گڵۆپی سەوزی ترەمپ بۆ پۆتین: مردنی ئەخلاقی سیاسی لە ژێر سێبەری تڕەمپنیزمدا

6 کاتژمێر پێش ئێستا

_ سیروان عوبەید

لە کاتێکدا جیهان چاوی لە کوژانەوەی ئاگری جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا بوو، دۆناڵد ترەمپ بە دوو بڕیاری نوێی سەیر و پڕ مەترسی هەمووانی تووشی شۆک کرد: کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئەمە گڵۆپی سەوزە بۆ پۆتین، یان تەنها مردنی ئەخلاقی سیاسییە لە ژێر سێبەری تڕەمپنیزمدا؟

مەترسی یەکەم: گڵۆپی سەوز بۆ پۆتین: کەمکردنەوەی هێزەکانی ڕۆمانیا

یەکێک لە بڕیارە هەستیارەکانی دۆناڵد تڕەمپ بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی لیوایەکی دەورییەی شەڕکەر کە پێکهاتەی لە چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناتۆدا هەبوو، لەوانە لە بنکەیەکی ڕۆمانیا. ئەمە مانای ئەوەیە کە لیوای (٢ی پیادەی شەڕکەر)ی سەر بە فیرقەی ١٠١ی فڕۆکەوانی، پاش گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا، هیچ هێزێکی دیکە جێگەی ناگرێتەوە. هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێشتا نزیکەی ١٠٠٠ سەرباز لە ڕۆمانیا دەمێننەوە، بەڵام ئەم بڕیارە لە کاتێکدا درا کە مەترسییەکانی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە بەرزترین ئاستدان.

ئەم بڕیارە ڕەهەندێکی چەند لایەنەی هەیە: لەلایەک گوشاری دارایی: ترەمپ بەکارهێنانی کەمکردنەوەی هێزەکان وەک کارتێکی گوشار بۆ ناچارکردنی وڵاتانی ئەوروپا بەکاردێنێت، بۆ ئەوەی پابەندی داواکارییەکانی ببن، لەناویدا خەرجکردنی ٢٪ی داهاتی نیشتمانی بۆ بەرگری ناتۆ. بەتایبەت گە تا ئێستا هەندێک لە وڵاتانی ناتۆ، پابەندی گوشارەکانی پێشووی تڕەمپ نەبون لەو بارەیەوە.

دووەم: پەنجەرەیەک بۆ چین: فشارخستنە سەر شی جین پینگ
ئەگەرچی پاساوی فەرمی ترەمپ و ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ئەوەیە کە دەبێت سەرچاوەی مرۆیی و سەربازی زیاتر تەرخان بکرێت بۆ ناوچەی هیندۆ-ئارام، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی گەشەکردنی چین." بەڵام پێدەچێت زیاتر وەک کارتێکی فشار بووبێت بۆسەر شی و دانوستان لەگەڵ پەکین، بەتایبەتی لەژێر سێبەری تڕەمپنیزمدا.

دەکرێ ئەمە بۆ فشارخستنە سەر شی جیپینگ بووبێت، _ (بەکارهێنانی ئەوروپا وەک کارت): لەکاتێکدا کە ئەم بڕیارەی "کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەریکا"ی تێدا ڕاگەیەنرا، چەند ڕۆژێک پێش سەردانی شی جیپینگ بوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد تڕەمپ. بۆیە دەکرێ ئەم هەنگاوە (کە گوایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چینە) وەک گوشارێکی ستراتیژی لێکبدرێتەوە بۆ ئەوەی تڕەمپ لە کۆبوونەوەکەی لوتکەدا دەستی باڵا بێت. بە واتایەکی تر، تڕەمپ دەیەوێت بەم بڕیارە نیشانی بدات کە ئامادەیە ڕێچکەی سیاسەتی جیهانی بگۆڕێت بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دانوستانەکاندا. ئەمەش شێوازێکی تەواوی تڕەمپنیزمە، کە تیایدا ئاسایشی هەرێمی دەکرێتە کارتێکی بازرگانی و دانوستانکاری.

سێیەم: شڵەژانی ناتۆ: لێکدانەوەی وەک تەڵەیەکی ستراتیژی

ئەم هەنگاوەی تڕەمپ، دەکرێ وەک "گڵۆپێکی سەوزی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا" بۆ ڤلادیمێر پۆتین لێکبدرێتەوە. هەرچۆنێک بێت، ئەمە ئەگەری ئەوە زیاد دەکات کە مۆسکۆ هەوڵ بدات هێڵی سووری ناتۆ تاقی بکاتەوە. بۆ نموونە ڕەنگە لە ڕێگەی هێرشی سایبێری چڕتر یان زیادکردنی تێکدانی سنووری ئاسمانی ناتۆ هەنگاوبنێت، وەک لەمانگەکانی ڕابردوولەئاسمانی پۆڵندا و لیتوانیا و ڕۆمانیا ئەنجامی دا. بە لاوازی وجودی ئەمەریکا لەوێ، ڕەنگە پۆتین، وابیربکاتەوە یان زانیاری هەبێت کە پابەندبوونی ئەمریکا، بە ئاسایشی ئەوروپا لەژێر پرسیاردایە.

لێرەدا، کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا (وەک ڕۆمانیا) جێگەی سەرنجە، کە هەوڵیاندا بڵێن بڕیارەکە "چاوەڕوانکراو" بووە و پابەندبوونی ئەمریکا بە ماددەی ٥ی ناتۆ، هەر ماوە" بەڵام لەڕاستیدا ئەم بێدەنگییە سیاسییە ناتوانێت تا سەرنیگەرانییە ستراتیژییەکانی پشت پەردە بشارێتەوە.

چوارەم: تڕەمپنیزم؛ مردنی ئەخلاقی سیاسی لە جیهاندا

بڕیارە سەیرەکانی ترەمپ لەسەر ئاستی جیهانی، وەک دوایین بڕیارەکانی بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی لە ڕۆمانیا و هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، بەڵگەی کردەیین لەسەر گەشەکردنی دیاردەی تڕەمپنیزم. ئەم چەمکە تەنیا بیرۆکەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی سیاسەتی "لەپێشینەی ئەمریکایە" (America First)، کە نەخشەی مردنی ڕەوشتی نێودەوڵەتییە و بەرهەمی ئامانجگەرایی و بێ بەزەییی سیستەمی بازرگانییە. ئەم چوارچێوە فیکرییە بە تەواوی ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ترەمپ بڕیاری وەها مەترسیدار دەدات:
سیاسەت وەک بازرگانی: بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی ڕۆمانیا پەیوەندی بە ئەمنییەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە "نرخی خەرجکردن" (Cost) و "سودی ئابووری"ی هاوپەیمانانەوە هەیە. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە تێڕووانینی ئەمەریکا بۆ ناتۆ، لەسەردەمی تڕەمپ جیاوازە. لەڕووانگەی ترەمپ ەوە ناتۆ، وەک پڕۆژەیەکی ئەمنی نابینێت، بەڵکو وەک "کۆمپانیایەکی بیمە" کە پێویستە ئەندامەکانی کرێی زیاتر بدەن. ئەمەش نیشانەی بازرگانی کردن بە ئەمنییەتی گەلانەوەیە، چونکە ئاسایشی گەلانی ئەوروپا دەکرێتە کارتێکی مامەڵەی بازرگانی.

بێشەرمی لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان: بڕیاری دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی، وەک زۆرێک لەبڕیارە تاکلایەنەکانی پێشووی، بێ گوێدانە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر دروستبوونی سەردەمێکی نوێی "ڕەھای ڕامیاری"، کە تیایدا هیچ سنورێک نییە بۆ دەسەڵاتی زلهێزان، وهیچ ڕێزێک ناگیرێت بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان.
تاکلایەنی و بەجیهانیبوونی تڕەمپنیزم: کاتێک ترەمپ و پۆتین باس لە چارەنووسی گەلێک دەکەن بەبێ ئامادەیی نوێنەری ئەو گەلە، ئەمە نیشانەیەکی تری تڕەمپنیزمە کە تێیدا تەنها هێز بڕیار دەدات. ئەم بڕیارە نوێیانەی ترەمپ بەڵگەی تەواوکەرن کە ئێمە لە سەردەمی خشتەیەکی نوێی جیهانیداین؛ کە تیایدا ئەخلاقی سیاسی مردووە، و زلهێزەکان تەنیا سوود و بەرژەوەندی ڕەهای خۆیان دەخەنە سەرووی هەموو پێوەرە مرۆیی، یاسایی و ئەخلاقی و ئەمنییەکانەوە.

پێنجەم: مەترسی پرسی ئەتۆم و وێرانکردنی یەکجاری ڕێککەوتنەکان
بڕیارەکەی دۆناڵد جەی ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، بە پاساوی ئەوەی چین و ڕووسیا لە نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکانیاندا پێشکەوتوون، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو ڕێککەوتنەکانی دوای جەنگی سارد دەخاتە مەترسییەوە. کاتی ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەی ترەمپ و شی جین پینگ، دەکرێ وەک بەڵگەیەکی بەهێزبێت لەسەر ئەو ئامانجەی ترەمپ کە ویستبێتی بەم بڕیارە ڕاستەوخۆ گوشارێکی ئەتۆمی بخاتە سەر شی، تا پەکین ناچار بکات لەسەر مێزی دانوستان ملکەچ بێت. ئەمەش وەک کارتێکی "ترساندن بۆ پێکهێنان" لە چوارچێوەی تڕەمپنیزمدا لێکدەدرێتەوە...کە تیایدا مەترسیدارترین کارتی جیهانیش دەکرێتە ئامرازێکی تاکتیکی و سیاسی.

هاوکات لەم ڕووەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی توند بوو: ڕووسیا هەر زوو هۆشداریدا کە ئەگەر ئەمریکا دەست بەو تاقیکردنەوەیە بکات، ئەوا ڕووسیاش دەستبەجێ بە هەمان شێوە وەڵام دەداتەوە" ئە پێشهاتە پێشبینی ئەوەیان لێدەکرێت کە بڕیارەکەی تڕەمپ جیهان بەرەو سەرەتای پێشبڕکێیەکی نوێی چەکی ئەتۆمی پاڵبنێت. هەڵوێستی پەکین لەوبارەیەوە: تائێستا لەچوارچێوەی نیگەرانی دەربڕین و داواکردن بووە لە واشنتن کە خۆی لەم کارە بەدوور بگرێت، چونکە ئەم هەنگاوە لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) یەک ناگرێتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم گرژیی و ئاڵۆزیانە، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا پێکدادانی ڕاستەوخۆی ناتۆ و ڕوسیا، جەنگی سێیەمی جیهانی تا چەند نزیک بووەتەوە؟

سەرەڕای هەموو ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە هێشتا ئەگەری پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازی نێوان ناتۆ و ڕووسیا زۆر نزمە، ئەویش بەهۆی بوونی هێڵی سووری چەکی ئەتۆمییەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا لە ئاستێکی باڵای زۆر مەترسیداریشدایە. تەڵەکە لەوەدایە کە ترەمپ بە بڕیارە تاکلایەنەکانی، مەودای هەڵەی ستراتیژی لەسەر سنووری ناتۆ زیاد دەکات، کە دەتوانێت ببێتە هۆی وەڵامدانەوەی زنجیرەیی نێوان ڕووسیا و ناتۆ.

لەوبارەیەوە سێ سیناریۆی مەترسیدار هەیە، کە دەکرێ کۆنترۆڵی دۆخەکە لەدەست دەربچێت:

١. پێکانی خاکی ناتۆ: ئەگەر مووشەک یان درۆنی ڕووسی بە هەڵە یان بە مەبەست هێرش بکاتە سەر خاکی وڵاتێکی ناتۆ و، ببێتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی سنووری ناتۆ یان سەرباز، ئەوا ناتۆ ناچار دەبێت ماددەی ٥ چالاک بکات، ئەوەش مەترسی ڕاستەوخۆی پێکدادانی زلهێزەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەدۆخێکی لەمجۆرەدا بەئەگەری زۆر چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بەواتای کۆتایی جیهان دێت.

٢. بەکارهێنانی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا: ئەگەر ڕووسیا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لەسەر خاکی ئۆکرانیا بەکار بهێنێت. ئایا جیهان و ناتۆ دەتوانن بێ وڵام بمێننەوە؟ کە وڵامەکەی بە ئەگەرێکی زۆرەوە نەخێرە. بەڵکو ئەگەر زۆر ئەوەیە کە وڵامدانەوەیەکی ناتۆی بەدوادادێت، ئەو وڵامەش چ بە سوکی یان وڵامێکی گەورە بێت، لەهەردوو حاڵەتدا: پێکدانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ڕووسیا و ناتۆ ڕوو دەدات، ئەوەش ئەگەر جەنگی ئەتۆمی زۆر بەرز دەکاتەوە.

٣. پێدانی چەکی زۆر مەترسیدار بە ئۆکڕانیا: لەوانە: گواستنەوەی مووشەکی دوورهاوێژ وەک تۆماهۆکی ئەمەریکی، کە تڕەمپ پێشتر گوتی: " ڕەنگە بیدەین بە ئۆکڕانیا". ئەم موشەکە توانای پێکانی قووڵایی خاکی ڕووسیای هەیە، و لەلایەن مۆسکۆشەوە بە هێڵی سوور دادەنرێت.

لە کۆتاییدا، بڕیارەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی هێز لە ڕۆمانیا وهەڕەشەی دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، تەنها چەند بڕیارێکی سیاسی تاکتیکی نین، بەڵکو سەلمێنەری کردەیی ئەو تێزەن کە پێشتر باسمان کرد: مردنی ئەخلاقی سیاسی لە ژێر سێبەری تڕەمپنیزمدا. کاتێک ئاسایشی گەلێک یان ڕێزگرتن لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکرێتە کارتێکی مامەڵەی بازرگانی بە مەبەستی زیادکردنی "پارەی بیمە" لەلایەن هاوپەیمانانەوە، ئەوا سیستمی جیهانی لە بنەڕەتەوە دەشێوێت. کەواتە جیهان لە ئێستادا لە "خشتەیەکی نوێی جیهانیدا"یە کە تێیدا تەنیا سوودی ڕەها بڕیار دەدات، نەک یاسا و ڕەوشت، ئەمەش مەودای هەڵەی ستراتیژی گەورەتر و نزیکبوونەوە لە دۆخێکی نائارام دروست دەکات، کە ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ جەنگی سێیەمی جیهانی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی