بە ڕوونی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

كاوە مەحمود

ڕۆژی جیهانیی هونەرمەندان بە بێدەنگی تێپەڕی
لەسەر پێشنیازی هونەرمەندی كەنەدی كریس ماكلور، لە ساڵی 2024 بڕیاردرا 25ی ئۆكتۆبەر بە ڕۆژی جیهانیی هونەرمەندان دابنرێت. ئەم ڕۆژە ڕێكەوتی ڕۆژی لەدایكبوونی هونەرمەندی بەناوبانگ پابلۆ پیكاسۆیە.
25ی ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێك لە بەشێك لە وڵاتانی جیهان ‌و ئەو كۆمەڵگەیانەی هەند بۆ هونەر بە هەموو جۆر‌ و شێواز‌ و قوتابخانەكانی دادەنێن، ئەم ڕۆژە بە هەلێكی گەورە دەزانن بۆ جەختكردنەوە لەسەر گرنگیی هونەر لە ژیانی مرۆڤ‌ و پیداویستی داهێنانی ئەم بوارە لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتیدا.
لەگەڵ بوونی ژیان، مرۆڤ بوونەوەرێكی هونەرمەندبووە. هونەر ئامرازی پەیوەندی لەگەڵ بەرامبەر‌ و داهێنانی هونەرمەندانەی مرۆڤ كەرەستەی بەرهەمهێنانی ‌و پێداویستییەكانی ژیانی دروستكردووە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەنگاوەكانی پێشكەوتن ‌و بنیاتنانی شارستانییەكان ‌و پێشكەوتنی قۆناغەكانی مێژوو، ڕاستەوخۆ بە بەرهەم‌ و داهێنانی هونەرمەندانەوە بەندبووە‌ و تەنانەت بیركردنەوە لە دواڕۆژ‌ و دابینكردنی ئاسوودەیی‌ و بەیەكەوەژیان ‌و بەختەوەری، خەونی بێسنووری هونەرمەندان بووە.
هونەرمەندان جوانی بە ژیان دەبەخشن ‌و بەرهەمەكانیان دەرفەتی پێداچوونەوە ‌و نۆژەنكردنەوەی قەناعەتەكانمان بوونە. هەر بەرهەمی هونەرمەندانە شوێن ‌و ڕووداوەكان ‌و كەسایەتییەكانیان بەزیندوویی هێشتۆتەوە.
بەرهەمی هونەرمەندان ‌و بابەت ‌و رەنگ‌ و كەرەستەكانیانە مامەڵەی لەگەڵ هەست‌ و سۆز‌ و ئەندێشە ‌و تێڕوانینمان بۆ ئایندەیەكی گەشتر كردووە ‌و وانەیەكی گەورەی پێمانبەخشیوە، كە چۆن بەكراوەیی ‌و بێ كۆتاییهاتن بڕوانینە مێژوو، كە هەر خودی مرۆڤ ئەو مێژووە دروستدەكات.
هونەرمەندان جوانی بە ژیانمان دەبەخشن‌ و وزەی ئەرێنیمان پێدەدەن ‌و دەرگای گەشبینیمان بۆ واڵادەكەن‌ و بەدرێژایی مێژوو سەرجەم ئەو كارانەی كراوە بۆ تابوودانان لەسەر هونەر ‌و تەكفیركردنی هونەرمەندان‌ و تێكشكاندن ‌و قەدەغەكردنی بەرهەمی هونەری بە بیانووی پاراستنی پیرۆزیی ئایدیۆلۆجیای ئایینی‌ و نائایینی جگە لە ناشرینی، هیچی دیكەی بە مرۆڤ ‌و مێژوو نەبەخشیوە .
داهێنانی هونەرمەندانە كاروانێكی كەلتووری مرۆڤایەتی ‌و بنەمای سەرەكی شارستانی جیهانە ‌و لە هەمان كاتدا ئامرازی هەمەچەشنی ‌و یەكبوونی شارستانییەكانە.
هەرچەندە ڕۆژی جیهانی هونەرمەندان بابەتێكی سومبولییە، بەڵام لە واقیعیدا هەموو ڕۆژەكان ڕۆژی ئەو هونەرمەندانەیە، كە سەرجەم بابەت ‌و وردەكارییەكانی ژیان بە سەركەوتن ‌و نوشستی، خۆشی ‌و ناخۆشی، بەشێكن لە ئەجیندەی ژیانی ڕۆژانەیاندا. هونەر هەردەم داهێنانێكی مێژوویی مرۆڤایەتییە كە چەمكی پێداویستی دروستیكردووە. پێداویستی بۆ بینینی ڕەش ‌و سپی ‌و سەرجەم ڕەنگەكانی دیكە. پێداویستی بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ یەكتر.. پێداویستی بۆ گۆڕانكاری ‌و تێكۆشان بۆ عەدالەت ‌و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوازەكانی چەوساندنەوە.
كە دەڵیم هونەر‌ و هونەرمەند، مەبستم تێكڕای بوارەكانە بە نواندن ‌و پەیەكەرتاشی‌ و هونەری تەشكیلی ‌و سینەما .. میوزیك... تەلارسازی.. شانۆ.. سەما ‌و هەڵپەركێ فۆتۆگراف ‌و سەرجەم بوارەكانی كاری داهێنانی هونەریی دیكە ‌و بەپێی ئەزموونی مێژوویی، سنوور بۆ جۆر ‌و شێوازەكانی هونەر ‌و قوتابخانەكانی دانانرێن ‌و هەردەم بەكراوەیی دەمێننەوە.
هونەر هەردەم تۆماركردنی ئەو كاروانە بوو كە مێژووی تێكۆشانی مرۆڤی بۆ پێشكەوتن ‌و یەكسانی نووسیوەتەوە ‌و هونەرمەندانیش هەردەم هەڵگری ئەو خەونە مەزنەی مرۆڤایەتی بوونە.
هونەرمەندانی كوردستانیش لە هەر چوارپارچەی نیشتمان، پارێزەرانی مێژوو‌، و شارستانی وڵاتبوون. پەیكەرە ئاركەلۆجییەكان ‌و كەرەستە گڵییەكان ‌و وێنە ‌و ئاماژەكانی نێو ئەشكەوتەكان ‌و نووسینی مێخی ‌و ستوونی باڵاخانەكان ‌و تەلارسازی گوند‌ و شارەكۆنەكان، بەرهەمی هونەرمەندانێكن ناویان تۆمارنەكراوە، سەربازی ئەوەی كە ونبوونە لە داهێنان ‌و بۆ جیهانیان سەلماندووە، كە شارستانی میزیۆپۆتامیا ‌و زاگرۆس سەرەتا دێرینترین شارستانی جیهانە‌ و سەرجەم میتۆلۆجیاكان بە بەرگی ئایینی یان نا ئایینی بووبێت بەرهەمی نیشتمانی ئێمەیە. هونەرمەندانی سەدەكانی پێتریش لە ڕیگای بەرهەمەكانییانەوە لەم كاروانەدا بەردەوامبوونە‌ و پاراستنی زمان ‌و كەلتوور ‌و شوناس ‌و مانەوەمان وەك گەلێكی دێرین ‌و توانای بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە دوژمن‌ و نەیارانمان ‌و كرانەوەمان بەرامبەر شارستانییەكانی دیكە ‌و سەقامگیربوونی كەلتووری بەیەكەوەژیان لە ژیان ‌و بەرهەمی هونەرمەندان جیاناكرێتەوە.
ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێك زیاتر كە كار بۆ زیادكردنی بەربەستەكان لە نیشتمانی گەورەمان دەكرێت، كاری هونەرمەندان یەكێكە لە سەنگەری سەرەكی بەرەنگاربوونەوە ‌و تێكۆشان ‌و پاراستنی شكۆمەندی گەل ‌و یەكبوونی شوناسەكەی ‌و چەسپاندنی شوناسی نیشتمانی كوردستانی زاڵ بەسەر شوناسە لۆكاڵییەكان كە بۆ لەتكردن ‌و دابەشبوونی دابەشكراو جۆشدەدرێت، بۆیە ئەمڕۆ كاركردن بۆ دامەزراندنی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان، كە سەرجەم هونەرمەندانی رۆژهەڵات ‌و ڕۆژئاوا‌ و باكوور ‌و باشوور بگرێتەوە، كارێكی پێویستە‌ و بەو هیوایەی لە ڕۆژی هونەرمەندانی جیهانیی ساڵی ئایندەدا ئەم خەونە جێبەجێبكرێت‌ و ئەمەش دەبێتە گەورەترین ئاهەنگ‌ و بۆنەی رۆژی هونەرمەندان بۆ ساڵی 2026.
سڵاو لە هونەرمەندانی كوردستان كە لەم رۆژەدا خەونی نیشتمانیان لەكۆڵگرتووە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی