ئەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین ، وەکو بەندۆلێک وایە کە بە ڕیتمێکی جێگیر لەوسەر بۆ ئەوسەر دەجولێتەوە ، هەندێک جار بەرەو ئاشتی و هەندێک جاریش بەرەو شەڕ وەردەچەرخێت ، هەندێک دیمەنی ئەو شەڕانە دەبینی بەدەست خۆت نیە ئازار دەچێژیت ، چونکە خۆشمان ئەو ئازارەمان لەو شەڕانەی بەسەریاندا سەپاندین بینیووە و ، هەمیشە شەڕ ماڵوێرانی بەدواوەبووە و ، لەو زەمەنەی ئێمەشدا هێڵی نێوان جەنگ و ئاشتی تەماوی و فێڵاویە !! بەخوای ئەگەر « تۆلستۆی » لەگۆڕ هەڵسێتەوە و سەیری ئەوەی لەو جیهانە « هاوچەرخەکەمان »دا ڕوودەدات بکات ، ڕۆمانە ئەیقۆنەکەی « جەنگ و ئاشتی » دەسوتاند ، کەم گەل هەیە وەکو کورد قوربانی جەنگ و ماڵوێرانی بێت ، کوردستان ئەوان ڕۆژان ، بووبوە لووتکەی تڕاژیدیا لە جیهاندا ، زۆر لە سەرووی هەموو تراژیدیای گریکەکان بوو کە خوێنەرانی شانۆ لە جیهان بە مەرجەعی درامی خۆیانیان دادەنێن ، سۆفۆکلیس و ئەسخیلۆس و یۆربیدس ، جیهانیان بەو تڕاژیدیایانەی کە نووسیبویان شۆک کرد و ، فرمێسکی لە چاوی بینەری شانۆگەریەکانیان دەهێنایە خوار ، ئەوەی بەسەر کوردا هات تڕاژیدیای گریکەکانی تێپەڕاندووە ، بەڵام هەمیشە حەزی لە ئاشتی و تووڕهەڵدانی رقوکینەیە تەنها « لەگەڵ یەکتری نەبێت !! » بووە .…. کاتێک سەدام لە ساڵانی نێوان هەشتا و نەوەدەکان ئەنفال و کیمیابارانی کوردستانی کرد ، کەسانێک لەو باوەڕەدا بوون کە کلتووری ڕقوکینە لەکن کورد بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو هەزاران سەربازەی کە لە ڕاپەڕینی 1991 کەوتنە دەست پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان سەرهەڵدەدات ، بەڵام ئیرادەی ئەو گەلە و سەرکردەکانیان وەبەرهێنانیان لە ئاشتی هەڵبژارد لەجیاتی تۆڵە و ڕقوکینە ، بۆیە ئاشتی و تەناهی بۆ ئێمە حالەتێکی پارسەنگی ئینسانی و دڵنەوایی روحیە و ، بە لووتبەرزی یان هەڕەشە یان هێز یان سوودی سیاسی بەدەست نایەت ، بەڵکو بە بڕوای قووڵ کە جەنگ ماڵوێرانیە و ئاشتی ڕێسایە و ئاوەدانیە ، هەر بۆیەش لەژێر سایەی ئەو قەیران و جەنگانەی کە ناوچەکەی گرتۆتەوە ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کاپتنێکی لێهاتوی دبلۆماسی لەنێو شەپۆلی هاروهاجی دەریادا ڕۆڵ دەگێڕێت بۆ ئاشتی و چارەسەر لە ڕێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگ و ، داوا لە هەموو لایەناکان دەکات کە وێڕای پەرتەوازەییان ببنە قەلغانێک بۆ ئەو قەوارەیە و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان ، چونکە بەرژەوەندی پردێکی تۆکمەیە لەنێوان گەل و نیشتیماندا ، هەر بۆ هەمان مەبەست بەڕێزیان لە کۆڕبەندی « مێبس » لە ئێوارەی 2025/11/18 لە دهۆک تەئکیدی لەسەر ئاشتی و پەنابردن بۆ حیوار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە هەموو پارچەکاندا کردەوە و گووتی ؛ بە ئەزموون دەرکەوتووە کە کێشەکان بە شەڕ چارەسەرنابن ، بەڵکو بە حیوار و لێکتێگەیشتن و ، هەروەها گووتی : شەڕەکانی ڕابردوو تەنها ماڵوێرانیان هێناوە و ، هەوڵمانداوە فاکتەری ئاشتی بین…. بەدرێژایی مێژووش دەرکەوتووە کە ئەوەی بە ئاشتی بەدیدێت بە شەڕ بەدی نایەت و ، ئاڵای ئاشتی پێویستی بە ئیرادە و پێداگری بە هێز هەیە ، « تەنها مەزنەکان دەزانن کە نرخی ئاشتی چیە » ، فەیلەسوف و هزرمەندی ستراتیژی چینی « سن دزو » لە سەدەی شەشەمی پێش زاین لە کتێبی « هونەری جەنگ »دا دەڵێت : ( جەوهەری جەنگ مومارەسەکردنی تووندوتیژی نیە ، بەڵکو هێنانەدی ئامانجی ستراتیژیە لە ناچارکردنی نەیار بۆ ملکەچکردن ، ئەگەر ئەو ئامانجە بێ شەڕکردن بێتەدی ، ئەوە ئەمە لووتکەی سەرکەوتنە ) ، ئاشتی ویژدانی خۆی هەیە و ، پێویستی بە یەکگرتوویی و هێز و هەڵوێستە لەکن هەموو لایەنە کاریگەرەکان ، هێنانەدی ئاشتی قوڕسترە لە شەر ، ئاشتی درەختی ژیانە کە بێ دۆخی سەقامگیری گەشەناکات ، کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە ئاشتیە ، چونکە دوای ئەوەی کە جۆگەلەکانی دۆزەخی بینی تەحەمولی ئەو هەموو برینە ناکات ، شکۆی نیشتیمان بە گوللە ناگەڕێتەوە بەڵکو بە دادپەروەری ، پەنابردن بۆ ئاشتی تەنازولکردن نیە ، بەڵکو پابەندبونێکی ئەخلاقیە بەرانبەر ئەو نەتەوەیەی کە خوێنی لێدەتکێت ، پاڵەوانێتی ڕاستەقینە ئەوە نیە کە نەیارەکەت بەزەوی دابدەیت« هەروەکو ئێمە لەگەڵ یەکتری دەیکەین » پاڵەوانێتی ئەوەیە کە گەلەکەت لە نقوم بوون ڕزگار بکەیت ، ئەوانەی دژی دەستلەملانێ و ئاشتین ئەوانەن کە نیشتیمان لەدەست دەدەن ، نیشتیمان بە عەقل و حیکمە و بەرپرسیارێتی دەپارێزرێت ، ئەوەی قەدری پیرۆزی ژیان نەگرێت ، هیچ ڕۆژێک مانای ئاشتی نازانێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی