سپاسنامەیەک بۆ گالڤان نەک بۆ سەددام

4 کاتژمێر پێش ئێستا

none

هەندێک جار شاکارێکی هونەری یان ئەدەبیی تاکە کەسێک، پاڵەوانی شانۆییەک یان فیلمێک، هێندەی چەندەها ساڵی خەباتی گەلێک یان سەرکردەیەک، کاریگەردەبێت.

 یاخود هێندەی لۆبی گروپێک یان دەزگایەکی دەستەگەری، لە گەیاندنی ئازاری گەلێک بە دونیای دەرەوەی خۆی، خێراتر پەیامەکەی دەگات.

یەکێک له هەرە هۆکارە سەرەکی و گرنگەکانی هێنانەپێشەوەی کەیسی جوولەکە، لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی و بەر تیشکی میدیاکان، دۆکیومێنتکردنی خێرای گێرانەوە تاکە کەسییەکانی، ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست بوو. بەڵام کورد لە دوای ٣٧ ساڵ لە ئەنفال، هێشتا ڕووفاتی ئەنفالکراوانی، بۆ نەگەڕێندراوەتەوە زێدی خۆیان. جگە لەوەش زۆرینەی رزگاربووانی ئەو پرۆسەی جینۆسایدکردنە، یان مردن وچیرۆکەکانیشیان لە گەڵیاندا نێژران، یاخود پیربوون و بەڕێگەی مەرگەوەن. ئەم کارەسات لە بیرکردنە لە لای کورد، بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە و تەنانەت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای گەرمیان و جینۆسایدی ئێزیدییان و لە ناوبردنی ناسنامەی کوردانی باکور و ڕۆژئاوا و لە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات و زۆر کارەساتی دیکەش هەر ڕاستن. 

شەوی ٢٦ لە سەر ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، بە خۆشحاڵییەوە یەکێک بووم لە نێو ئەو هەزار و چوارسەدد تەماشاکەرەی نێو هۆڵی شانۆیی میللی ئۆسلۆ، بۆ بینینی شاکارێکی شانۆیی تاکە کەسی نەرویجی (کارێکی مەنەلۆجی شانۆیی)، لە ژێر ناوی "سپاسنامەیەک بۆ سەددام"دا، کە لە نووسین و  پێشکەش کردنی ئەستێرەی کۆمێدی کوردی-نەرویجی گالڤان مەهدی ٣٧ ساڵ بوو.

گالڤان مەهدی کە لەدایکبووی باشوری کوردستانە لە ١٩٨٨دا، پێشکەشکاری ڕادیۆیی، ئەستێرەی کۆمیدی، دەرهێنەر و ئەکتەرێکی بە ناوبانگی نەرویجی-یشە. مەهدی لە تەمەنی چوار ساڵیدا لە گەڵ خێزانەکەیدا وەک پەنابەری کورد هاتوونەتە وڵاتی نەرویج.

گالڤان خاوەنی چەندین پرۆگرام و کارو چالاکی هونەری و تەلەفزیۆنییە.  لە نوێترین  چالاکیدا و لە یەکێ لە هەرە شاکارە جوانەکانی، پێشکەش بە دانیشتوانی ئۆسلۆ و دەروبەری کرد. کارێک کە شایەنی ئاماژە بۆ کردن و دەست خۆشییە.  ئەم کارە شانۆییەی مەهدی لە دونیای هونەر پێی دەوترێ  "STAND UP"!

ستاند ئاپ-جۆرە هونەرێکی نمایشکاری شانۆییە، کە تێیدا کۆمیدیکار لە سەر شانۆ و بەرانبەر بە بینەرەکانی، چیرۆکی ڕاستەقینەی تراژیدی ڕەخنەگرانە، بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕی دەگێڕێتەوە. زۆرجار ئەو چیرۆکانە یان ئەزموونی تاکەکەسییە یان ڕووداوی هەنووکیی یان کارەساتی گرووپ‌ یاخود تەنانەت میللەتێکیشە. 

"سپاسنامەیەک بۆ سەددام" ناونیشانی ئەو شاکارە بوو کە کالڤان مەهدی زۆر بە ویقار و بە لە خۆبورد و زۆر بە وردیش، تەواوی تراژیدیای ئەنفال و جینۆسایدی سەر کوردی، له سەر دەستی سەددام و تەنانەت قوربانی دانەکانی کورد لە دژی داعش و بۆمبابارانی تورکیا و ئێرانی بۆ باشوری کوردستان و زۆر کارەساتی دیکەشی، بە شێوەیەکی کۆمێدیانە و گاڵتەئامێز، لە ماوەی تەنها کاتژمێر و نیوێکدا جێکردەوە. ئەو گێڕانەوەکانی پاڵپشت کردبوو بە هەندێ دیمەن و ڤیدیۆی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆڕەو. جگە لە نیشاندانی هەندێ دیمەنی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای کوردی لە سەردەمی ئێستادا. ئەو کە لە تەواوی ٣٧ ساڵی تەمەنیدا، تەنها چوار ساڵی یەکەم لە کوردستاندا ژیاوە! بەڵام توانی زۆر وەستایانە تەواوی وردەکاری ئەو کارەساتانە، بگەیێنێتە دڵ و دەروونی ئەو هەزار و چوارسەد بینەرەی نێو هۆڵی شانۆیی میللی ئۆسلۆ، وەکو ئەوەی تەواوی ژیانی لە کوردستاندا بووبێت.

من ئەو ڕۆژە جگە لە قاقای پێکەنینی بینەرانی ئەو کارەی کالڤان مەهدی، دیقەتی هەندێ چرکەساتی ناو هۆڵەکەم دا، کاتێ کالڤان ئەهاته سەر ناوکی گێڕانەوەی کارەساتەکان، تەنانەت گوێت نەک لە دەنگ، هەناسەشی لە بینەرانی ناو هۆڵەکە بڕیبوو. ئەو بینەرانی وەها تاساند بوون کە، وێناکردنی ئەو کارەساتانەی لە زیهنی خۆیاندا، زەحمەتتر کردبوو. لە کۆتایی نمایشەکەدا کالڤان سپاسنامەیەکی بۆ سەددام خوێندەوە کە کورتکراوەکەی ئەوەبوو کە، تۆ ویستت میللەتێک لە ناوببەی بەڵام سپاس کە ئێستا مردوویت و ئێمەش ماوین و ئەژین.

شایەنی باسە ئەم کارەی  کالڤان مەهدی لە تەلەفزیۆنی فەرمی نەرویج و زۆرینەی ڕۆژنامە بەربڵاوەکانی نەرویجدا، بە درێژی لە بارەیەوە نووسراوە و ڕەخنەکراوە بەوەی کارێکی هونەری شانۆیی گاڵتەئامێزی ڕەخنەگرانەی زۆر دەگمەنە، لە مێژووی کۆمێدیای نەرویجیدا! 

ماوەتەوە بڵێم هەندێ کاری تاکە کەسی هەن لە گەیاندنی دەنگی نەتەوەکەیان بە جیهانی دەرەوە کە بارتەقای خەباتی چەندین ساڵەی گەڵێک دەنگدانەوەی هەیە، بۆیە جێگەی دەستخۆشی و ڕێزلێنانن نەک  فەرامۆش کردن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی