سێ هەڵبژاردنە دانیشتوانی کوردی کەرکوک باجی هەڵەی حزبو لایەنە سیاسییە کوردەکانی کەرکوک دەدەنەوەو گەرچی داخ لەدڵیش بن بەرامبەریان، بەڵام دەچنەسەر سندووقەکان لەپێناو سەلماندنی ناسنامەی کوردبوونی شارەکەیان دەنگدەدەن.
لەهەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لەساڵی 2021، پێکهاتەی کورد لەکەرکوک بەدیاریکراوی 9,633 دەنگی سوتا کە 9,275 دەنگی لەبازنەی یەکەم بوو، بەهۆیەوە کورد کورسییەکی بازنەکەی لەدەستداو بۆ موهەیمەن حەمدانی کاندیدی سەربەخۆی پێکهاتەی عەرەبی سوننە چوو.
لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لەساڵی 2023، پێکهاتەی کورد لەکەرکوک بەدیاریکراوی 33,186 دەنگی سوتا، بەهۆیەوە کورد کورسییەکی پارێزگاکەی لەدەستداو بووە لەگەڵ پێکهاتەی مەسیحی ئینجا توانیی نیوەی کورسییەکانی پارێزگاکە بەدەستبهێنێت.
لەم هەڵبژاردنەشدا کە ڕۆژی سێشەممە 11ی تشرینی دوەمی 2025 بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان پێکهاتەی کورد 14,813 دەنگی سوتاوەو بەو هۆیەوە کورسییەکی حەتمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانو کورسییەکی کۆتای پارتی دیموکراتی کوردستانی لەدەستداوە.
کەواتە لەم هەڵبژاردنە کورد کورسییەکی لەپارێزگای کەرکوک بەبەراورد بەهەڵبژاردنی 2021ی پەڕلەمانی عێراق لەدەستداوەو دوو کورسیشی بەبەراورد بەهەڵبژاردنی 2023ی پارێزگاکانی عێراق لەدەستداوە.
لێرە پرسیارە جەوهەرییو گرنگەکە ئەوەیە کێ بەرپرسە لەلەدەستدانی کورسییەکانو سوتاندنی ئەو دەنگانە؟!
بێشک کوردانی کەرکوک بەرپرس نین لەو شکستە سیاسییەی کەرکوکو لەدەستدانو سوتاندنی دەنگەکانیان، بەڵکو ئەوە حزبە سیاسییەکانی کەرکوکن بەرپرسیارێتی ئەو شکستەیان دەکەوێتە ئەستۆ.
ئەوان کە شەوو ڕۆژ خەریکی کڕینەوەی دەنگدەرو لایەنگرو کاندیدانی یەکتربوونو هەوڵی سەرخستنی کۆتای مەسحییان دەدا، بێئاگابوون لەوەی، دەنگی حزبەکەیانو کاندیدەکانیان کەمدەکات، بۆیە دووچاری ئەم دۆخەی ئێستا بوونەتەوە.
پێدەچێت حزبو لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک شارەزای یاسای هەڵبژاردنەکە نەبووبن، چونکە لەکۆی پێنج لیستی کوردی لەکەرکوک، تەنها دوو لیستیان کورسییان بەدەستهێناو سێ لیستەکەی دیکە دەنگەکانیان سوتا، بۆیە ئەگەر ئەو حزبانە لەیاساکە تێگەیشتبان، دەبوو هەموو هەوڵێکیان دابایە، تاوەکو ئەو سێ حزبە لەنێو لیستی دوو حزبە خاوەن کورسییەکەی کەرکوک جێکرابانایە.
تەماحو هەوڵدان بۆ یەکەمبوون لەسەر ئاستی پارێزگاکەو پاشان عێراقو بردنی زۆرترین دەنگ لەلایەن سەرۆک لیستێکەوە، هەرچەندە ئەوە مافی ئاسایی خۆیەتی، بەڵام هۆکاربوو بۆ ئەوەی، کە ئەو سەرۆک لیستە بە96 هەزار دەنگ دوو کورسی قورسی پارێزگاکه ببات، بەجۆرێک لیستی دووەمی پارێزگای کەرکوک، کە لیستێکی عەرەبییە بەهەمان 100 هەزار دەنگ توانیویەتی سێ کورسی ئاسایی ببات.
لەکۆتاییدا هۆکارێکی دیکەی شکستی کورد لەکەرکوک بۆململانێی حزبو لایەنەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گواستنەوەی ململانێیەکەیان بۆ ناوجەرگەی کەرکوکو ناوچە جێناکۆکەکان دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە من لێرەدا نامەوێت بەم بابەتە هیچ کەس بشکێنم یاخود بابەتەکەم بۆ شکاندنی حزبو لایەنەکان بەکاربهێندرێت، بەڵام لام گرنگبوو ئەو بابەتانە بخەمەڕوو، وەکو ئاماژەیەک بۆشکستی کورد لەکەرکوک.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی