارین لە هەڵبژاردن و کردارەکانمان. ئەم بیرۆکەیە بنەمایەکی بەهێزە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات، چونکە نیشان دەدات کە مرۆڤ قوربانی نییە و دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات. بەڵام، بەپێی پێویست نەبوو. گەرچی هەوڵەکانی جێگای گرنگیپێدانن، بەڵام کاریگەرییەکانی سنووردار بوون و نەیتوانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێوەندی نێوان فەلسەفە و دەسەڵاتدا دروست بکات. ئەوە نیشانەیەکی تر بوو لەوەی کە تەنیا هەوڵی تاکەکەسی یان گرووپێکی بچووک، بەس نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تارماییە گەورەیەی دەسەڵاتی زاڵ دروستیکردووە.
    ئەمە وا دەکات بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە دەسەڵات چەمکێکی تەنیا سیاسی نییە، بەڵکو بووەتە بوونێکی میتافیزیکی و لە ناخی ژیانی مرۆڤدا ڕیشەی داکوتاوە. دەسەڵات تەنیا دیکتاتۆرێک یان سەرۆکێک نییە، بەڵکو سیستەمێکی قووڵ و شاراوەیە لە هەر گۆشەیەکی کۆمەڵگادا خۆی حەشارداوە. وەک میشێل فۆکۆ نیشانیداوە، دەسەڵات تەنیا سەرکوتکەر نییە، بەڵکو بەرهەمهێنەرە، واتە شێوازی بیرکردنەوە و ژیانکردنی ئێمە دروست دەکات. دەسەڵات لە خوێندنگا و زانکۆکاندا، لە میدیا و فەرهەنگدا، لە خێزان و تەنانەت لە نێو بیرکردنەوەی خودی تاکیشدا خۆی نمایش دەکات. ئەو لە ڕێگای ئایدۆلۆژیاوە، وەک تێڕوانینێکی جیهانیی دروستکراو، وا دەکات مرۆڤەکان دەسەڵاتی زاڵ بە ڕەوا بزانن و تەنانەت خزمەتیشی بکەن. ئایدۆلۆژیاکان وەک سێبەرێکی تاریک لەسەر ڕاستییەکان دەکەون و چاومان لێی دادەپۆشن. فەلسەفەیەک تەنیا لە کتێبەکاندا بێت، ناتوانێت ئەم دێوەزمە گەورەیە تێکبشکێنێت. پێویستمان بە فەلسەفەیەکە لە خوێنماندا پیاسەیەكی گەرم بكات،بەجۆرێك لە هەموو شان و پێکهاتەی بوونماندا بژی، فەلسەفەیەک بتوانێت پەردە لەسەر ئایدۆلۆژیا هەڵبداتەوە.
  لە سەردەمی نوێدا، دەسەڵات ڕێگای نوێتری بۆ خۆسەپاندن دۆزیوەتەوە. ئێستا، جگە لە دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتی کاڵفڕۆشی و میدیا و تەکنەلۆژیاش بەهێز بوون. بەهۆی ئەم دەسەڵاتانەوە، مرۆڤایەتی لە نێو گێژاوێکی بێ کۆتایی لە زانیاری و کات بەسەربردن و گەرموگوڕیی بێ واتا، خەریکە مانا و قووڵایی ژیانی لەدەست دەدات. مرۆڤ لە ژیانێکی پڕ لە وشیاری و بیرکردنەوەی قووڵ، بەرەو ژیانێکی ڕووکەش و بێ مانا دەڕوات. فەلسەفە لە نێو ئەم ژاوەژاوەدا دەخنکێت یان راشكاوانەتر بڵێم خنكێنراوەو، بە حاڵ هەناسە دەدات و دەنگێکی کزە بە زەحمەت دەبیسترێت. تەنانەت ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، کە دەتوانن ببنە ئامرازی بڵاوکردنەوەی وشیاری، زۆرجار دەبنە هۆکارێک بۆ دروستکردنی ژووری دەنگیی و  echo chambers  بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست، کە ڕێگە لە گەشەی فیکری و ڕەخنەگرانە دەگرن.
  فەلسەفەی ڕاستەقینە، دەبێت شۆڕشگێڕانە بێت. شۆڕشگێڕییەکەش تەنیا لەسەر کاغەز نانووسرێتەوە، بەڵکو لە کرداردا جێبەجێ دەكرێت و دەبینرێت، لە هەموو ساتێکی ژیاندا خۆی نمایش دەکات. دەبێت بێتە هەوێنێک بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ، بۆ ڕەتکردنەوەی ملکەچی و بۆ دروستکردنی شێوازێکی نوێی ژیان. فەلسەفە نابێت تەنیا پرسیار بێت، بەڵکو دەبێت وەڵام بێت. وەڵامێک کە لە قووڵایی بوونەوە دێت، وەڵامێک ژیان دەکاتە مەیدانێک بۆ تاقیکردنەوەی ڕاستی و ئازادی. ئەم وەڵامە لە ڕێگای پەروەردەیەکی ڕەخنەگرانەوە دێت، کە منداڵان و گەنجان فێری بیرکردنەوەی سەربەخۆ دەکات، نەک تەنیا لەبەرکردن – حفظ- ی زانیاری. بە دروستکردنی کۆمەڵگایەک دێتە دی کە تێیدا فەلسەفە وەک بەشێک لە گفتوگۆی ڕۆژانە بژی، نەک وەک بابەتێکی ئەکادیمی. هونەر و ئەدەب، کاتێک لە خزمەتی گۆڕانکاری و وشیارکردنەوەدان، دەتوانن ببنە ئامرازێکی بەهێز بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکە فەلسەفییەکان و گەیاندنیان بە دڵی خەڵک.
  ئەوەی پێویستە، ڕاپەڕینێکی فیکری و ویژدانییە کە لە کتێبەکانەوە بێتە دەرەوە و ببێتە بزوێنەری کردەی جەماوەری. ئەم ڕاپەڕینە دەبێت ببێتە ڕۆحی بەرخۆدان، ببێتە چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی تاریکییەکانی دەسەڵاتی زاڵ. تەنیا کاتێک فەلسەفە دەتوانێت ڕیشەی دەسەڵاتی دڕندە بسڕێتەوە، کاتێک کە ببێتە بەشێک لە پێکەنین و گریانمان، لە هیوا و ئازارمان، لە خەون و خەباتی ڕۆژانەمان. فەلسەفە دەبێت ببێتە شۆڕشێکی هەمیشەیی لە ناخماندا، شۆڕشێک بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ، بۆ دروستکردنی جیهانێکی دادپەروەرانەتر، جیهانێک کە تێیدا دیکتاتۆر و دزە بێ ئابڕووەکان نەتوانن بژین. ئەمە پەیامی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە، پەیامێک کە سوکرات بە ژیانی خۆی و بە خوێنی خۆی سەلماندی. ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە مرۆڤایەتی دەبێت بیگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە بازنەی بێ کۆتایی زوڵم و ستەم ڕزگاری بێت. ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکداین: یان فەلسەفە وەک ڕۆحێکی زیندوو لە ناوماندا بژی و جیهانمان بگۆڕێت، یان وەک سێبەرێک لە کتێبەکاندا بمێنێتەوە و دەسەڵات بەردەوام بێت لە دڕندەییەکانی. ئەمە بانگەوازێکە بۆ هەڵوێستێکی فەلسەفییانە لە ژیاندا، بۆ کردنەوەی کتێبەکان و ژیانێك بە بەر بیرۆکەکانیانەوە بكات، بۆ ئەوەی فەلسەفە جارێکی تر ببێتەوە بە دەنگی راستەقینەی مرۆڤایەتی کە لە خەوی قووڵی بێدەنگیدا بەئاگا دێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی