ئەنجامی بەرایی کورسیەکانی کەرکوک لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ڕاگەیندرا، یەکێتی 4 کورسی و پارتی 1 کورسی، ئەمەیان ئەنجامێکی شۆکهێنەر بوو بۆ کورد بە گشتی و کەرکوکیەکان بە تایبەتی، چونکە پێشبینیە سەرەتایەکە لەوە زیاتر بوون، دەکرا کورد بەلایەنی کەم دوو کورسی دیکە بباتەوە، شۆکهێنەر بوو چونکە ئەو ئەنجامە ئەوەمان پێدەڵێت کە بۆ جاری یەکەمە کورد نەک زۆرینەی نوێنەراتی پەرلەمانی ناباتەوە، بگرە نیوەی کورسیەکانیش ناباتەوە.
پرسیارەکە لێرەدایە ئایا کێن ئەوانەی لەو پاشەکشەی کورسی کورد لە کەرکوک دەبێت بچنە ژێر باڵی بەرپرسیارەتیەکە ؟
ئەگەر بمانەوێت بە زمانی ژمارە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەیەنەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە یەکێک لە هۆکارەکانی لە دەستدانی دەنگی کورد لە کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ فرە لیستی لیستە کوردستانیەکان و نە بوونی یەک لیستی کوردسانی، ئاشکرایە کە کورد نەک یەک لیست نەبوو بگرە بە چوار لیست ڕکابەری لیستەکانی عەرەبی و تورکمانی کرد، ئەوانیش لیستی (یەکێتی، پارتی، نەوەی نوێ، سۆسیالست)
جیاواز لە فرە لیستی بە هۆکاری ڕکابەری لەسەر کاندیندی کریستیان بە دەیان هەزار دەنگی دەنگدەری کەرکوک لە لایەن (پارتی و یەکێتی) لەدەست کورد دراوە، بۆ بەرژەوەندی کاندیدە کریستانەکەی کەرکوک ڕۆیشتووە، کە بەلایەنی کەم دوو کورسی کراوەتە قوربانی بردنەوەی ئەو تاکە کورسیە.
تەنیا لە ماوەی دەنگەکانی هەردوو لیستی پارتی و یەکێتی 31980 دەنگ سووتاوە واتا نیوەی دەنگی ڕۆیشتووی ئەو دوو حزبە بۆ کاندیدە کریستانەکە نەچووبایە ئێستا کورد بە زۆرینەی کەرکوک دەمایەوە.
جێگای ئاماژەیە، دوو لیستە کوردیەکەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی کە لە کەرکوک نەگەیشتونەتە ئەنجامی بەدەستهێنانی کورسی ( نەوەی نوێ و سۆسیالست) بە هەردووکیان 13411 دەنگیان فەوتاوە، ئەوانیش دەکەونە ژیرباڵی بەرپرسیارەتی گەورە بە تایبەت بۆ (سۆسیالست) کە بە دڵنیایەوە دەیانزانی دەنگەکان لە دەست کورد دەدن.
شایانی باسە، بەرزبوونەوەی ئاستی دەنگی بایکۆتیش لە نێو دەنگدەری کوردی کەرکوک کە ڕێژەی بایکۆت لەم جارەیان گەیشتە 40٪ کە رێژەیەکی زۆر بوو بەراورد بە بەشداری دەنگدەری نەتەوەکانی دیکە ئەمەشیان هۆکارێکی دیکەی پاشەکشەی رێژەی کورسیەکانی کورد بووە، ئەم دیاردەیەش بێ هۆکار نەبوو کە خۆی دەبینێتەوە لە بێزاری خەڵک و بێ متمانەیان بە پڕۆسەی دەنگدان، بە تایبەت کە ئەوان دەبینن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک چیان کرد و ئەنجامەکەش بە هۆی ڕکابەری دوو حزبی دەسەڵات بە پەکخستنی ئەنجومەنی پارێزگای کەوتەوە، هەروەها بەهۆی ئەو ڕکابەریە خەریک بوو کورد پارێزگاریش بەدەست نەهێنێت، کە پۆستی پارێزگار لەو هەڵبژاردنەدا زامنی دەنگێکی زۆری بۆ کورد لە کەرکوک کرد، بەشێوەیەک کە پارێزگاری کەرکوک بووە یەکەمی کاندیدەکانی سەر عێراق.
دواجار دەڵین، کوردی کەرکوک لە هەموو هەڵبژاردنێک شەڕی ئیرادە و ناسنامەی لە کەرکوک کردووە، ئەمجارەیان نزیک لە نیوەی دەنگدەری کورد لە ماڵەوە تەماشەکاری شەڕە دیموکراسیەکە بوو، دەبێت لە هۆکارەکەی پشتی ئەو دیاردەیە بکۆڵدرێتەوە چونکە ئەمەیان دەبێتە سەرەتایی قۆناغێکی مەترسیدار بۆ لاربوونی باڵانسی کورسی کورد لە کەرکوک لە بەرامبەر ڕکابەرەکانی دیکە.
ئەوانەشی کە هۆکاری لەدەستدانی دوو کورسی کەرکوک بوون دەبێت داوای لێبوورد لە کەرکوکیەکان بکەن و بە سیاسەتی چەوتی خۆیان لە کەرکوک دابچنەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی