تا ئەم چەند ڕۆژەش بڕوام نەدەکرد هەڵبژاردن لەو بەناو دەوڵەتەی عێراق بکرێت و ، خۆزگەم دەخواست وا بەناو یەکتری کەوتبان هیچیان بەسەر یەکتریەوە نەمابا ، بەڵام وا ئەمجارەش قەدەر و بەخت و دەڵەتێکی دراوسێ یاوەریان بوو و وایکرد کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆی ڕۆژی ٢.٢٥/١١/١١ ئەنجامدەدەرێت ، هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق کێبڕکێیە لەنێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و ئێران و هاوپەیمانانی لە لایەکی تر و ، لەو ململانێیەشدا شەڕی هەڵبژاردن زۆر تووندە کە لەسەر پارە و سامان و دەسەڵاتە ، ئەوانەی خۆشمان کە دەردەچن و دەچنە بەغدا شەڕ لەسەر مافەکانی کورد ناکەن بەڵکو ئەوانیش لەبەر پارە و سامان ئاگایان لە هیچ نامێنێت هەروەکو ئەوانی پێش خۆیان دەبن !! جگە لەمەش دابەشبوونیش لەناو خودی یەک پێکهاتە بە شیعە و سوننە و کورد هەیە و لەو گۆڕەپانەشدا کەس ئەوەی تر قبوڵ ناکات و ، پرسیاری مەرکەزیش ئەوەیە کە ئایا لەو کيبڕکێ نێودەوڵەتیە و وڵاتانی هەرێمیەدا ئەنجامەکان لە لایەن لایەنە شیعەکان قبوڵ دەکرێت ؟ ئەگەر قبوڵیش کرا ئەوە کارەکان بەنسبەت کورد هەروەکو جاران لەجێی خۆی دەبێت و شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت چونکە هەمان عەقلیەتی شۆڤینی هەر لەو کاتەی بەریتانیا ئەو بەناو عێراقەی بۆ دروستکردن و تائێستا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن و نەگۆڕاون و ، بەنسبەت هاوڵاتیانی عێراق-یش زەرەرمەندی یەکەم هەر ئەوانن کە بەدەست کۆمەڵێک قەیران گیریان خواردووە ، چونکە ئێستا عێراق لەنێو شەویلاگی دەوڵەتی قووڵدا کەوتووە ، ئەگەر سەیری دیمەنی سیاسی عێراق بکەین دەبینرێت کە نفوزی ئێران لەنێو حزبە شیعەکان و فەسائیلی چەکدار بەهێزە و ئێران کاردەکات بۆئەوەی کارەکان هەروەکو خۆی بمێنێتەوە ، ڕاستە تاران وێڕای ئەوەی زەبرێکی تووند بە توانا سەربازی و ئەتۆمیەکەی کەوتووە ، بەڵام تائێستا هێزێکی هەرێمیە و هەندێک وەرەقەی هێزی هەیە کە ببێتە نموونەی بەرگری و ڕیگری و توانایی لە مانەوەی نیزامەکەی و مانۆڕکردن و هەندێک جاریش خۆنوێکردنەوە لەناو چوارچێوە و ڕێسایەکەی خۆیدا هەیە ، بۆیە ئێران بەهەموو هێزەوە لێناگەڕێت لەو هەڵبژاردنەدا پارسەنگی هێز لەبەرژەوەندی ئەمەریکا یان هەر وڵاتێکی ئیقلیمی بگۆڕێت ، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی هەوڵدەدەن کە ڕێگای خزینی تەواوەتی عێراق بەرەو میحوەری ئێران ڕابگرن و چاودێری مەلەفی پەیکەری هێزە ئەمنیەکان و پەیوەندیەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کۆتاییهێنان بە ملیشاکان دەکات و پێشم وایە گەر بزانێت کە ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ئەودا نابێت بەبایەخەوە لێناڕووانێت و لە ئایندەش پشتگیری و یارمەتیدەر نابێت ، ئەگەر لەماوەی ئەو سی ساڵەی ڕابردودا واتە هەر دوای ڕوخانی سەدام سەیری گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەڵبژاردنەکانی بکەین ، تا ئێستا هەمان ئەنجام و هەمان پێکهاتەی تائیفی و هەمان عەقلیەت لەسەر دەسەڵاتە کە ڕێگری لە ڕێککەوتنی نیشتیمانی لەگەڵ هەموو پێکهاتە و لایەنەکان دەکات ، بایەخی ڕێککەوتنی نیشتیمانی لەوەدایە کە ڕێگریدەکات لە خورانی ماف و لەهەمان کاتیش دەبێتە ڕاستەڕێی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور ، جێی باسە کە مافەکان بەگشتی نایەنەدی تەنها بە دەستوور نەبێت نەک دەستوورێکی مەرەکەب لەسەر کاغەز وەک ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق پیادەی دەکەن ، هەربۆیەش دەسەڵاتدارانی عێراق نایانەوێت ڕێکەوتن یان کۆدەنگی نیشتیمانی دروستبێت ، هێنانەدی سەقامگیری لە هەر وڵات و کۆمەڵگەیەکدا پێویستی بە کۆدەنگی و ڕازیکردنی گشتی هەیە ، ئەمە مانای ڕێککەوتنی تەواو لەسەر هەموو شتێک نیە ، بەڵکو لەسەر ئەو پایانەی کە نوێنەرایەتی بناغە بنچنەییەکەی دەوڵەت یان کۆمەڵگا دەکات کە هەموولایەک لەسەری ڕازین و هەر ئەمەشە کە کۆدەنگی نیشتیمانی دەستووری دەوڵەت و قانونە بنچینەییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ، ئەگەر ئەوەش کرا ئەوە کێبڕکێی ڕاستەقینەی هەڵبژاردنی سیاسی لەو چوارچێوەیەدا ڕوودەدات و هەروەها کێبڕکێ لە هەر بوارێک لە بوارەکانی ژیان بەپێی ڕێساکانی کێبڕکی کە کێبڕکێکاران پێیوە پابەندن دروستدەبێت ، بۆیە ڕێکەوتن یان ڕازیکردن
کۆدەنگی نیشتیمانی دەهێنێتەدی کە چارەسەری هەموو کێشە و گرفتەکانە ، ئەمە وەک ئەو دوو تیمەیە کە لە یاریگادان ، ئەگەر دوو تیمەکە کە لەناو یاریگادان ڕێکنەکەون ، ئەوە قانونی بەڕێوەبردنی یاریەکە گرگنگترین توخمەکانی کێبڕکێ نکۆڵی لێدەکرێ و بەمە ئەو ڕکابەریەی کە تێیدا ڕکابەری دەکەن دادەڕمێت ، من پێم وایە ئەمە لەسەر عەرەبی عێراق بە سونە و شیعە و شوعی و لیبڕالی دەچەسپێت کە جێی متمانە نین ئەگەر دە هەڵبژاردنی تریش ئەنجام بدرێت و هەر وادەبین و پەنا نابردرێت بۆ دەستوور و بڕواشیان پێی نیە ، بەمەش دەبێت هەر لە بازنەی داخراودا بسوڕێینەوە و پابەندبوون بە بەرزترین پێوەری ئەخلاقی و بەڵێنەکان ئەوان هەروەکو جاران دادەدەڕمێن و دەبنە ژەهرێکی کوشندە !!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی