لە یەکەمی مانگی ئەیلولی 1985 نێردەی هاوبەشی فەڕەنسا و ئەمەریکا پاشماوەی کەشتیە هەرە بەناوبانگەکە لە مێژوو « تیتانیک »یان دۆزیەوە ، کە لە مانگی نیسانی 1912 لە ئۆقیانووسی باکووری ئەتڵەسی بەر شاخێکی بەستەڵەک کەوت و تێکشکا و نقوم بوو ، جیهان بەشێوەیەکی فراوان تیتانیک-ی لەو فیلمە ناسی کە ئەمەریکا بەرهەمیهێنا و سەدان ملیۆن کەس بینیان ، تیتانیک لەکن گریکەکان لە سیفاتی خوداوەند و زەبەلاحەکان وەرگیراوە ، ئەمە چی بوو وای لەو خوداوەندە زەبەلاحەکەی یۆنان کرد کە لەسەردەمی متمانەی ڕەهای زانست و تەکنۆلۆژیا کەشتیەک دروستبکرێت کە پێی دەوترا ئەو کەشتیەی ( نقوم نابێت ) ژێرئاو بکەوێت و تێکبشکێت !!
ئایا ئەمە خوداوەندی « هۆبریس »ی خۆبەزلزان بوو لە فەلسەفەی گریکەکان وایکرد کە ژێر ئاو بکەوێت یان بیرۆزی پیلانگێڕی ، گوایە هەندێک بزنس مانی گەورە لەناو کەشتیەکە دابووە و لە لایەن هەندێک بزنسمانی تر لەدەرەوە کە کێبڕکێیان لەنێواندا هەبوو وایانکردووە کە کەشتیەکە نقوم بێت ؟!
هۆبریس بریتیە لەوەی : کاتێک مرۆڤ بەهۆی خۆبەزلزانیەوە سنوورە سروشتیەکەی خۆی تێدەپەڕێنێت ناچار تیمیسیس - خوداوەندی سزا تەدەخول دەکات و سنوورێک بۆ لووتبەرزی مرۆڤ دادەنێت ، تیتانیک نموونەیەکی نوێیە بۆ ئەو هیبریس-ە ، دەستکەوتێکی سەرسوڕهێنەری ئادەمیزاد بوو ، بەڵام بارگاوی بوو بە ئیدیعای باڵادەستی بەسەر سنووری سروشتدا و ، ئەنجامەکەشی داڕمان یان نقووم بوون بوو ، تیتانیک هەر تەنها کەشتیەک نەبوو نقووم بێت ، بەڵکو بەرجەستەکردنی هزرێک یان غڕووری مرۆڤ بوو کە ئەو بوو نوقمیکرد و ، هەر کەسێک یان حزبێک یان سەرکردەیەک یان دەوڵەتێک یا شارستانیەک سنووری سروشتی خۆی پشتگوێ بخات خۆی دووچاری کەوتن دەکات.
ئەمە بەروەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان لووتبەرزی مرۆڤ و هێزی سرووشتە ، هەر ئەو خۆبەزلزانەی سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتنی هێزەکانی ئەڵمانیا بوو کە هەم چاو و هەم تێڕوانینیان کوێر کردبوو ، وایلێکرد کە دەستی درێژکراوی سۆڤیەت پشتگوێبخات ، کە ئەوکات یەکێتی سۆڤیەت ڕێککەوتنی هێرشنەکردنە سەر یەکتر لەگەڵ ئەڵمانیا واژوکردبوو ، بەڵام خۆبەزلزانی هیتلەر وایکرد کە لە یۆنیۆ-ی 1941 هێرشبکاتە سەر سۆڤیەت کە بە شکست بۆ ئەڵمانیا کۆتایی هات و لە ميژوو دەریانهێنا ، وانەکە لێرەدا ئەوەیە : کاتێک ئەو خۆبەزلزانیە ، مرۆڤ پاڵدەنێت بۆ پێداگری لەسەر گەیشتن بە ئامانجە سەختەکان یان محاڵەکان ، کۆتاییەکی تراژیدی بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، ئەم کۆتاییە کارەساتاویە بۆ پاڵنەری ئینکارکردنی واقیع دەگەڕێتەوە کە بەپێی زڕوف جیاواز دەبێت ، ئینکار دەکات ، چونکە لووتبەرزی و خۆبەزلزانیەکەی ڕێگا نادات دان بە واقیع بنێت ، یان ئەوەیە کە تەکوینەکەی ڕێگە نادات دان بە فەشەل بنێت ، کەسانی خۆبەزلزان دوژمنێکی بکوژە کە نقوم بوونە لەناو لووتبەرزی و نەرجسیەتی خۆیان و ، گوێ لەوانە دەگرن کە ستایشیان دەکەن و نیفاقیان بۆ دەکەن ، بەڕاستی ئەمانە هەڕەشەن بۆسەر سەقامگیری و ، ئاکامەکەشی کارەسات و فەشەل و فەوزایە ، قوڵترین وانە ئەوەیە کە شارستانیەتەکان وەکو تاکەکانن ، بەئاسانی لەژێر وەهمەکانی خۆیدا نقوم دەبن نەک بەرد یان شاخەکان نقومیان بکات ،
هەروەکو ئەلبێر کامۆ دەڵێت : ئەمە ( بێمانایی ژیان- عبث الحياة )ە بەرانبەر هێزی مردن . تیتانیک کەشتیەک نەبوو نقوم بێت یان ئەڵمانیا ئەو هێزە زەبەلاحە و سەرکەوتن لەسەر سەرکەوتن نەبوو کە بڕوخێت ، بەڵکە هەموو ئەمانە ئاوێنەیەکی فەلسەفیە ڕەنگدانەوەی لاوازی مرۆڤە کاتێک خاکەرایی و خۆنەویستی لەبیر دەچێت ، ئەمە بیرهێنانەوەی ئەوەیە کە زانست ، هەرچەند بەرزبێت ، پێویستی بە حیکمە هەیە هەروەک « کانت » فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێت : عەقلی مرۆڤ بەهێزە بەڵام سنووردارە ، لەڕاستیدا تەکنۆلۆژیاش بێ هۆشیاری ئەخلاقی دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی تێکدەر ، وەک ئەوەی لە تیتانیک بینیمان و لە زیرەکی دەستکردیش دەیبینین .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی