سیستەمی ئەمریکی بەشێوەیەکی خراپ تێشکاوە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

بێرنی سێندەر

با بۆ چرکەییەك هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژین و دۆناڵد ترەمپ، جیمی کیمێل، نەتەوە یەکگرتووەکان، چارلی کیرک، غەززە، داخستنی دەرگای دامەزاراوە حکومییەکان و ئەو قەیرانانەی دیکە لەبیر بکەین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە.  با لەبری ئەوە باسی ئەو واقیعە بکەین کە میدیای کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان و سیستەمی سیاسی کۆنترۆڵکراوی کۆمپانیاکان زۆر باسی ناکەن.

 ئەوەی ئێمە لە ئێستادا شاهیدین گەشەکردنی دوو ئەمریکایە.  یەکێک بۆ چینی ملیاردێردو ئەوی تریان بۆ هەموو کەسێکی تر.  لە ئەمریکایەکدا دەوڵەمەندترین خەڵک بە شێوەیەکی قێزەون دەوڵەمەندتر دەبن و هەرگیزا و هەرگیز ئاوا باش نەلواوە بۆیان.  لە ئەمریکایەکیاندا کەسانی ساماندار زەنگینتر دەبن و پرە لە  سامان و تەماح و دەوڵەمەندییەکی خەیاڵاوی  کە وا دەکات بڵێیت کە سەردەمی زێڕین و زۆر بێگەرد دەرکەوتووە.  هاوکاتیش ئەمریکای دووەم هەیە – ئەمریکایەک کە زۆرینەی خەڵک بۆ ژیانیان  ئەم مووچە دەیانداتە دەست ئەو مووچە و هەوڵدەدەن  بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە زۆر سەرەتاییەکانی ژیان، وەك  خۆراک، چاودێری تەندروستی، خانووبەرە و پەروەردە لە دەستەویەخەدابن.

ڕاستییە سادەکە ئەوەیە کە پێشتر لە مێژووی ئێمەدا ئەوەندە کەس خاوەنی ئەوەندە سامان و دەسەڵات نەبووە کە لە کاتێکدا زۆرێک لە بێ هیوایی ئابووریدا دەژین. لە ئەمریکای یەکەمدا، پیاوێک – ئیلۆن ماسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، کە خاوەنی زیاتر لە 480 ملیار دۆلارە، خاوەنی سامانی زیاترە لە 52%ی خێزانەکانی ئەمریکایە.  دواتریش ماسك 290 ملیۆن دۆلاری بۆ هێنانی ترەمپ بۆ ناو کۆشکی سپی خەرج کرد، کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە زیاتر لە 180 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. ئەوەش بەدەستهێنانێکی زۆر باشە لەسەر وەبەرهێنانەکەی. بەڵام وادیارە هەر ئەوە بەس نییە بۆ ماسک. بۆ ئەوەی مۆتیڤێکی وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکار هەبێت، دەستەی کارگێڕی تێسلا پێشنیاری کرد کە پاکێجی مووچەی یەک تریلۆن دۆلاری پێبدرێت، تریلۆنێك دۆلار  ئەگەر هەندێک ئامانجی بەدیهێنا. 

 جێف بیزۆس چوارەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە و سامانەکەی 232 ملیار دۆلارە. دەتوانێت بە کەشتی بەرەو ڤێنس بە یەختەکەی کە 500 ملیۆن دۆلارە سەوڵ لێدات بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی کە 50 ملیۆن دۆلار تێچوویەتی.  لەوێ ئەڵقەیەکی 3-5 ملیۆن دۆلاری بە هاوسەرەکەی بەخشی  – چونکە لەنێو ئەم شتانەی تردا ، ڕێژەی باجی فیعلی کە لەسەر ئەوە  تەنها 1.1% .

مارک زوکێربێرگ، سێیەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، سامانەکەی 258 ملیار دۆلارە. ئەو 110 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ کڕینی 11 خانوو لە شاری پالۆ ئاڵتۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ دروستکردنی یەکەیەکی تایبەتی خۆی، هەروەها 270 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ زیاتر لە 2300 ئەکر زەوی لە هاوایی لەگەڵ بنکەرێکی ژێرزەمینیی 5000 پێی چوارگۆشە و سێ یەخت کە بەپێی زانیارییەکان بەهای زیاتر لە 530 ملیۆن دۆلارە.

لاری ئێلیسۆن، دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان – کە سەرمایەکەی 377 ملیار دۆلارە – لەم دواییانەدا لە یەک ڕۆژدا نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەوڵەمەندتر بوو. خاوەنی دوورگەیەکی تایبەتە لە هاوایی لەگەڵ بەلەمێکی فڕۆکەی جێت، ئێستاش دەوترێت هەوڵی کڕینی کۆمپانیا گەورەکانی میدیای وەک وارنەر برۆس و سی ئێن ئێن دەدات.

تەنها ئەم چوار پیاوە بەیەکەوە سامانیان  زیاترە لە 1.3 تریلۆن دۆلارە. بەڵام ئەوە بە تەنها هەر ئەوان نین. ئێستا 1%ی ئەوانەی کە لەسەرەوەی کۆمەڵەوەن  خاوەنی سامانی زیاترن لە 93%ی خەڵکەکەی کە لە خوارەوەی کۆمەڵن. ئەو 1%یە لە جیهانێکدا دەژین کە بە تەواوی لە ئەمریکییە ئاساییەکان دوورخراوەتەوە. ئەوان سواری میترۆی قەرەباڵغ نابن بۆ ئەوەی بچنە سەر کارەکانیان، یان لەناو قەرەباڵغی هاتوچۆ ناکەونە ناو ترافیکەوە بۆ ئەوەی بگەنە ماڵەوە. ئەوان بە فڕۆکەی تایبەت و هێلیکۆپتەر کە خاوەنیانن دێن و دەچن. لە سەرانسەری جیهان لە کۆشکەکاندا دەژین، منداڵەکانیان دەنێرن بۆ نوخبەترین قوتابخانە ئەهلیەکان و لە دوورگەکانی خۆیان پشوو دەدەن. ئەوان بۆ خۆشی خۆیان ، چەند ملیۆنێك دۆلار خەرج دەکەن بۆ ئەوەی بە کەشتییە موشەکییەکانی خۆیانەوە بفڕن بۆ بۆشایی ئاسمان.

هەر ئەوە نییە پاشان ئەمریکای تریش ، دووهەمیش، هەیە، کە زۆرینەی ڕەهای گەلەکەمان تێیدا دەژین. بۆ ئەوان ئابووری تەنیا تێشکاو نییە، بەڵکو لە داڕماندایە. لەم ئەمریکایەدا سەرەڕای زیادبوونی بەرفراوانی بەرهەمهێنانی کرێکاران، کرێی هەفتانەی ڕاستەقینە بۆ کرێکاری ئاسایی ئەمریکی ئەمڕۆ کەمترە لە چاو زیاتر لە 52 ساڵ لەمەوبەر. لەم ئەمریکایەدا، خەڵک توانای سەردانی پزیشکیان نییە (ئەگەر ئەوەندە  بەختەوەر بن پزیشێکێك بدۆزنەوە) .  لەمانەش زیاتر لە نیوەی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووەکانیان دەدەن و ناتوانن تێچووی گرانبەهای چاودێری منداڵان بدەن یان منداڵەکانیان بنێرن بۆ کۆلێژ. 

لەم ئەمریکایە نرخی سەوزە و میوە و خواردنە تەندروستەکانی تر بۆ زۆر کەس لە دەرەوەی بودجەیانە .  بۆ زۆربەی ئەمریکییەکان سیستەمەکە تەنها تێنەشکاوە، بەڵکو لە ڕووخاندایە و تادێت لە ژیانی جیهانی سێیەم دەچێت. هەموو کەسێک پێویستی بە چاودێری تەندروستی هەیە. بەڵام ئەمڕۆ زیاتر لە 85 ملیۆن ئەمریکی تەئمینی تەندروستییان نییە یان تەئمینەکەیان زۆر کەمە و لە سای حوکمداریی ترامپدا بە بڕی 15 ملیۆینی دیکە ئەم ژمارەیە زیادی کردووە ئەمەش ئەو  پرۆژەیەی ترامپە کە پێی دەڵێن پرۆژەی، یا لائیحەی  گەورە و جوان.

هەموو کەسێک پێویستی بە خانووبەرەیە ، بەڵام ئەمڕۆ نزیکەی 800 هەزار ئەمریکی بێ ماڵ و حاڵن و زیاتر لە 20 ملیۆن ماڵ زیاتر لە 50%ی داهاتە سنووردارەکانیان بە کرێ یان سلفەی عەقاری خانووکانیان دەدەن. لە ساڵی 2000 وە تێکڕای کرێی خانوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و نرخی خانویەکی مامناوەندی بۆ زیاتر لە 435 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.

هەموو کەسێک پێویستی بە پەروەردەیەکی شایستە هەیە. بەڵام ئەمڕۆ سیستەمی چاودێری منداڵانمان تێشکاوە و بە شێوەیەکی باوەڕ پێنەکراو گرانە. زۆرێک لە قوتابخانە حکومییەکانمان وێرانن و مامۆستایان کەم مووچە و کەم بەهان و خوێندکارانی ئەمریکی لە بیرکاری و زانست و خوێندنەوە بە بەراورد لەگەڵ هاوتەمەنە نێودەوڵەتییەکانیان لە دواوەن.  خوێندنی کۆلێژ بۆ ملیۆنان کەس ناتوانرێت و قوتابخانە پیشەییەکان شکست دەهێنن لە ڕاهێنانی ئەو کارمەند وکرێکارانەی کە زۆر پێویستمانە. هەموو کەسێک پێویستی بە خانەنشینییەکی مسۆگەر و پارێزراو هەیە. بەڵام نزیکەی نیوەی کرێکارە بەتەمەنەکان هیچ پاشەکەوتێکی خانەنشینییان نییە و هیچ بیرۆکەیەکیان نییە کە چۆن هەرگیز بە هیچ پارچەیەکی کەرامەت و ڕێزەوە خانەنشین دەبن. هاوکات 22%ی کەسانی بەساڵاچوو هەوڵدەدەن بە داهاتێکی کەمتر لە 15 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا بژین.

بەسە بەس
 وەک دادوەری دادگای باڵا لویس براندیس لە ساڵی 1933 دا وتی: دەتوانین دیموکراسی لەم وڵاتەدا هەبێت یان دەتوانین سامانێکی گەورەمان لە دەستی کەم کەسەکاندا چڕبێتەوە، بەڵام ناتوانین هەردووکیانمان هەبێت. ئەو هۆشدارییە لەمڕۆدا پەیوەندیدارترە. لەم ساتەوەختە سەرەکییەی مێژووی ئەمریکادا، دەبێت حکومەتێک و ئابوورییەک دروست بکەین کە بۆ هەمووان کار بکات، یان بەردەوام دەبین لە خلیسکان بۆ ئۆلیگارشی – کە چینی ملیاردێر حکومەتەکەمان و ئابووریمان و داهاتوومان کۆنترۆڵ دەکات. با بە هاوئەمریکییەکانم بڵێم: دەزانم ژیانی ڕۆژانە دەتوانێت کاریگەری هەبێت، بەڵام نابێت ڕێگە بە خۆمان بدەین کە بکەوینە نائومێدی. ئەگەر ڕێگە نەدەین لە لایەن ترەمپ و هاوپەیمانەکانی ئۆلیگارشیەوە دابەش بین، دەتوانین ئەو ڕێگایە بگۆڕین کە لەسەری دەڕۆین. هەڵبژاردنەکە ڕوونە. با پێکەوە بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوەستین.

وه‌رگێڕانى: زاهیر باهیر

وه‌رگێڕ ده‌ڵێت: بۆ زانینی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە ئەمەریکا بە پێویستیم زانی کە ئەم وتارە وەرگێڕمە سەر زمانی کوردی کە لە 24ی سێبتەمبەردا لە لایەن بێرنی سێندەر، سێنەتای ئەمەریکی، لەڕۆژنامەی گاردیانی به‌ریتانی دا بڵاویکردۆتەوە، دیارە من لەگەڵ ئایدیای ئەودانیم کە بەگۆڕینی حکومەت دەکرێت خەڵکی لەو بارودۆخە ڕزگاریببێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی