بانگەشەی هەڵبژاردن و ئاخێک بۆ حاڵی میللەت

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردەشت محەمەد

بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هات، میللەت مانگێکی پڕ لە قسە و وتاری دووبارەی بەڕێ کرد، کۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتاییهاتنی ڕاخستن بوو بەو سفرە و مێزانەی کە نیوەڕوان و ئێواران لە باخ و ڤێلا و لادێکاندا لەبەردەم دەنگدەراندا ڕادەخران و داوایان لێ دەکرا دەنگ بە بەربژێرەکان بدەن. ئەمە تائێرە دیمەنگەلێکی ئاسایی بوون، ئەم دیمەنانە بۆ ئێمە دیمەنگەلێکی دووبارە و هەزاربارە و نەگۆڕاون، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گۆڕاوە ئەوەیە نانخۆرەکانی ئێستا جیاوازن لە نانخۆرەکانی ڕابردوو.

لە ڕابردوودا نانخواردن لەسەر سفرەی کەسێک یان لایەنێک کەسی نانخۆری ڕوگیر دەکرد بەردەوام بێت لەسەر وادە و بەڵێنی خۆی، بەڵام ئێستا دیمەنێکی جیاوازتر دەبینین، دیمەنێک کەسی نانخۆر ڕووگیر نابێت و دوای لێبوونەوە لە نانخواردن ڕاستەوخۆ تێڕوانیشی دەگۆڕێت و هەرگیز ڕووگیر نابێت. 

ئەمەش دیسانەوە دەبێت ئاسایی وەربگرین، چونکە ئەمەی دەیبینین بەرهەمی سی ساڵی حکومڕانی دەسەڵاتی کوردییە و مرۆڤی ئێمەیان بەو جۆرە پەروەردە کردووە کە نابێت جێمتمانەی کەس بێت و نابێت متمانەی بە کەسیش هەبێت. لێردا ئێمە مەبەستێکی دیکەمان  هەیە و لە دیوێکی دیکەوە دەمانەوێت لە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بڕوانین. 

قۆناغی بانگەشە، وەک ئەوەی دەزانین، قۆناغێکە لە قۆناغەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و یەکێکە لە قۆناغە گرنگ و هەستیار و پڕبایەخەکان، چونکە لە قۆناغی بانگەشەدا کەسی دەنگدەر تێدەگات لە مەرام و مەبەستی کاندیدان و نوێنەرانی هێز و لایەنە سیاسییەکان. لە قۆناغی بانگەشەدا دەنگدەر تێدەگات، کە کاندید کێیە، بۆ دەبێت دەنگی پێبدەین و چی بیرۆکە و پەیامێکی پێیە.

لە قۆناغی بانگەشەدا، دەنگدەر تێدەگات کە پلانی حیزب و کاندیدەکان چییە بۆ گرفتە سەرەکییەکانی وڵات، وەک گرفتی ئابووری،  پەروەردە، تەندروستی،  کۆمەڵایەتی، هەر لە قۆناغی بانگەشەدا سیاسەتی دەرەوە بۆ دەنگدەر ڕوون دەکرێتەوە، بەڵام ئەوەی لە ساتەوەختی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراقەوە تاوەکو کۆتایهاتنی بانگەشە لە هەرێم بینیمان، نەک جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشی نەبوو، بەڵکو دەبێت بزانین هیچ نەتەوەیەک نییە، هێندەی ئەم گەلی کوردە بێبەرنامە بێت و ناوماڵی لێکترازا و بێت. ئەمەش جێگەی داخە. 

پێنج  خولی پەڕلەمانی لە عێراقدا تێپەڕیووە، هێشتا هێزە کوردییەکان تێنەگەیشتوون لەوەی دەبێت ئەو وتارانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەڕلەمانی عێراق دەوترێن جیاواز بێت لەو وتارانەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکاندا پێشکەش دەکرێن، ڕاستە هەریەک لەو هێزە کوردییانە لە کوردستان هەوڵ و تێکۆشانەکانیان بۆ ئەوەیە باوەڕ بە دەنگدەری کورد بێنن متمانەیان پێببەخشن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت ڕکابەرە سەرەکییەکانت لەبیر بکەیت، کە هێزە عێراقییەکان. ئەو هێزانەن دواجار لە پەڕلەمانی عێراقدا دژایەتیت دەکەن، ڕکابەرەکانت ئەو هێزانە بوون ڕێگەیان دەگرت لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و یاساکانی نەوت و غاز و بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و دژی ڕەوانەکردنی مووچەی مووەچەخۆرانی هەرێم بوون. 

هێزە کوردییەکان لەم قۆناغی بانگەشەدا ئەوەندەی خەریکی شکاندنەوە و تانە لەیەکدان بوون، نیو هێندە سەرقاڵی ناساندنی هێزە نەیارەکان نەبوون بە ئێمەی دەنگدەر. ئەوان لەبری ئەوەی پێمان بڵێن دەنگ بە ئێمە بدەن تا داکۆکیکاری سەرسەختی مافە ڕەواکانتانبین لە بەغدا،  پێیان وتین چاوەڕێ بن دوای هەڵبژاردن بۆتان دەسەلمێنین ئێمە لەشەڕ و ململانێی ناوخۆیدا چەند بەهێز و خاوەن بەڵێنین. ئەوان پێیان وتین دوای هەڵبژاردن هەلومەرجەکە دەگۆڕێت و دەمی تیغەکانمان تیژترە بۆ سەربڕینی یەکدی، بۆیە دەکرێت لە کۆتایدا بڵێین ئاخ بۆ حاڵی میللەتێک کە تیغەکەی دەستی خۆی ببڕێت و ختوکەی ملی نەیارەکەشی نەدات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی