مرۆڤ لەنێوان قسە و کرداریدا

7 کاتژمێر پێش ئێستا

کنێر عەبدوڵا


زۆرجار گوتراوە:" مرۆڤ بە کردارەکانی دەناسرێت نەک؛ بە قسەکانی" چونکە گەیشتن بە قسە ئاسانە لە کاتێکدا؛ کردار هاوسەنگی ڕاستەقینەیە کە جەوهەری مرۆڤ و ڕادەی ڕاستگۆیی و دڵسۆزی دەردەخات. بۆیە لە ژیانی ڕۆژانەماندا گوێبیستی بەڵێن و دروشم و ووشەی جوان دەبینەوە بەڵام، ژمارەیەکی کەم لەوانە دەچنە ناو جێبەجێکردنی کردەییەوە. لێرەوە ناکۆکی دەردەکەوێت لە نێوان ئەوەی مرۆڤ دەیڵێت و ئەوەی دەیکات . 
قسەکردن ؛ ئامرازی دەربڕین و پەیوەندی و بونیادنانی متمانەیە، بەڵام کاتێک قسە دەبێتە ئامرازی خۆدەرخستن یان زیادەڕۆییەکی  دوور لە راستی، بەها و مانای خۆی لە دەستدەدات. چونکە ڕاستگۆیی لە قسەکردندا وابەستەیە بە ڕاستگۆیی لە کرداردا ، ئەگەرنا مرۆڤ ناکۆک دەبێت لەگەڵ خۆی و ئەوانی تر.
لە سەرەتای هۆشیاری مرۆڤەوە، مرۆڤ بوونەوەرێک بووە کە لە نێوان ووشە و کرداردا جوڵە دەکات و لەململانێدا خۆیدەبینێتەوە، لەنێوان ئەوەی ئارەزووی دەکات وئەوەی بەدەستیدەهێنێت، لەنێوان ئەو وێنەیەی بە ووشە بۆخۆی دەیکێشێت، وئەو ڕاستییەی کە لە ڕێی کارەکەیەوە دەریدەخات بۆیە؛ ووشە بەرهەمی بیرکردنەوەیە، و کرداریش بەرهەمی باوەڕە، مرۆڤایەتی مرۆڤ تەنها کاتێک تەواو دەبێت کە هەردووکیان لە هارمۆنی ڕاستەقینەدا یەکبگرن.
ناکۆکی نێوان ووشە و کردار یەکێکە لەو شتانەی وێنەی مرۆڤ لەبەردەم خۆی و لەبەرچاوی ئەوانیتردا لاواز دەکات، بۆیە مێژووی مرۆڤایەتی بێبەش نییە لە نموونەی ئەو کەسانەی ووشەکانیان هێندەی کردارەکانیان نەمری کردوون وبونەتە رێنیشاندەری نەوەکان. مرۆڤە گەورەکان خاوەنی دروشم نەبوون بەڵکو؛ خاوەن هەڵوێست بوون. هەروەک چۆن پێچەوانەکیشی هەبووە، بۆیە دەگوترێت؛" کردار بەڵگەی پراکتیکی باوەڕ و بیروباوەرەکانە." لەو دیدەوە مرۆڤ لە نێوان قسە و کردارەکانیدا هەمیشە ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبێتەوە: هەڵبژاردن لە نێوان ئاسانی بەڵێنەکان و قورسی جێبەجێکردنەکان. و گەیشتنی مرۆڤەکانیش بە بەرزترین ئاستەکانی حەقیقەتی مرۆڤایەتی ئەو ساتەوەختەیە کە سەرکەوتوو بووبێت لەیەککخستنی قسە و کرداری وەک دوو ڕووی یەک حەقیقەت، چونکە کردار تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی وشەیە، هەرکەسێک تێیدا شکست بهێنێت پێش ئەوەی کەسانی تر لەدەست بدات خۆی لەدەست دەدات.
لە ڕووی ئاکارییەوە، گونجانی نێوان ووشە و کردار گوزارشتە لە پێگەیشتنی جەوهەری و ڕاست ودروستی ویژدان . ئەو کەسەی قسەکانی خۆی جێبەجێ دەکات ، مرۆڤێکە لەگەڵ خۆی و کۆمەڵگەکەی ڕاستگۆیە و هەوڵی بەدەستهێنانی هاوسەنگی دەدات لە نێوان بیرکردنەوە و ڕەفتاریدا و لەنێوان ئەوەی باوەڕی پێی هەیە و ئەوەی تیایدا دەژی، بەڵام ئەوانەی قسەی خۆیان وەک پەردەپۆشێک بەکاردەهێنن بۆ شاردنەوەی بێدەسەڵاتی و دووڕوویی خۆیان لە ململانێیەکی ناوخۆییدا دەژین کە متمانە و ڕێزی لەدەستداوە.
بەکورتی
ئاڵەنگاری ڕاستەقینە بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە ووشەکانی بکاتە ئاوێنەی کردارەکانی، و هەوڵی گونجاندن بدات لە نێوان ئەوەی دەیڵێت و ئەوەی دەیکات، چونکە بەهای ڕاستەقینەی مرۆڤ بە قسەکانی ناپێورێت، بەڵکو بەوە دەپێورێت کە بەدەستیدەهێنێت بەوەش کاریگەری لەسەر ژیان و خەڵک بەجێدەهێڵێت ، وێڕای ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان ووشە و کردار ڕەنگدانەوەی پێگەیشتنی ئەخلاقی و ڕاستگۆیی مرۆڤە و هەروەها متمانە و رێزیش دەخولقێنێت لەنێوان خۆی و ئەوانیتردا ، دواجار هەر ئەزمون و هەڵەی خودی مرۆڤە وادەکات سوودمەند بێت وهیچ کاتێکیش درەنگ نیە بۆ هەستانەوەی و سوودگەیاندن بە نەوەکانی تر .
لەو روانگانەوە وتراوە:«ووشەی بێ کردار وەک سێبەرێکی بێ ڕووناکی وایە، کرداریش بێ ووشە وەک جەستەی بێ رۆح»

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی