دەبێت لەیادی سلێمانیدا، ڕێ لەئەصڵ‌و فه‌صڵ بگرن!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز ڕەئوف

ئەوەی ساڵانە لەیادی سلێمانیدا پێشانەدرێت، بەبۆنەی ڕۆژی بنیاتنانیدا، نەک خزمەت بەگەورەیی شارەکەو خەڵک‌و دانیشتوانەکەی ناکات، بەڵکو لەو ڕۆژەدا هەست بەجۆرێک لهئیستفزاکردن دەکرێت لەلایەن ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە ئەصڵی سلێمانی.

ئەمجۆرە لەبیرکردنەوە، ڕاماندەکێشێت، بۆ جیاوازی چینایەتیی‌و ڕق لێبونەوە لەیەکترو داڕوخانی ژێرخانی شارەکە، شار ئەوکاتەی بنیات دەنرێت، خۆ بڕیارنییە هەر لەو کۆمەڵە کەسەدا بمێنێتەوە، کە خۆیان بەمیراتی بنیاتنەرەکانی دەزانن، لەوڵاتگەلێکی وەک وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت ئەوروپا، کە تەنانەت جیاوازی گەورەی ئاینی‌و کلتوری‌و ڕەنگ‌و زمانیش هەیە، لەگەڵ گەلانی تردا، کەچی دوای مانەوە بۆ چەند ساڵێکی کەم تۆ وەک هاوڵاتیەکی نەک شارێک، بەڵکو وڵاتەکەش حیساب دەکرێیت‌و سەرجەم مافەکانی هەمان کەسێکی خاوەن وڵاتەکەت پێدەدرێت، کە سەدان ساڵ لەمەوبەر کە باب‌و باپیری لەوێ ژیاون دەستیان لەبنیاتنان‌و شارستانیەتی شارو وڵاتەکەشدا هەبووە.

بۆیە ئەوەی پێویستە ساڵانە لەیادی بنیاتنانی شارەکەدا ڕەواجی پێبدرێت، با هەر فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ‌و گۆرانی‌و خواردن دروستکردن نەبێت، با تانەدان نەبێت لەئەصڵ‌و فەصڵی دانیشتوانەکەی، بەڵکو جۆرێک لەگوتاری نیشتمانیانەو پێکەوەژیان‌و پێکەوە خزمەتکردن‌و هەڵکردن لەنێوان سەرجەم دانیشتوانی شارو شارەکانی تریشدا بێت.

هاوسەنگی‌و پێکەوەژیانی شار دەتوانرێت بەپلانگەلێکی وەک بەرەو باشترکردنی ژینگەو ئابوری‌و کلتورو خۆشویستن پێشبخرێت، نەک بەتانەدان‌و جیاوازیی دروستکردن لەنێوان ڕەسەنایەتی‌و ناڕەسەنێتی ئەهلی شاردا، زۆر گرنگە ئەمجۆرە لەگوتار لەوکەسانە وەربگیرێت‌و چیتر هیچ بەهایەکی بۆ نەهێڵرێتەوە، ئەمەش پێویستە لەئاستی باڵادا لەلایەن دامەزراوە فەرمیەکانی دەوڵەتدا لەئاستی شارەکەدا هەنگاوی بتەوی بۆ بنرێت، ئینجا ئەوکات هەموان دەڵیین پیرۆزە ساڵیادی بونیاتنانی شار.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە