قەفەسەکان بشکێنن!!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د.ئەمیر حسێن

مام ڕێوی دەڵێت:“مریشکەکان بۆ ئەوە نەهاتونەتە ژیانەوە بۆ ئەوەی لەقەفەسدا زیندانی بکرێن، بەڵکو پێویستە قەفەسەکان بشکێنن، بۆئەوەی ئازادبن بەناوکێڵگەکاندا، لەوکاتەدا گەمژەکان چەپڵەیان بۆ حیکمەتی ئازادیخوازانەو پەرۆشی مام ڕێوی لێدەدا، مام ڕێوی چاوی دەبریسکایەوەو سکی برسی هەڵدەگڵۆفی“ .

ئەگەرچی ئەمە بەدیمەنێکی زۆر سادەو ساکاری، ئەفلام کارتۆنەکانی نێو دوونیای منداڵیمان دەچێت، بەڵام ( ئازادی) لەم دیمەنەدا، وەک ئاڵۆزترین چەمکی هزريی و فەلسەفی، لەنێو تەموومژی مینە چێندراوەکانی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، لەفۆڕمێکی زۆر تراژیديی و غەمگیندا خۆی نمایشدەکات.

ئەرستۆ دەڵێت:“مرۆڤ بونەوەرێکی پەیڤەرە (قسەکەر) “ئەم پێناسەیە شوناسێکی فەلسەفی گشتيی و تێگەیشتنێکی قوڵ بۆ مرۆڤ دادەڕێژێ، بەتەنها لەبەر ئەوەنا، مرۆڤ لەڕێگەی قسەکردن و گۆکردنی زمانیەوە، وەکو باڵاترین خەسڵەت و تایبەتمەندی، توانای پەیوەنديی و لێک تێگەیشتنی لەگەڵ ئەوانیتردا بەگەڕخستوە، چونکە لەمەدا زۆر بونەوەری تر لەگەڵ مرۆڤ هاوبەشن، بەڵکو بایەخی ئەم پێناسە لەوەدایە، مرۆڤ خاوەنی لۆگۆس ( Logos )ە، واتا عەقڵ و لۆژیک و بڕیاردان و توانای بیرکردنەوەو دەربڕینی واتادار، گەر تەنها لەڕەهەندی ئەبستمۆلۆژیەوە ڕاڤەی ئەم دەربڕینە وەرگرین، زمان دەبێتە ئامرازێکی چالاک بۆ گەیشتن بەزانین، بۆ ئەو مەبەستەش چەمکەکان بەرهەمدەهێنێ و بیرۆکەکانیان تێداهەڵدەگرێ و ناو بەشتەکان دەبەخشێت، ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێ هەر لەسەرەتاوە مرۆڤ بیر لەسەرکێشی دەستبەسەراگرتنی بوون و گەردون بکاتەوە، ئەگەرچی سەرەتا لەفۆڕمێکی زۆر ڕەمزيی و سادەشدابێت.

لێرەوە ئیترمرۆڤ لەگەڵ بەشێکی زۆر لەو چەمکانە دەچێتە ململانێی ساغکردنەوە، ساغکردنەوەی ڕەسەن لەناڕەسەن، ڕاسەتەقینە لە وەهم ، ڕیالیتی لەسەراب، ڕاستگۆیی لەدرۆ، ئۆرجیناڵ لەکۆپی، ئازادی وەکو ئاڵۆزترین چەمک هێندە سرکە، هێندە نوسخەی ساختەو ناڕەسەن و وەهمی وکۆپی زۆرە، مرۆڤ ناچارە تا ئەمڕۆش وەکو سەراب هەمیشە بەشوێن ساغکردنەوەیەوەبێت، چونکە ئازادی چەمکێکی پاک نیيە وەکو بەردەوام بیری لێدەکەینەوە، بەڵکو ماسکێکە بەپێی ویست و بەرژەوەندیەکان قۆناغ و سەردەمەکان، سیماو تایبەتمەندیەکانی گۆڕانی بەسەردادێت، ئەگەر لە قۆناغێکدا بانگەشەی ڕزگاربوون بێت ، دەکرێ لە قۆناغێکی تردا ئامرازێک بێت بۆ خۆسەپاندن و سەرکوتکردن ، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ناحەقی وتاوان و بەدناویەی بە ناوی چەمکی ئازادیەوە دەکرێ، هێشتا بەلای هیگڵەوە  “ئازادی جەوهەری ڕوحە“. ئەگەرچی سارتر جەختدەکاتەوە لەوەی مرۆڤ بەبێ پێش مەرجی جەوهەر دەخوڵقێت، بەڵکو ئەوە خودی خۆیەتی وەستایەتی وچەکوشکاری لەڕێگەی کردارو بژاردەکانیەوە، بۆ داتاشین و فۆڕمەڵەکردنی جەوهەرەکەی دەکات، هەر بۆیە ئازادی بەلای سارتەرەوە ئیمتیاز نیيە بەدەستی بێنی، بەڵکو قەدەرێکەو ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین، جۆرێکە لەبارگرانيی هۆشیاريی و بەرپرسیارێتی، بەرامبەر ئەو مانایەی خۆمان هەڵیدەبژێرین.

زۆرترین شیمانەی لادان و لەباربردنی مانای ئازادی ڕاستەقینە، ئەوکاتە دەردەکەوێ، لەگۆڕەپانی فەلسەفەوە سەر هەڵدەگرێ و دەگوازێتەوە نێو گوتاری سیاسيی و مێدیایی، لێرەوە ئیتر هێدی هێدی ڕەهەندە ئەخلاقیەکەی لەدەستدەداو، دەبێت بەئامرازێکی موونەرمی تەسلیمبوو بەدەسەڵاتدارانی سیاسيی، ئەوانیش لەبەرگێکی بەلاغەی زمانەوانی وەردەپێچن، بەچەندین ڕەنگ و جۆری داتاشراو، فڕێیدەدەنە گۆڕەپانی ململانێ سیاسيی و کۆمەڵایەتیەکان، بۆهەڵخەڵەتاندن و دەستبەسەراگرتن، تادەگاتە سەرکوتکردن و ئەتککردنی خودی ئازادی.

مەرج نیە ئەوەی داوای ئازادی دەکات ئازادی خوازبێ ، زۆرن ئەوانەی دەخوازن وەکو ئامڕازێک ، بۆ مەرامی گەیشتن بە داخوازیەکانیان بەکاری بێنن . مەترسیدارترین ئەتک و بوختان دەسەڵاتی سیاسی دەیداتە پاڵ ئازادی ، فۆکۆ پێیوایە دەسەڵاتی سەردەم ، پێویستی بە هەڵچنینی دیواری زیندانەکان و کەلەپچەو زنجیرنیە ، بەقەد ئەوەی گوتارێکی جوان و سەرنجڕاکێشی سۆزدارانەی داڕێژراو ، لەمەڕ ئازادی بخاتە بازاڕەوە ، بەسە بۆ هەڵخەڵەتاندنی عەوام و خۆ سەپاندن ، چونکە زمان بەخێرایی ، بەناو تونێلە تاریکەکانی باوەڕو ماشێنە زەبەلاحەکانی میدیادا ، دەخزێتە نێو هۆشیاری کۆمەڵگاو، بێ سڵەمینەوە ڕێگە بەخۆی دەدات دەستکاری بیروباوەڕی تاکەکان بکا ، لە گەمەیەکی ناشیرینی سیاسی و میدیایدا ، تا باوەڕیان پێ بێنێت ئازادن ، بەڵام لە ڕاستیدا بەبێ ئەوەی زنجیرو کەلەپچە لە دەست و پێیاندابێت ، لە ناو قەفەسێکی گەورەتردا دەستبەسەرن . ئازادی ڕاسته‌قینه‌ به‌ گوتارو داڕشتنی زمانه‌وانی و میدیایی به‌ته‌نیا به‌رهه‌م نایه‌ت ، به‌ڵكو پڕۆژه‌یه‌كه‌ گرێدراوی ئاستی هۆشیاری بە کۆمەڵەو، له‌ ئاگامه‌ندی و بوێری تاکەکانەوە سه‌رچاوه‌ی گرتوە ، پێش ئه‌وه‌ی متمانه‌ بدات بە دەستەوە ، گوتارو دروشمەکان دەخاتە ناو مەنگەنەی گومانەوە و به‌ سۆنەری لۆژیكدا ڕاڤه‌ی عه‌قڵانیان بۆ ده‌كات ، هەڵیان دەتەکێنێ و دووبارە بنیاتیان دەنێتەوە .

نیچە پێیوایە “ ئازادی بەرپرسیاریەتیە “ ،  زۆرینەی مرۆڤەکان شانیان لە ژێر، ئەم بەرپرسیاریەتیە ڕاستەقینەیەدا ، پێ ڕاست ناکرێتەوە ، بۆیە هەر زوو لەو بەرپرسیاریەتیە قورس و وجودیە ڕادەکەن ، ئەم ڕاکردنە ئەگەر بەدیوێکدا خۆدزینەوە و هەڵهاتن بێت ، ئەوە بەدیوەکەی تریدا ڕاکردن و گەڕانە بە شوێن کەسێکی تردا ، بۆئەوەی ئەم بەرپرسیاریەتیە لەسەرشان وملمان هەڵگرێ، لوتف بنوێنێ و فەزایەک لە وەهمی ئازادیمان بۆ بخوڵقێنێت ، لێرەوە بێ دودڵی و خۆبەخشانە ئیرادەی خۆمان تەسلیم بە کۆپیەکی دزێوو ناشیرینی ئازادی دەکەین ، خۆمان لەبارگرانی بەرپرسیارەتی ڕاستەقینە دەشارینەوە ، ئەم ترسە لە بەرپرسیارەتی بەردەوام دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ ڕێویەکانی نێو دونیای سیاسەت ، وەک عەرابی ئازادی خۆیان پێشکەش بکەن وسود لە  بێدەنگی و گەمژەیی زۆرینەی ناو کۆمەڵگە وەربگرن .

لە کۆتایدا ، گەلی کورد بەدرێژایی مێژوو ، پڕۆژەیەکی ئامادەیە بۆ قوربانیدان ، لە پێناو ئازادیدا زۆرترین قوربانی بە سەخاوەتەوە بەخشیوە ، هەرگیز بەغیلی نەکردوە لە پێشکەشکردنی باشترینەکانی ، بەڵام دوای ئەم هەموو قوربانیە هێشتا بەتاسەوە عەوداڵی ئازادی ڕاستەقینەیە ، ئەمەش ئاماژەی سیخناخی دونیای سیاسی ئێمەیە ، بە جەڵەبێک ڕێوی سیاسی ساختەچی خاوەن ئەزموون ، بێشەرمی ئەم دەستەبژێرە سیاسیە ، بە جۆرێک چاوەڕوی لێ هەڵماڵیون ، زات بکەن ماف بەخۆیان بدەن ، دەست بەرن بۆ تاڵانکردنی نەک تەنها ئێستا و ڕابردوو ، بەڵکو خەونی ئایندەو چارەنوسی نەوەی داهاتوومان . لێرەوە ئیتر ئازادی لە دەرەوە بەدەست نایەت ، بەڵکو لە ناوەوە بەرهەم دەهێنرێ ، لە ئازایەتی و هۆشیاری تاک ، بۆ جیاکردنەوەی دەنگی ڕاستگۆیانە ، لە هات وهاوارو زوڕنای چەقەڵ و ڕێویەکان . ئازادی بە ژمارەی قفڵە شکاوەکان و زنجیرە پساوەکانی دەست و پی ناپێورێ ، بەڵکو بە هەڵکشانی هۆشیاری و بێداربونەوەی هۆشی کۆیلەی ناو قەفەسەکان بەدی دێت ، ڕێویەکان زۆرن لە وڵاتی ئێمەدا ، بەردەوام وەک ڕزگارکەر، دەهۆڵ بەناوی پارێزەری ئازادی و دادپەروەری دەکوتن ، بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا ئازادی ڕاستەقینەو شکاندنی قەفەسەکان لە وڵاتی ئێمەدا ، تەنها نمایشێکی کارتۆنیە . 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە