لەم کۆمەڵگایەدا، سیاسەت هەروەکچۆن لەمێژە
پیشەیەکی هەرزان و سووک بووە هەتا سووکتر و پووچتر ببێت، زیاتر خەڵکی لێ
کۆدەبێتەوە. *
لە سەردەمی ئەسینای دەوڵەت-شاردا وتاردان لە
ئاستێکی مێتافۆڕیی و ڕیتۆریکی بەرزدا لە فەزای گشتییدا، هەم دیاردەیەکی باو و گرنگ
بووە هەم ناوەڕۆکی لۆژیکیی و عەقڵیی ئەو وتارانە گرنگییەکی زۆریان پێدراوە. ئەرستۆ
لە کتێبەکەیدا لەبارەی ڕیتۆریکەوە لە کتێبی دووەم و چاپتەری دوو تا چاپتەری یانزە،
باس لە پێکهاتە و ناوەڕۆکی وتار دەکات.
وتار سەرباری ئەوەی کە دەبێت یەکگرتووییەکی
ناوەکیی هەبێت هەروەها دەبێت چێوەیەکی گشتیی و ئامانجداری هەبێت کە تەواوی تەوەرە
جیاوازەکانی لە خۆ بگرێت و دواجار لە ڕووبەرێکدا هەمووان پێکەوە ئاوێتە ببن.
فەیلەسووفی مەزنی ئەسینایی، ئەرستۆ بۆ هەر
وتارێک کە ناوەڕۆکێکی لۆژیکی و عەقڵیی هەبێت و هاوکات توانای ڕازیکردنی جەماوەری
هەبێت و سەرکەوتوو بێت، سێ ڕەگەزی سەرەکی دیاریدەکات. ئەم سێ ڕەگەزە دەکاتە مەرج و
بنەمای سەرەکی هەر وتارێک، کاتێک لە فەزای گشتییدا لەلایەن کەسێکەوە پێشکەشدەکرێت،
جا ئەو کەسە، سیاسیی بێت یان فەیلەسووف و ڕۆشنبیر یان کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتیی
یان سەربازیی بێت هەمان شتە.
یەکەم، ئیتۆس: بریتییە لە ئەو لایەنەی وتار کە پەیوەندیدارە بە
کاراکتەری قسەکەرەوە کە ڕاستگۆیی و توانا و دەسەڵاتی قسەکەر لە وتارداندا دەبێتە
دروستبوونی متمانە لەلای ئامادەبووان. واتا ڕێز و متمانە لەلای گوێگران دروستدەبێت
بۆ قسەکەر بەهۆی ڕاستگۆیی و توانای دەسەڵاتی لە وتارداندا و هەروەها ئەو تایبەتمەندییانەی
کە لە کەسێتیی قسەکەردا هەیە و بەهۆیانەوە دەناسرێتەوە.
دووەم، لۆگۆس: ئەو لایەنەی وتار دەگرێتەوە کە گرنگی دەدات بە عەقڵ و
لۆژیک. واتا ئەو مەبەست و ئامانجەی کە قسەکەر دەیەوێت بیگەیەنێت یان بەدیبهێنێت
یان بۆ قەناعەتپێهێنان و ڕازیکردنی گوێگر و جەماوەر لەپێناویدا پەنا دەباتە بەر
بەڵگاندنی لۆژیکیی و ئەرگیومێنت و سەلماندنی عەقڵیی.
سێیەم، پاتۆس: بریتییە لە ئەو بەشەی وتار کە کاریگەریی دادەنێت لەسەر
هەست و سۆزیی گوێگر و جەماوەر. واتا قسەکەر هەوڵدەدات لە ڕێگەی وروژاندنی هەست و
سۆزی گوێگرەوە، دەروون و ئاوەزی ئاراستە بکات. ئەمەش لایەنە هەڵچونییەکانی وەکو
"توڕەیی، ڕق، بەزەیی، ترس و ... هتد" دەگرێتەوە.
لێرەوە و لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ئەرستۆ بۆ
وتاردان لە فەزای گشتییدا بۆ جەماوەر کە هەتا ئێستاش تێگەیشتنێکی بنەماییە، ئەگەر
هەڵسەنگاندنێکی خێرا بکەین بۆ وتارەکانی سەرکردە و سەرۆکی حزبەکانی هەرێمی
کوردستان لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، بە تایبەتی دوو حزبە
دەسەڵاتدارەکە و کاندیدەکانی چوار لیستی هەرە سەرەکیی ناو ئۆپۆزیسیۆن!. دەگەینە
ئەو ڕاستییە و یان لانیکەم ئەو باوەڕەی کە سەرەڕای خاڵیبوونەوەی کایەی سیاسیی و
دەسەڵاتدارێتیی لە کوردستان لە مانا ڕاستەقینەکانی سیاسەت و ڕۆحی دەزگایی و چاکەی
گشتیی و بە سێنتەر کردنی ماف و ئازادییەکانی هاونیشتمانییان، هەروەها بەتاڵییەکی
کوشندە لە تێگەیشتن و جیهابینیی فیکریی و سیاسیی بکەرە سیاسییەکاندا سەرەتا دوو
حزبە دەسەڵاتدارەکە و دواتریش حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان دەبینین و هەستپێدەکەین.
هەڵبەت، بۆ من و هەر کەسێکی دیکە، بە
لانیکەمی چاودێریی و خوێندنەوە و تێگەیشتنەوە بۆ پێکهاتەی کایەی سیاسیی و
دەزگاکانی دەسەڵاتدارێتیی، لەمێژە ئەوە ڕۆشنە کە ئەو مێنتاڵیتییەی لە تێگەیشتنییدا بۆ دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی، دەزگا
کارگێڕیی و قەزاییەکان و پێکهاتە و شوناسە فەرهەنگیی و کولتورییەکان لە پشت تەواوی
سیستمەکەوە ئامادەیە و ئاڕاستەی دەکات لێرە لە هەرێمی کوردستان، دوور و نزیک هیچ
نزیکایەتیی و ئاشنایەتییەکی نییە نەوەکو تەنها لەگەڵ مافە سیاسیی و مەدەنیی،
کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکانی هاونیشتمانییان وەکو تاک، ئیندیڤید، یان میدیای ئازاد
و سەربەخۆی ڕاستەقینە و ئازادیی ڕادەبڕین یان چاکەی گشتیی و ڕۆحی دەزگایی و یاسایی
دامەزراوەکانی دەسەڵاتدارێتیی هەروەکو لە دەوڵەتی سەر بە دنیای مۆدێرن و پیشکەوتوو
ئامادەیە، بەڵکو تەنانەت نائاشنایە بە ڕیتۆریکی سەرکردە سیاسییەکانی دەوڵەت و
میرنشین و ئیمپراتۆرێتییەکانی سەردەمانی بەر لە دنیای مۆدێرنیش.
بەڵام هێشتا بۆ جەختکردنەوە لەسەر پیشاندانی
بێلیاقەیی فیکریی و سیاسیی سەرۆک و دەسەڵاتداران، پێویستمان بە خوێندنەوەی
مێنتاڵیتیی و جیهانبینییەکەیان هەیە لە ڕوانگەی جیاواز و گۆشەی دیکەوە.
من بە درێژایی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە
وردیی گوێم بۆ هەر یەک لە وتارەکانی سەرۆک و سەرکردە سیاسییەکانی دوو حزبە
دەسەڵاتدارەکە بە پلەی یەک و دواتریش چوار لایەنی ئۆپۆزیسیۆن گرت.
وتارەکان نەوەکو لە پەنابردنە بە ئیستدلالی
عەقڵیی و خستنەڕووی ئارگومێنتدا لاواز بوون بەڵکو زیادەڕەویی تێدا نییە ئەگەر بڵێم
تەنانەت کەمترین ئاست لە لۆژیک و لۆگۆس لە وتارەکاندا نەبوو.
واتا لە پەیوەند بە ڕەگەزی لۆگۆسەوە بۆ
ناوەڕۆکی وتار، ڕەگەزی لۆگۆس نائامادەییەکی ڕەهای لە نێو وتارەکاندا هەبوو.
هەروەها لە پەیوەند بە ڕەگەزی ئیتۆسەوە،
وتارەکان کەمترین بڕی هەستکردن بە ڕاستگۆیی و متمانەیان لەلای گوێگر دروستنەدەکرد
لە پەیوەند بە ڕاستگۆیی و کەسایەتیی قسەکەرەکانەوە. چونکە لە چەندین بۆنەی حزبی و
نیشتمانیی و لە چەندین هەڵبژاردنی دیکەی کوردستان و عێراقدا، ئێمە ئەزموونی درێژمان
هەیە لەگەڵ بەڵێن و مژدە زۆرەکانی دەسەڵاتداراندا و کەمترینیان لێ جێبەجێنەکرد و
نەیانتوانی خاوەنی کەمترینی قسەکانی خۆیان بن. ئەمەش ئەزموونێکە بۆ تێگەیشتن لە
کەسێتیی و کاراکتەری دەسەڵاتداران و قسەکەران کە هیچ تایبەتمەندییەکی ڕاستگۆییان
تێدا نابینین و هەستپێناکەین. هەڵبەت لێرەوە ڕایەڵە و پردی متمانەش لە گەڵ وەها
کەسانێکدا ناتوانێت دروستببێت.
واتا لە پەیوەند بە ڕەگەزی ئیتۆسەوە، لەسەر
بنەمای کەسێتیی قسەکەرانەوە، کاتێک هیچ ڕێز و متمانەیەک لای گوێگران بۆ دەقی
وتارەکان دروست نابێت، هەڵبەت ئەمەش وادەکات کە ڕەگەزی ئیتۆسیش لە نائامادەییەکی
ڕەهادا بێت.
بەڵام لە پەیوەند بە ڕەگەزی پاتۆسەوە،
وتارەکان هەڵئاوسابوون بە دەربڕینە سۆزەکییەکان و گوزارشە وروژێنەرەکان بۆ
کاریگەرییدانان لەسەر هەڵچوونەکانی گوێگران. هەڵبەت جەماوەری حزبی کە ئاپۆڕایەکە
خاڵیی لە ئاوەز و بیرکردنەوەی عەقڵیی، خاڵیی لە لۆژیک و ئارگیومێنت، ئاساییە و
دەبێت لەسەر بنەمای سۆز و هەڵچوونەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. لێرەوە قسەکەران
واتا سەرۆک و سەرکردەکان، بە ڕستە وروژێنەرەکان و ستەیتمێنتە سۆزەکییەکان
کاریگەریی لەسەر ئاپۆڕای حزبیی دادەنێن. تاکی حزبی، وەکو بوونەوەرێکی خاڵیی لە
لۆگۆس و کاراکتەرێکی بەتاڵکراوە لە ئازادیی و شکۆمەندیی، تەنها هەڵچوونەکانی
کاردەکەن. ئەم مرۆڤە دەبێت بەردەوام بوروژێنرێت و بە وروژێنەرەکان دەجوڵێت و
حەماسەت و جۆش و خرۆشیی بەرز دەبێتەوە. ئەم جۆرە بوونەوەرە بە ئیمتیاز بوونەوەرێکی
حزبییە و حزب وەکو پێویستییەک لێی دەڕوانێت.
لێرەوە، قسەکەری حزبیی و بەتایبەت لە
ساتەوەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەبێتە داهێنەر لە ڕستە وروژێنەرەکاندا. هاوار
کردن لە کاتی وتارەکاندا و قیژە و نەڕە دەبنە پێوەری کاریگەریی وتارەکان بە تەنیشت
دەستەواژە کورتە ئاست نزمەکانەوە. لە ڕاستییدا، هێندەی زمانێک کە ڤەڵگەریزم تانوپۆی
تەنیبوو بەشی زۆری وتارەکانی داپۆشیبوو، هێندە تەنانەت پاتۆسیش زاڵ نەبوو. واتا لە
ڕەگەزی پاتۆسیش نزمتر بوون تا ئاستی ڤەڵگەریزم**.
* ڕستەیەکی نێو ڕۆمانی "دەریاس و
لاشەکان" دا ، ئێستا لە یادم نییە بە تەواوی، لەلایەن ژەنەڕاڵ بیلالی
ئەشکزادەوە یان هاوڕێ هەرە نزیکەکەیەوە لە نێوکۆیی گفتوگۆیەکدا دەبێژرێت.
** ڤەڵگەریزم، بریتییە لە زمانێکی ئاست نزم
بە هەندێک ووشە و دەستەواژەی هەرزەکارانەی ئاست نزمەوە لەگەڵ ڕستەی کورت و شکاو،
کە زیاتر لەنێو نەوجەواناندا بەکاردێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی