بڕیارە سبەى کاتژمێر ٧ ى بەیانى دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى نوێنەرانى خەڵک بۆ پەرلەمانى عێراق لەسەرتاسەرى وڵات ئەنجام بدرێت، بۆ ئێمەى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان ئەگەرچى نزیکەى ٤٠ رۆژ بانگەشەى لایەنەکانمان بینى، بەڵام هێشتا خەڵکێکى زۆر هەیە نازانێت کام لیست و کام کاندید هەڵبژێرێت، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرەى دەنگدەران باوەڕیان بە هەڵبژاردن لاواز بوە کە چەندین هۆکارى هەیە.
دەنگدەرى هێژاى هەرێمى کوردستان، تۆ پیت خۆش بێت یان نا، بەشداربیت یان نا، باوەڕت بە پرۆسەى دیموکراسى هەبێت یان نا، بێئومێد بوبیت لە شێوازى گۆڕینى حوکمڕانى یاخود نا، سبەى ٤٦ کاندید لە هەرێمى کوردستانەوە هەڵدەبژێردرێن بۆ ئەوەى بنێردرێنە عێراق بە جۆرێک ١٨ یان لە سلێمانى و هەڵەبجەوە، ١٦ کاندید لە هەولێرەوە، ١٢ کاندیدەکەى دیکەش دەنگدەرانى دهۆک هەڵیان دەبژێرن، ئەمەش بە گوێرەى دواین هەموارى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى ساڵى ٢٠٢١ کە لە ماددەى ١٣ دا ئاماژەى پێکردوە.
تۆى دەنگدەر، ئەگەر تا خوێندنەوەى ئەم وتارە، خۆت یەکلا نەکردوەتەوە لەوەى دەنگ بدەیت یان نا، ئەوا دەبێت بزانى کە پێت خۆشبێت یاخود نا سبەى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان ئەگەر تەنانەت هەزار کەسیش بەشدارى پرۆسەى دەنگدان بکات، هەڵدەبژێردرێن و دەبنە نوێنەرى چوار ساڵى ئایندەى تۆ و هەموو هەرێم لە پەرلەمانى عێراق.
لەنێوان بەشدارى و بایکۆت چى بکەین؟
هەرچەندە بەداخەوە خەڵک لە دواى بزووتنەوەى گۆڕانەوە بێئومێدییەکى زۆرى پێوە دیارە و بەتەواوى دڵى لە پرۆسەى هەڵبژاردن شکاوە، بەڵام ئایا بایکۆت چارەسەرە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، تۆى دەنگدەر چەندین بژاردەت لەبەر دەمە بۆ ئەوەى سبەى یەکێک لەو بژاردانە هەڵبژێریت و بەشدارى پرۆسەى هەڵبژاردن بکەیت بژاردەکان بەم شێوەن:
یەکەم: تۆ لەو دەنگدەرانى کە لە ترسى برسیکردن و نانبڕین دەتەوێت بەشدارى هەڵبژاردن بکەین، زۆر ئاسانە، لە ناو لیستى هێزە دەسەڵاتدارەکان چەندین کەسى شیاو و خاوەن بڕوانامەى بەرز و زمانزان و یاساناسى باش هەن، لەجیاتى ئەوەى تەنها مۆرەکە لە لیستەکە بدەیت، کەمێک وردتربە، ئەو کاندیدەش هەڵبژێرە کە پێتوایە شایستەیە ببێتە نوێنەرت لە چوارساڵى ئایندەدا، چونکە ئەگەر تۆ وانەکەیت رەنگە بازەکە لەسەر شانى کاندیدێک بنیشێتەوە کە شایستە نییە، بەڵام زمان لوس و خاوەن عەشرەت و بنەماڵەیە و پشتیوانى پارە بەدەستەکانى حزبى هەیە.
دووەم: تۆ لە دەنگدەرانى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى، بەڵام زۆریش بێ ئومێدى، نازانى کام هێزەیان شایستەترە، لێرەشدا بە وریاییەوە مامەڵە بکە، سەرەتا ئەو لیستە هەڵبژێرە کە پێتوایە خۆفرۆشى کەمتر تێدایە، لیستێک هەڵبژێرە کە لەرابردوودا بەپێى تواناى لە بڕیارە چارەنوسسازەکانى کورد لە بەغداد دلێرانە دەنگى هەڵبڕیوە، ئەو کاندیدانە هەڵبژێرە کە خاوەن بڕوانامە، زمانزان، یاسا ناس، خەمخۆر و بەویژدانن، نەک کەسانێک کە دواى دەنگدان ئیتر کەس نەزانێت چى دەکەن و چۆن چوارساڵەکە لە پەرلەمان بەڕێدەکەن.
سێهەم: تۆ لەو کەسانەى کە بڕیارى بایکۆتت داوە، ئەو پرسیارە لە خۆت بکە، ئایا بۆچى بایکۆت دەکەیت؟ ئایا لەبەر دینەکەت، ئەگەر لەبەر دینەکەتە ئەوا دڵنیابە بەشدارینەکردنیشت دەبێتە هۆى ئەوەى دەنگدەرەکانى دیکە ئەو کەسانە بنێرنە پەرلەمان کە رەنگە شایستە نەبن، بەو هۆیەشەوە تۆ بەبەشدارینەکردن رێگەت خۆش کردوە بۆ کەسانى ناپەسەند کە بازەکە لەسەریان بنیشێتەوە، ئەگەر لەبەر دینەکەت نییە و بەهۆى ئەوەیە بێئومێد بویت لە ئۆپۆزسیۆن، دیسان هەڵە دەکەیت، چونکە تۆ لە بنەمادا بۆیە ئۆپۆزسیۆنت هەڵبژاردوە تاکو دەسەڵاتدارەکان نەتوانن نوێنەرایەتیت بکەن، وە بە بایکۆت کردنت هەم چانس دەدەیتە هێزە دەسەڵاتدارەکان تاکو زۆرینەى کورسییەکان بۆخۆیان ببەن، هەم دەبیتە بەشێک لەو مۆدێلەى کە باوەڕى بە دیموکراسى نییە، بەڵام ناشتوانن رێگەى دیکە تاقیبکەنەوە، کەواتە لەم قۆناغەشدا با لەوانەبیت کە زەمینەى گەشەسەندنى دیموکراسى بەهێزتردەکەن.
هاوڵاتى بەڕێز، بەندە لە ساڵى ٢٠٠٩ ەوە مافى دەنگدانم هەبوەو بەشدارییم کردوە، هەر لەو ساڵەدا مونەسقى کۆمسیۆن بووم و ئاگادارى بەشێکى زۆر لە پرۆسەى دەنگدانم، تا ئەم ساتە، لە رەشەوە بۆ سپى، لەوپەڕی هێزى گەورەیەوە بۆ ئەوپەڕى هێزى بچوک، داوایان کردوە دەنگیان پێ بدەم، تا ئێستا کەس نەیزانیوە، دەنگم بەکێ داوە، نە توشى لێپرسینەوە بووم، نە کەس گلەیی لێکردوم، بۆیە هەرگیز باوەڕت بەوە نەبێت کە دەوترێت دەزانن دەنگ دەدەیت بە کێ، بۆیە تکایە سبەى بەشدارى بکە و با پێکەوە هەموومان کەسانێک هەڵبژێرین کە شایستە و لێهاتون، کە دەزانن چۆن شەڕى یاساکان بکەن لە پەرلەمانى عێراق.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی