با راشكاوانەتر قسە لەسەر رۆمان بكەین

3 کاتژمێر پێش ئێستا

فوئاد سدیق



 لەناو ئەدەبیاتدا، بەتایبەت لە بونیادی پڕ گرێوگۆڵی ڕۆماندا، هەمیشە گەڕانێکی قووڵ و بێوچان بەدوای پرسیارە بنەڕەتییەکانی وجوددا هەیە. پرسیاری مانای شاراوەی ژیان، سروشتی نهێنیی مرۆڤ، بنەمای نادیاری ئەخلاق، قەفەزی ئازادی یان نەبوونی، وێنەی پڕ لە ئازاری بوون و تاریکایی بێ کۆتایی مەرگ، لەم ژینگە زۆر دژوارەدا بە شێوەیەکی هونەرییانە و تاقەتپڕووكێنەر خۆیان نمایش دەکەن. ڕۆماننووس، نابێت وەك فەیلەسوف  بە تیۆری و لێکدانەوەی وشکی ئەکادیمی پرسیارەکان بورووژێنێت، لەجیاتی ئەوەی وەک چەمکێکی وشک بمێننەوە، رۆماننووس دەیكاتە بەشێک لە خوێنی گێڕانەوەکە و لە ناخی کارەکتەرەکان و ڕووداوەکانەوە هەڵیدەقووڵێنی.
   با بڕوانینە شاکارەکانی ڕۆماننووسی گەورە ژۆزێ ساراماگۆی پرتوگالی. ساراماگۆ لە هەوڵدا نەبووە فەلسەفە بە شێوەیەکی زەق و ڕاستەوخۆ بخاتە نێو بەرهەمەکانییەوە، بەڵام بەهۆی پاشخانە فەلسەفییە قووڵەکەی و شارەزایی بێوێنەی لە تێگەیشتنی بۆ سروشتی مرۆڤ، لە ڕۆمانی نابینایی Blindness دا پرسیارگەلێکی گەورەی لەسەر ئەخلاق و ڕەفتاری مرۆیی ورووژاندووە. ئەم ڕۆمانە دیمەنێکی کابوسئاسای کۆمەڵگایەک نیشاندەدات کە لەناکاو تووشی نابینایی دەبێت. ساراماگۆ لێرەدا بەراوردێکی ڕوون لەنێوان فەلسەفەی هۆبز کە باسی سروشتی دڕندانەی گورگئاسای مرۆڤ دەکات لە كاتی بێ یاساییداو، فەلسەفەی لۆک و ڕۆسۆ ناکات کە زیاتر باسی سروشتی باش و بنەمای کۆمەڵایەتیی مرۆڤ دەکەن. بەڵکو دۆخێکی قەیراناوی و وێرانکەری دروستكردووە تێیدا هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان، لەناو قەفەزی نابینایی و ترسدا، سروشتی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا دەکەن. کاتێک خوێنەر ئەم ڕۆمانە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات ساراماگۆ لە پاڵپشتیکردنی بیروباوەڕی ڕۆسۆ و لۆک دوورەو زیاتر لایەنگری تێزەکەی هۆبزە سەبارەت بە سروشتی زگماکیی مرۆڤ، بەڵام ئەم لایەنگرییەی بە شێوەیەکی زۆر شاراوە و هونەریانە پێشکەشكردووە.لەلایەكی دیكەوە فەیلسوفانێکی وەک سارتەر کە یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی فەلسەفەی وجودی و ئەلبێرت کامۆ کە بە فەلسەفەی عەبەسی Absurdism ناسراوە ، خۆیان لە بنەڕەتدا فەیلەسوف بوون و بە قووڵی بیرۆکە فەلسەفییەکانیان لەناو ڕۆمان و شانۆنامەكانیاندا داڕشتووە. مێشەکان و هێڵنج ی سارتەر یان ڕۆمانی نامۆی کامۆ، تابلۆیەکن لە ڕوانینە فەلسەفییە قووڵەکانیان سەبارەت بە ئازادی و بەرپرسیارێتی و پووچی و بێمانایی ژیان. 
 لە لایەكی دیكەیشەوە، دۆستۆیڤسکی کە جیهانی دەروون و ئەخلاقیی مرۆڤی لە ڕۆمانەکانی بە وردی شیکردۆتەوە، یان شکسپیر لە شانۆگەرییەکانیدا پرسیارە گەورەکانی بوونی مرۆیی ورووژاندووە، ئەم دوو مرۆڤە گەورەیە(دۆستۆیڤسكی و شكسپیر) فەیلەسوفی ئەکادیمی نەبوون، بەڵام توانایەکی بێسنوور و سەرسوڕهێنەریان لە داڕشتنی دیمەنی فەلسەفیی قووڵ لە بەرهەمەکانیان هەبووە، بە ڕادەیەک زۆربەی فەیلەسوفە گەورەکان سوودیان لە ڕوانینەکانی ئەوان وەرگرتووە. مارکس یەکێک بوو لەوانەی بەردەوام شانۆنامەکانی شکسپیری دەخوێندەوە. شکسپیر لە ڕێگەی کارەکتەرەکانییەوە، وەک هاملێت کە لەبارەی بوون یان نەبوون دەدوێت، ڕاستییەکی قووڵی مرۆیی دەخاتە ڕوو کە بۆ سەدان ساڵە هانی فەیلەسوفان دەدات.
   با بێینەوە سەر بنچینەی بابەتەكەمان. بوونی تێگەیشتنێکی بنەڕەتی و فراوان لە فەلسەفەدا، یارمەتی ڕۆماننووس دەدات پرسیارەکانی بە داڕشتنێکی قووڵتر و وردترەوە دەرببڕێت و، لە چینە شاراوەکانی مانا بڕوانێت. ئاخر مانا لای هەر فەیلەسوفێک بەهایەکی جیاوازی هەیە. ئەم پاشخانە فەلسەفییە چینێکی فیکری دەداتە ڕۆمانەکەو، وادەکات تەنها سەرگەرمییەکی سادە و کاتیی نەبێت، بەڵکو دەبێتە گەشتێکی فیکریی ناوازە و ڕامانێکی قووڵ لەسەر جەوهەری بوون. ڕۆمانێک بیرۆکەی فەلسەفی قووڵی لەناودا بێت، زیاتر لە مێشکی خوێنەردا دەمێنێتەوە، نەقشێكە لەسەر بەرد هەڵکەندرابێت و دژ بە گەشەی کات دەوەستێتەوە.
   زۆرێک لە بیرۆکە فەلسەفییەکان، بەتایبەت ئەوانەی پێوەندییان بە ئەخلاق، دادپەروەری، سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بنەمای پێکهێنانی کۆمەڵگا و فەرهەنگێكی تازەن. فەلسەفە وەک ڕەگێكی قووڵ و شاراوەیە، بەڵام دارێکی زەبەلاحی بە گەشاوەیی لەسەر زەوی وەستاندووە، هەموو جۆرە میوەیەكی بەرهەمهێناوە. ڕۆماننووسێک ئاگاداری ئەم بنەمایانە بێت و لێیان تێبگات، دەتوانێت جیهانی ناو ڕۆمانەکەی بە باوەڕپێکراوی و واقیعییەتێکی جوانترو زیاترەوە دروست بکات و وێنەیەکی حاشا هەڵنەگر لەسەر ڕاستییە مرۆییەکان بکێشێت. ئەمەش وادەکات خوێنەر هەست بە ڕەسەنایەتی چیرۆکەکە بکات. تێگەیشتن لەوەی کام بیرۆکە فەلسەفییەکان پێشتر لەلایەن فەیلەسوفەکان یان نووسەرانی ترەوە ورووژێنراون، یارمەتی ڕۆماننووس دەدات زیاتر داهێنان بکات و بیرۆکەی نوێتر پێشکەش بکات، یان لانی کەم لایەنێکی نوێ و نادیار لە بیرۆکە کۆنەکان بخاتەڕوو، وەک ئەوەی چرایەک بەسەر گۆشەیەکی تاریکدا داگیرسێنێت و ژوورەکە بە ڕووناکییەکی نوێ پڕ بکاتەوە. ئەمەش ڕێگر دەبێت لە دووبارەکردنەوەی سادەو ساكاری و دەبێتە هۆی نووسینێکی قووڵترو ڕەسەنتر.
   کاتێک جەخت لە فەلسەفە دەکەینەوە، قەت مەبەستمان ئەوە نەبووە ڕۆماننووس بە مانای ئەکادیمییەکەی شارەزاییەکی زۆری لە مێژووی فەلسەفەدا هەبێت، چونکە زۆرێک لە ڕۆماننووسە گەورەکانی جیهان لە دوێنێ و ئەمڕۆشدا خاوەنی بڕوانامەی ئەکادیمی یان لێکۆڵینەوەی قووڵ لەم بوارەدا نەبوونە. بەڵام نابێت و ناکرێت بە کەسێک بوترێت ڕۆماننووسێکی گەورە، یان ئەوانەی دەیانەوێت ڕۆمانەکانیان قووڵایی و مانایەکی فراوانتریان هەبێت، خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵ لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی ژیان و بوونی مرۆیی نەبن. ئەم تێگەیشتنە دەکرێت لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام و بەرفراوان، ئەزموون و ڕامان لە ژیان، بیرکردنەوەی سەربەخۆ، یان تەنانەت بە شێوەیەکی سروشتی لە ناخی خۆیانەوە سەرهەڵبدات. ئەوەی گرنگە توانای دەربڕینی ئەو پرسیارە فەلسەفییانەیە لەناو چیرۆکەکەدا بە شێوەیەکی کاریگەر و هونەریی، ئەمەش بەبێ خوێندنەوە و تێگەیشتن لە فەلسەفە، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆش نەبێت، نایەتە دی. فەلسەفە چرایەکە ڕێگای ڕۆماننووس ڕووناکتر دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە لایەنە ئاڵۆزەکانی دەروونی مرۆڤ و جیهانی دەوروبەری.
  ڕۆماننووسێک شارەزاییەکی قووڵی لە فەلسەفەدا نەبێت، چۆن دەتوانێت پرسیارگەلێک لە ڕۆمانەکەیدا بورووژێنێت کە پێوەندییان بە ماناكانی ژیان، سروشتی مرۆڤ، ئەخلاق، دادپەروەری، ڕاستی، بوون و مەعریفەوە هەبێت، بێ ئەو شارەزاییبوونە تووشی هەڵەی گەورەو سەرلێشێواوی دەبێت.بەڵام کاتێک ئەو شارەزاییەی لە فەلسەفەدا هەبوو، هونەری گێڕانەوەکەیشی قووڵتر و فرە ڕەهەندترو جوانتر دادەڕێژێت و خوێنەر بە خۆی سەرسام دەکات. چونکە دەتوانێت لایەنە ئاڵۆزەکانی دڵەڕاوکێی وجودی، دۆخی ئەخلاقیی کەسایەتییەکان لە کاتی هەڵبژاردنە قورسەکاندا، ململانێی بیروباوەڕەکان کە جیهان دەشڵەژێنن، یان گەڕان بەدوای ڕاستیدا کە زۆرجار وەک گەڕان بەدوای دەرزییەک لەناو کۆگایەکی پڕ كەلوپەلدا وایە، زۆر بە شێوەیەکی چڕ و قووڵ بگێڕێتەوە، وەک ئەوەی لە ناخی مرۆڤەوە بدوێت و خوێنەر ناچار بکات ڕووبەڕووی قووڵترین ترس و ئاواتەکانی خۆی ببێتەوە.
  فەلسەفەی هاوچەرخ، وەک قوتابخانەکانی پۆست مۆدێرنیزم، هەڵوەشاندنەوەی دریدا و بوونگەرایی هایدگەر، چەمکگەلێکی وەک دەسەڵات کە فۆکۆ بە وردی شیكردۆتەوەو نیشانیداوە چۆن لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگادا خۆی حەشارداوە، زمان کە دریدا بە شێوەیەکی نوێ لێکیدەداتەوە و سنوورەکانی دەشکێنێت، بوونی مرۆیی و ڕاستی کە هایدگەر لە پرسیاری بووندا شیکارییان دەکات و دەریدەخات چەندە ئاڵۆز و قووڵن، بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز و قووڵ شیدەکەنەوە. ڕۆماننووسێک کە لەم چەمکانە تێبگات، دەتوانێت ڕۆمانەکانی بە چینێکی نوێ و ئاڵۆزتر دەوڵەمەند بکات و جیهانێکی ئەدەبی دروست بکات کە ڕەنگدانەوەی بیروباوەڕە فیکرییەکانی سەردەمەکەی بێت، شارەزاییت لە دریدا نەبێت، چۆن دەتوانی بیركردنەوەی  دوو پێچەوانەیی: باش-خراپ، ژن-پیاو، ڕووناكی-تاریکی، قسەکردن-نووسین بكەیتە جێی مشتومڕی نووسینەكانت؟!. ئەو ڕۆماننووسەی لە فەلسەفە شارەزا بێت، هەرگیز تیۆرەکانی فەیلەسوفێکی دیاریکراو بە سادەیی کۆپی ناکات یان دووبارەیان ناکاتەوە. بگرە، بە ئاگادارییەوە بیرۆکەکان وەردەگرێت و، گۆڕانکارییان تێدا دەکات، یان ڕێگایەکی نوێ و تایبەت بۆ دەربڕینیان دەدۆزێتەوە. وەک ئەوەی فەلسەفە ببێتە ڕەنگێک لە تابلۆکەی و لەگەڵ ڕەنگەکانی تردا تێکەڵ ببێت، نەک تەنها وەک لکێنراوێک بێت. ئەمە وادەکات نووسینەکەی زیاتر داهێنەرانە بێت و خاوەن ڕەهەندێکی تایبەت بە خۆی بێت، نەک تەنها وەڵامدانەوەیەک بێت بۆ پرسیارەکانی فەلسەفە، بەڵکو دروستکردنی پرسیارگەلێکی نوێ بێت کە فەیلەسوفانیش ناچار بکات لێیان بڕوانن.
   راستە هەندێک ڕۆماننووسی جیهانی هەن خاوەنی توانایەکی سروشتی و خودییانەن بۆ تێگەیشتن لە لایەنە قووڵەکانی مرۆڤایەتی و ژیان، ڕەنگە بە قووڵیش فەلسەفەیان نەخوێندبێتەوە. بەڵام لە ڕێگەی ئەزموون و تێڕوانینی خۆیانەوە، توانیویانە ئەو قووڵاییە فەلسەفییە بە خوێنەر بگەیەنن. وەک ئەوەی فەلسەفە لە ناخی ئەوانەوە هەڵقوڵابێت، نەک لە کتێب و وانەکانەوە. لەناو ئەدەبی کوردیدا، دەتوانین دوو نموونەی جوان و درەوشاوەی وەک نالی و مەحوی بهێنینەوە کە دوو لە جوانترین و بەتواناترین شاعیرانی کلاسیکی کورد بوونە. ڕەنگە فەلسەفەیان هەر نەخوێندبێتەوە، بەڵام شیعرەکانیان پڕن لە چەمکی فەلسەفی قووڵ لەسەر  وجود، خۆشەویستی و پرسیارە وجودییەکان، ئەمەش نیشانەی تێگەیشتنێکی سروشتی ناخییانە لە قووڵاییەکانی ژیان. شیعری نالی و مەحوی ئاوێنەیەکن ڕۆحی مرۆڤی تێدا دەبینرێتەوە، بە هەموو دڵەڕاوکێ و هیواکانیانەوە.
   من لێرەدا پێداگری دەکەم کە هەر ڕۆماننووسێک بیەوێت ڕۆمانێک بنووسێت و لەسەر پرسیارە بنەڕەتییەکانی ژیان و مرۆڤایەتی بدوێت،بیەوێت لە گێڕانەوەكانیدا ململانێیەكی دژوار زۆر دژوار دروستبكات،  یان ڕەخنە لە سیستەمە کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکان بگرێت، ئەوا خوێندنەوە و تێگەیشتنی قووڵ لە مێژووی فەلسەفەدا دەبێتە سەرمایەیەکی زۆر گەورە و پێویست، وەک بنچینەیەکی پتەو بۆ تەلارێکی بەرز و قەشەنگ کە بەرگەی زریان و تۆفان بگرێت. یەکێک لە بنەڕەتیترین ڕەهەندەکانی ڕۆمان، توانای گێڕانەوەی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە کە خوێنەر ڕابکێشێتە ناو خۆیەوە. ڕۆماننووسێکی باش دەتوانێت چیرۆکێکی پڕ لە گرێ و گۆڵ، ڕووداوی چاوەڕواننەکراو و گەشەسەندنی کەسایەتییەکان بگێڕێتەوەو خوێنەر چاوەڕوانی ئەنجامی  کۆتاییەکەی بكات. لێرەشدا، فەلسەفە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی ئەو گرێ و گۆڵانەی کە پێوەندییان بە ململانێی فیکری و وجودییەوە هەیە، وەک ئامێرێک کە پێکهاتەی چیرۆکەکە قووڵتر دەکاتەوە و چینەکانی ماناکەی زیاتر دەکات.
  ساراماگۆ، وەک نموونەیەکی زۆر باش، بە شێوەیەکی قووڵ و شارەزایانە فەلسەفەی لە ڕۆمانەکانی وەک نابیناییدا بەکارهێناوە و نیشانیداوە چۆن دەکرێت فەلسەفە لە هەناوەی گێڕانەوەدا بتوێتەوە، بەڵام بەو مانایە نییە هەموو ڕۆماننووسێک دەبێت هەمان ڕێگا بگرێتەبەر. گۆڕەپانی ئەدەب فراوانەو داهێنان بێ سنوورە. گرنگ ئەوەیە ڕۆماننووس تێبگات چ ڕەهەندێکی هونەریی دەوێت لە ڕۆمانەکەیدا پەرەی پێبدات و چ پەیامێکی گەورەی هەیە، پاشان ئامرازە گونجاوەکان بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بەکاربهێنێت.
     دیارە، لەپاڵ ئەم بۆچوونەی منیشدا، ڕۆماننووسی گەورەی جیهانی هەن کە فەلسەفەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەخستۆتە نێو ڕۆمانەکانیان، وەک ڤیرجینیا وۆڵف یان جیمس جۆیس. ئەوان زۆرجار تیشکیان خستۆتە سەر ڕەوتی هۆشیاری و شێوازە داهێنەرانەکانی زمان و مۆنۆلۆگی ناوەوە. لە ڕۆمانەکانی وەک خانمی دالاویی وۆڵف یان یولیسیسی جۆیسدا، قووڵاییەکەی زیاتر لە ڕێگەی پێکهاتەی زمان، گەشتێکی ناوەکی بەناو مێشک و هەستەکانی کارەکتەرداو دەربڕینە هونەرییەکانەوە دەگاتە خوێنەر، نەک لێکدانەوەی ڕاستەوخۆی تیۆرە فەلسەفییەکان. ئەوان جیهانی ناوەوەی مرۆڤ دەکەن بە کایەیەکی فەلسەفی کە خوێنەر خۆی لەو گەشتەدا ون دەکات. هەندێک ڕۆماننووس بە شێوەیەکی سروشتی توانای تێگەیشتن و دەربڕینی پرسیارە گەورەکانی ژیان و ئەزموونی مرۆییان هەیە. ئەوان ڕەنگە فەلسەفەیان بە قووڵی نەخوێندبێتەوە، بەڵام لە ڕێگەی چاودێریکردن و بیرکردنەوەی قووڵ لە ئەزموونی دەوروبەریان و لە ناخی خۆیاندا، توانیویانە ئەو قووڵاییە فەلسەفییە لە ڕۆمانەکانیاندا بەرجەستە بکەن. ئەم تێگەیشتنە سروشتییە زۆرجار لە قووڵایی ئەزموونی ژیان، هەستی مرۆیی، یان بینین و تێگەیشتنی قووڵی نووسەرەوە سەرچاوە دەگرێت. هەروەها، زۆرێک لە نووسەرانی کلاسیکی یان نووسەرانی فۆلکلۆر، بەبێ خوێندنەوەی قووڵ لە فەلسەفە، توانیویانە بە شێوەیەکی کاریگەر و قووڵ باس لە سروشتی مرۆڤ و ژیان بکەن، چونکە خودی ژیان گەورەترین مامۆستای فەلسەفەیەو ئەزموونی مرۆڤایەتی کتێبخانەیەکی بێ کۆتاییە. چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان، سەرەڕای سادەییان، پڕن لە حیکمەتی قووڵ کە ڕەگ و ڕیشەیان لە فەلسەفەیەکی گشتیدا هەیە.
   ڕۆماننووسین وەک تابلۆی گەورەیە دەتوانرێت بە ڕەنگ و شێوازی جیاواز بکێشرێت. هەندێک تابلۆ فۆکەس Focusیان لەسەر قووڵایی فەلسەفەیەو پێویستە وێنەکێش شارەزایی لە ڕەنگدانەوەی بیرۆکە فەلسەفییەکاندا هەبێت، وەک ئەوەی ڕۆحێک بە نەخشەکانیدا بژێنێت و هەر پڕشنگێک لە ڕەنگەکانی مانایەکی قووڵ بگەیەنێت. بەڵام هەندێک تابلۆی تر فۆکەسیان لەسەر جوانیی ڕەنگەکان، وردەکارییەکان، یان گێڕانەوەی ڕووداوێکی دیاریکراوە، بێ ئەوەی بە قووڵی بچنە ناو چەمکە فەلسەفییەکان، بەڵکو تیشک دەخەنە سەر جوانیی ڕووکەش و وردەکارییەکانی ژیان و هەستی مرۆیی. گرنگ ئەوەیە  تابلۆکە کاریگەریی هەبێت و لە ناخی خوێنەردا جێگەی خۆی بگرێت.
   لەکۆتاییدا، گرنگ ئەوەیە ڕۆماننووس تێبگات چ ڕەهەندێکی هونەریی دەوێت لە ڕۆمانەکەیدا پەرەی پێبدات و چ پەیامێکی گەورەی هەیە، پاشان ئامرازە گونجاوەکان و شێوازە کاریگەرەکان بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە بەکاربهێنێت. جا ئەو ئامرازە ڕاستەوخۆ فەلسەفە بێت کە وەک چرایەک ڕێگاکەی ڕووناک دەکاتەوە، یان تێڕوانینێکی فەلسەفییانە بێت کە لە ئەزموونی ژیانەوە وەرگیراوە، یان تەنها دەربڕینێکی هونەرییانە بێت لە ڕێگەی زمان و شێوازەوە کە خوێنەر لەناو جیهانێکی نوێدا ون دەکات. گرنگترین خاڵ ئەوەیە ڕۆمانەکە بتوانێت چرایەک بۆ هزری خوێنەر داگیرسێنێت و دەرگایەک بەسەر گۆشە شاراوەکانی بوون بکاتەوە، دەرگایەک بەرەو ڕامان و پرسیار، نەک تەنها وەڵام. چونکە جوانیی ڕۆمان لەوەدایە وا لە خوێنەر بکات پرسیار بکات، نەک تەنها پەسند بکات. ڕۆمانێکی گەورە، ڕۆحێکە بە وشە هەناسە دەدات.
   دەتوانین بڵێین رۆمانی بێ فەلسەفە، باخچەیەكە پڕ لە گوڵی جوان و رەنگاوڕەنگی بۆن خۆش، بەڵام لە دەشتاییەكە بێ پەرژین، بێ دیوار،بەڵام لەگەڵ هەر رەشەبایەك گوڵەكان  هەڵدەوەرێن و باخچەكە تێكدەدات، بەڵام رۆمانێك پڕ بێت لە بۆن و بەرامی فەلسەفەی ، وەك ئەو باخچەیەیە كە باسمان كرد، بەڵام لەگەڵیدا كۆشكێكی جوان لەناو باخچەكە دروستكراوەو، بە دیوارێكی رەنگاو رەنگ چواردەوری باخچەكە رازاوەتەوەو، هیچ رەشەباو زریانێك ناتوانێت گوڵەكان هەڵوەرێنێت و باخچەكە بشێوێنێت. ئەمەیە جیاوازییەكە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی