پرسی دانوستانی
نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئۆجالان جێگای مشتومڕێکی زۆری لایەنە
پەیوەندیدارەکانە، هەندێک بە گرنگی دەبینن و هی واش هەیە لە پڕۆسەکە بە گومانە،
گومانەکان لەوەوە سەرچاوەی دەگرێت کە
گوایە لەبەرنبەر ئەو هەنگاوانەی ئۆجالان و پەکەکە ناویانە، هێشتان وەڵامێکی جددی
لە لایەنی تورکیا نەدراوەتەوە.
شایانی باسە، پرسی
دانوستان لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا تازە نیە، وە
پەیوەندیشی بە دۆخی ئۆجالان نیە لە زیندانی ئیمرالی، بگرە پێش دەستگیرکردنی ئەویش
لە نێوانی دەزگاکانی سەر بە دەوڵەت بە تایبەت دامەزراوەی میت و PKK دانوستان هەبووە.
لە هەرە دیارترینیان دانوستانەکانی نێوان تۆرگۆت
ئۆزال، سەرۆک کۆماری ئەوسای دەوڵەتی
تورکیا و ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٣، وە دانیشتنەکانی ئۆسلۆ لە ٢٠٠٨- ٢٠١٠، هەروەها پڕۆسەی
ئاشتی ساڵانی (٢٠١٣-٢٠١٥) بووە.
ئێستاش کە چەندین مانگ بەسەر دەستپێکی قۆناغێکی دیکەی دانوستانی نێوان
دەوڵەتی تورکیا و ئۆجالان تێدەپەڕێت، کە
بە بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ئۆجالان وەڵامی دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی درایەوە، خەڵک
بەراوردی هەنگاوەکانی دەوڵەت و PKK دەکات لە ناو ئەم پڕۆسەیەدا، بۆیە گومان لە جددیەتی دەوڵەتی
تورکیا دەکات، لە چارەسەری پرسی کورد، بەڵام ئەمەیان دیوەێکی پرسەکەیە، دیوە
شارواەکەی ئەوەمان پێدەڵێت کە ڕەواندنەوەی گومانەکان دوای ئەو قۆناغە دێت کە
قەندیل ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنیەوە ئەویش خستنی هەنگاوەکان بۆ ناو چورچێوەی
یاسایی و سیاسی.
شایانی باسە، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک
وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنی بۆ پەیامی ڕێبەرەکەیان لە ڕۆژانی (٥-٧)ی ئایار لە ١٢هەمین
کۆنگرەی خۆیدا بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی ( PKK )یدا، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی ١١ی
تەمووز لە ڕێوڕەسمێکی سونبلیکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە ٣٠ گەریلا لەبەردەم میدیا
جیهان و ناوخۆیەکان چەکەکانیان سووتاند، وەک ئاماژەیەک بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی
کۆنگرەی (١٢)ە.
دوایین هەنگاویش بریتی بوو لە کشاندنەوەی هێزەکانیان لە
ناوچەکانی نزیک لە مەیدانی جەنگ لە ناو خاکی باکوری کوردستاندا.
پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایا PKK لەبەرامبەر ئەو دەستپێشخەریانەی
ئەنجامی داوە ئایا چی دەستکەوتووە؟
پرسیارەکە لە
جێگای خۆیەتی دانوستان واتای تۆ لە بەرامبەر بەخشینێک دەبێت شتێک بەدەست بهێنیت.
ئەوەی کە تا ئێستا بۆ PKK وەک دەستکەوت هەژماردەکرێن
ئەوم خاڵانەیە:
سیاسەتی نکۆڵیکردنی پرسی کورد لە تورکیا دوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری کۆتایهات، بە تایبەت دوای لێدوانەکانی ئەم چەند مانگەی سەرۆک (کۆمار و پەرلەمان و سەرۆکی حزبەکان) ئەو سیاسەتەی کە ١٠٠ساڵە کۆماری تورکیای لەسەر دامەزراوە، ئەویش کە بەشیک بووە لە دەستوور و یاساکانی تورکیا.
ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیویست بە شەڕ و ئۆپراسیۆن کۆتای بهێنێت بە بوونی هیزی سەربازی PKK شکستی خوارد، بۆیە وا لایەنی بەرامبەر لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی ئاشتیانە ئەو هەنگاوە دەنێت.
سیاسەتی گۆشەگیری سەر ئۆجالان کە ساڵانێکە لە دژی پەیڕەو دەکرێت شکستی خوارد، وا ئێستا دەوڵەتی تورک ئۆجالان وەک موخاتبی چارەسەری پرسی کورد مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
بەڵام هەموو ئەمانە هیشتان بارتەقای ئەو هەنگاوە نایەن
کە PKK ئەمساڵ ناویەتی، بۆیە تا تورکیا دەست بۆ
هەموواری یاساکان نەبات گومانەکان رۆژ بە ڕۆژ زێدەتر دەبن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی