دۆنی گا-یەو لە گا-ی دەدەنەوە، كەچی دەیكەنە منەت بەسەرمانەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر


بانگەشەی هەڵبژاردنی كوردستان لەهی وڵاتان و میللەتانی دیكە جیاوازترە. ئۆپۆزسیۆنەكەی خەریكی دروشمبازیی بێ‌ كردارە، تەنها لەتۆڕی كۆمەڵایەتی دەیانبینین و گوێمان لێیان دەبێت هەر خەریكی بۆڵەبۆڵ و گارەگارن و رەخنەدەگرن بەبێ‌ هەنگاوی كردارەكیی. تائێستا نەیتوانیوە ببێتە بەدیل و ئەلتەرناتیڤی ئەم دەسەڵاتە كە بۆخۆیان بەردەوام رەخنەی لێدەگرن.
دەسەڵاتدارەكەیشی دوای نزیكەی 35 ساڵ لەحوكمڕانیەكی خراپ، بەدروستكردنی جادەیەك، شەقامێك، پردێك كە بەپارەی میللەت كردویەتی دەیەوێـت خەڵكی كوردستان شوكرانەو سوپاسی بكات و دووبارە دەنگی پێبداتەوە.
لەم بانگەشەیە یەكێك هەڕەشە دەكات، یەكێكی دیكە منەت بەسەر خەڵكەوە دەكات. یەكێك جنێوان دەدات و یەكێكی دیكەش ئەمڕۆ بیستم دەیگوت هەرچی دەستكەوتی كوردستانە حزبەكەی ئەو نەبوایە نەدەهاتەدی..تد
من نازانم دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی كوردستان پێناس و تەعریفی دەستكەوت چۆن دەكەن؟! دەستكەوت ئەوەیە كە نزیكەی 35 ساڵە دەسەڵاتدارێتی كوردستان هەیە، بەڵام تائێستا حكومەتێكی یەكگرتووی رێكوپێك نەبووە ئەسڵەن 3 ساڵە كەس نازانێت پێناسی ئەم حوكمڕانیەی هەرێم چییە! ساڵێكە هەڵبژاردن كراوە كەچی كەس نازانێت كەی حكومەتی نوێ‌ دروستدەبێت. بۆیە ئەم حوكمڕانیەی ئێستا لەهیچ كونجێكی قانون و دەستورو مەنتقی شەرعیی جێگەی نابێتەوە. 35 ساڵە تائێستا هەڵبژاردنێك لەوادەی خۆیی نەكراوەو بەخاوێنی بەڕێوەنەچووە. رەنگە دەستكەوت ئەوە بێت 35 ساڵە هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەو ئاسایش و هێزە ئەمنیەكانمان نییە. یان دەستكەوت ئەوەبێت كە ماوەی 12 ساڵە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەیان موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان بەناوی پاشەكەوت خواردوەو ئێستاش خۆیان لێ‌ نەبان كردووە!
رەنگە دەستكەوت ئەوە بێت كە نزیكەی 10 ساڵە پەرلەمانی كوردستان بەتەواوی بێ‌ ئەرزش و بێ‌ بەهاكراوەو لەمەدا هەم موعارەزەو هەمیش دەسەڵات سوچبارو گوناهبارن، وەك ئەوەی هەردوولا رێككەوتنیان كردبێت لەم وێرانەییە بێدەنگن. خۆ ئەگەر مەبەستیشیان لەدەستكەوت بریتی بێت لە پرۆژەی ریفراندۆم كە بەهۆیەوە نزیكەی نیوەی خاكی كوردستان لەدەستچوو، ئەوا گوناهێكی گەورە دەكەن، چونكە ئەوان خەونی سەربەخۆیی و گەیشتن بەكەناری ئارامیان بەخەڵك دەفرۆشتەوە، كەچی نەك نەیانگەیاندنین بەسەربەخۆیی، بگرە دوای ریفراندۆم شەڕی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆماریان دەكرد تاوەكو سوێند بخۆن یەكپارچەیی خاكی عیراق بپارێزن!
لەماوەی 12 ساڵی رابردوو، حوكمڕان و دەسەڵاتدارانی هەرێم شكست لەدوای شكستیان بەسەر هەرێم و خەڵكی كوردستان هێناوە، دەبوو لەباتی منەتكردن، ئێستا داوای لێبوردنیان كردبا.
ئێستاش كە پردێك، جادەیەك، شەقامێك یان هەر پرۆژەیەكی دیكە بەبەشێك لەپارەی ناوخۆو داهاتی ناشەفاقی نەوتی كوردستان دروستیدەكەن، بەشێك لە داهاتی نەوتی ئەم میللەتە خۆیەتی پرۆژەی پێ‌ دروستدەكەن بۆ دەبێت شوكرانەتان بكەن؟! چ پێویست دەكات بۆ هەڵبژاردن بیكەنە موزایەدەو بەدەستكەوت بەخەڵكی كوردستانی بفرۆشنەوە! لەكاتێكدا هەر پرۆژەیەك لەوانەی ئێستا رایدەگەیەنن، دەبوو بەر لە 20 ساڵ دروستتانكردبا، نەك ئێستا بیكەنە دەستكەوتی هەڵبژاردن و داوای شوكرانەمان لێبكەن. كورد گوتەنی قەرزارباریشمان دەكەنەوە، كورد گوتەنی دۆنی گایەو لەگای دەدەنەوە، بۆ دەیكەنە منەت بەسەرمانەوە؟! نوسەرو شاعیری فەلەستینیی غەسان كەنەفانی دەڵێت:
.
يسرقون رغيفك
ثم يعطونك منه كِسرة
ثم يأمرونك أن تشكرهم على كرمهم
.
كولێرەكەت لێ‌ دەدزن، دوایی پارویەكت لە كولێرەكە دەدەنەوە، دواتر داوات داوات لێدەكەن سوپاسیان بكەیت لەسەر بەخشندەییان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی