دەگێڕنەوە گوایە
پیاوێک حوشترەکەی بزر دەکات ، دوای گەڕان و سوڕانێکی زۆر نایدۆزێتەوە ، بۆیە زۆر توڕەدەبێ
و بڕیار دەدات هەر کاتێک بیدۆزێتەوە بە دینارێک بیفرۆشێ ، بەڵام کاتێک دەیدۆزێتەوە
پەشیمان دەبێتەوە ئاوا هەرزان فرۆشی بکا ، بۆیە بەدوای تەکبیرێکدا دەگەڕێ ، تادەگات
بەوەی لەگەڵ پشیلەیەک بە پەتێک بە یەکترەوە دەیان بەستێتەوە ، دەیان بات بۆ فرۆشتن
، کاتێک لە نرخەکەی دەپرسن دەڵێت : هەردوکیان بەیەکەوە دەفرۆشم ، هیچیان بەجیا نافرۆشم
، حوشترەکە بە دینارێک و پشیلەکە بە هەزار دینار . بۆیە خەڵک بە پێکەنینەوە دەیانگوت
ئەو حوشترە چەند هەرزانە ئەگەر ئەو پشیلە نەبوایە .
ئەم پەندە وەکو پارادایمی
بازرگانێکی داهێنەر و ساختەچی قۆڵبڕ دەردەکەوێت ، لە کاتێکدا ڕاستگۆیی لە بەجێگەیاندنی
بەڵێنەکەیدا پێشان دەداو ویژدانی ئاسودە دەکات ، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ، لە لایەکی ترەوە
دەست بەرداری باخەڵ و قازانجە ماددیەکانی نابێت ، وەک تەماح و نەریتێکی هەمیشەیی بەرژەوەند
خوازی بازرگانی ، لەو کاتەوە ئەم چیرۆکە وەک پەند و ئیدیۆمی لێهاتوە لە بواری تێکەڵکردن
و پێکچواندندا. جابری ئەم تێکەڵکردنە بە عەقڵی دوو ڕوو ناو دەبات ، لەیەک کاتدا پاک
و پیس ، جوان و ناشیرین ، فەزیلەت و ڕەزیلەت ، تاریکی و ڕوناکی ، دڵسۆزی و خیانەت ،
نیشتیمانی و نا نیشتیمانی …. تا دەگاتە ئەخلاقی و نا ئەخلاقی بەپێی خواست و بەرژەوەندیەکانی
تێکەڵ دەکا . چونکە ئەم جۆرە سەوداو مامەڵانە پێش ئەوەی ڕەهەندی بازرگانی ڕوتی هەبێ
، ڕەهەندی قوڵی ئەخلاقی زاڵە بەسەریدا ، لێرەوە ئیتر نرخ و بەهای شتەکان تەنها وابەستەی
جەوهەری شتەکان خۆیان نیە ، بەڵکو کات و شوێن و مێژوو جوگرافیا تەنانەت سێبەری شتەکان
کاریگەریان لەسەر دیاریکردنی بەهاکەیدا هەیە .
ئەگەرئەم چیرۆکە
لە مانا سادەوساکارە ڕەمزیەکەیدا ، وەک میتافۆڕ وەربگرین ، دەبینین لە هەناوی کۆمەڵگەی
ئێمەدا چ تراژیدیایەک دەگوزەرێت ، بەتایبەت لە نێو کایەی دزێو ناشیرینی سیاسیەتدا ،
لەسەر دەستی دەستەبژێرێکی سیاسی بێ مۆڕاڵی شکست خواردوو ، بەردەوام نیشتیمان و خەونی
نەتەوەیی و داخوازیەکانی گەلەکەمان ، بە بیرە نەوتەکان و قازانجی کۆمپانیا ڕەنگاوڕەنگەکانیان
و بنەماڵەکانیان دەپێون و تێکەڵ دەکەن ، تەنانەت دیموکراسی و ئازادی ، لە پرسێکی گرنگ
و چارەنوس سازی وەکو هەڵبژاردندا ، بە پێش مەرجی دانانەوەو بردنەوەی خۆیان و هێنانە
پێشەوەی منداڵ و کەسوکارەکانیان دەبینن ، لەکاتێکدا هەڵبژاردن لە سادەترین پێناسەدا
گۆڕانکاری ودەستاو دەستکردنی دەسەڵاتە ، ئەو گۆڕانکاریەی بە خەونیش لە ڕۆژهەڵات و کوردوستاندا
بە هەڵبژاردن بەدی نایەت ، چونکە لە م ناوچەیە دەسەڵات وەک تاپۆی ڕەش ، بە سەر چەند
خانەوادەیەکدا دابەشکراوە ، ئەوەتا زیاتر لە سی ساڵە زوخاو بەگەروی ئەم کۆمەڵگایەدا
دەکەن ، بەناوی سیناریۆی هەڵبژاردنەوە ، جگە لە پرۆسەی بێ بەها کردنی هاوڵاتیان و بەدەستهێنانی
ڕەوایەتی ساختە ، بۆ شکاندنی کەرامەت و زەوتکردنی مافەکانی شتێکی زیاتر بە مانای گۆڕانکاری
ڕوینەداوە ، بە دیوەکەی تردا زۆر بێ شەرمانە ، قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە لە پێناو هەڵچنینی
قەڵاتی سەرمایەی دزی و گەندەڵی و تاڵانی بۆ خۆیان ، لە کاتێکدا دەیان هەزار ڕۆڵەی هەژاری
ئەم وڵاتە لە پێناوی ئەم نیشتیمانە گیانی خۆیان بەخشیی ، بەڵام ئەمڕۆ کەس و کارو منداڵ
و نەوەکانی ئەنفال و کیمیاباران ، لە هەژاری و بێ ئومێدیدا سەریان هەڵدەگرن ، بە ناو
دەریاو زەریاکاندا موجازەفە دەکەن ، بۆ هەڵاتن لە بێکاری و ستەم و نادادی ئەم دەسەڵاتە .
لە کۆتایدا ، سیاسەت
بەلای ئەم دەستە بژێرانەوە ، کراسێکە تەنها بە بەری خۆیان بڕاوە و بەس ، تەنانەت ئەم
نیشتیمانە بە میراتی باپیرانیان دەزانن ، قبوڵ ناکەن کەس هاوبەشیان بکات لە بەڕێوەبردنیدا
، وەک بارمتە مامەڵە دەکەن ، لەگەڵ هاونیشتیمانیاندا ، پێیان وایە هەرچی بکەن تەنها
چاکەو پیاوەتیە ، دەبێت بە فەزیلەت بۆیان ئەژماربکرێ ، نەک ئەرک و بەرپرسیاریەتی ،
هەر بۆیە هەموو جوانیەکانی نیشتیمانیان هۆنیوەتەوەو ، کردویانە بە گەردنی حزب و بنەماڵەکانیاندا
، بەڵام هێشتا دەعبایەکی دزێوو ترسناک و ناشیرینن .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی