پارتی بۆ ناتوانێ براگەورە بێت؟

13 خولەک پێش ئێستا

پارێزەر / رێبین شەمامکی

چەمکی براگەورە لە کەلتووری کوردیدا نواندنی بچووکیە هەر چەندە گەورەش بێت، هەر دەبێ خزمەتکاری میللەت بێ و لە بەشێکی مافی خۆی خۆش بێت. کە ئەوەش رێک پێچەوانەی سروشتی پارتیە و پێی قبووڵ ناکرێت. پارتی لە شۆڕشی ئەیلولەوە خۆی بە گەورەیی بینیوە، کاتێ سەرووی ٨٠٪ خەڵک پارتی بوو، بە کردەوە پێشڕەوی کورد پارتی و سەرۆکیش هەر بارزانی بووە! بۆیە ئەو کوێخایەتیەی بۆ چۆتە سەر، تازە ناتوانێ لەو مەقامە بێتە خوارەوە! ئەگەرچی پارتی ئێستا لە تەمەنی هەشتا ساڵیدایە و تەنیا ١٦٪ ی دەنگی خەڵکی هەرێمی هێناوە، بەڵام هێشتا لە غیابی هێزێکی بەدیل یەکەمی سەر ساحەکەیە بە حوکمی زۆن ، بە لۆژیکی ( اغراء و ارغام ) پارتاندوویەتی !

دەنا ئەوجی پارتی لە سلێمانی چەند بێت هەر ئەوەندەیە ئامارە راستیەکە ناشاردرێتەوە، بۆ یەکێتیش رەنگە هەروا بێت بۆ هەولێر، بە جیاوازی چاو سوورکردنەوەکان ! بۆیە دیدی هەموو پارتیەکان بۆ حیزبەکانی تر، نە هاو بەشیەو نە شەراکەت، ئەوانەی لە فەلەکی پارتی دا نەبێت، وەک نەیار سەیریان دەکات، ئەوە بۆ ئاستی تاکیش هەر راستە ! ئەوە نیە بە نەزەری شاخەوان عەبدوڵا ئەوەی خەڵکی باش بێت پارتیە، واتە ئەوەی پارتی نەبێ رەنگە حیسابی حەشەراتی بۆ بکەن! ئەسڵ وایە حەشەراتیش دەبێ قڕ بکرێ! بە کردەوەش سەلماندوویانە ئەو شوێنانەی لە قەڵەمڕەوی پارتیەوە دوورن و پارتی تێیدا کەمینەن، پێیان خۆشە شارەکە کەلاوە بێت و خەڵکەکەی گورگ بیانخوات، مادام ئەوان تێیدا حاکم نەبن! وەک چۆن ئاساییە عەربێک پارێزگاری کەرکوک بێت، نە وەک کوردێک بێت و پارتی نەبێت! یەکێ لە و فاکتەرە بەهێزانەی پارتی بوغرا کرد، دوای راپەڕین ، گومرگی ئیبراهیم خەلیل بوو، لە رۆژگارێکدا سەرچاوەیەکی بەهێزی دارایی هەرێم بوو، لەسەر رادەست نەکردنی رێکنەکەوتن و شەڕی براکوژی روویدا، تا دێگەڵەی لێ کەوتەوە و دوو زۆنی بووە فۆڕمێکی ناشرین و لەسەر ئاستی مەحافیلی دەولیش بووە خاڵی لاوازی هەرێم و بە چاوێکی تر سەیر دەکراین! بۆیە تا ئێستاش باشترین حکومەتیش دروست بکەیت، حکومڕانیەکەی تا دێگەڵە بڕ دەکات! ئەوە بۆ هەردوو زۆن هەر دروستە، تازە بۆتە دیفاکتۆ، بەڵام لەسەر حیسابی شەرمەزاری و نگبەتی میللەتەکەی. سروشتی پارتی وایە جگە لە خۆی نابێ حیزبێکی دی هەبێ بە قەبارەی ئەو، خۆی پێ شت بێ! بە دیدێکی تر، دەبێ لە ژێر کوێخایەتی ئەو بێت و قسە لە قسەی نەکات! ئەو جۆرە لە بوغراییە هەمیشە سەرچاوەی ناکۆکیەکانن و ناو ماڵی هەرێم پەرتەوازە ترو پێگەی کورد بێ سەنگتر دەکات، لە کاتێکدا ناو ماڵی هەریەک لە شيعە و سونەش رێکرتن لە کورد و بە و هۆیەوە مافی کورد لە دەستوور پێشێل دەکرێ و تا دێ بازنەی دەسەڵاتی هەرێم بچووک دەکرێتەوە. ئەگەر بە عەقڵی دیوەخانیش بێت، با لە ئەوجی هێزیش بیت، دەبێ برا گەورەیی خاکی ترو دڵ گەورەتر بێت،. هەمیشە کوێخای دیوەخان مەسافەیەک دەهێڵێتەوە بۆ ئاشتی، عەرب گوتەنی تاڵە مووی معاویە ناپچڕێنێ! کەچی ئەو جارە بارزانی باوک لە کوڕەکان رژدتر بوو لەسەر ناکۆکیانی لەگەڵ یەکێتی، کە دەبوو پێچەوانەکەی با، تا بوارێک بۆ دانیشتن بمێنێ لە سەر داوای بارزانی جارێکی دی بتوانن کۆ ببنەوە! بۆیە بارزانی باوک دەبوو سەرکردەی رۆحی گەلێک با تا هی حیزب، ئەوەی بازنەی حیزب تێنەپەڕێنێ، لە بازنەی نەتەوەدا قسەی ناڕوات! چونکە دواجار لە فەلەکی حیزبدا تەفسیری بۆ دەکرێ و بەرانبەرەکەشی پێی قبووڵ ناکرێت. کە باسی شەراکەت دەکرێ لەگەڵ پارتی، دوو پۆست قابیلی قسە کردن نیە لەسەری ؛ ئەویش سەرۆکی هەرێم و ئەویدیکەیان سەرۆکی وەزیرانە، یەکیان وەک ئیستیحقاق و سەرۆکی هەرێمیش وەک کێشەی ناوخۆیان، چونکە ناو ماڵی بارزانی ئەولاترن تا ناوماڵی کورد. ئەو دوو پۆستە هی قسە لەسەر کردن نین، کەوا بوو (الحکم للە ) بەڵام هێشتا ماوە؛ هەندێ وەزارەتیش بڤڤەن کەس بۆی نیە داوای بکات، چونکە پەیوەندی بە ئەمنی پارتیەوە هەیە کە وەزارەتی ناوخۆیە ، مەگەر بەس پارتی بزانێ بۆ؟ کەچی وەزارەتی داراییت دەداتێ بەڵام هەندێ جار راگەیاندنی لیستی مووچەشت بە دەست نابێ و دەبێ قبوڵت بێت، نابێ بزانێ داهاتی ئەو وڵاتە چەندە و بۆ کوێ دەچێت؟

نموونەی وەزیرە موحتەرمەکانی گۆڕان، دەبێ ئەوەندە خۆیان بگونجێنن لە وەزیرەکانی پارتی دڵسۆز تربن، قابیلی ئەوەشیان تێدابێ رۆژێک بڵێن ئیتر پارتین !نموونەش هەس! یان وەزارەتی پێشمەرگە لە خزمەتت دایە، بەڵام وریابە سەرۆکی هەموو هێزی پێشمەرگە سەر بە سەرۆکی هەرێمە و تۆش وەک پۆست راستە وەزیریت، بەڵام بمانبوورە ئەوەندەیە دەسەڵاتت. تا هەولێر سەنتەر دەسەڵات و پایەتەختی هەرێم بێت، ئەوەی لەو سلێمانیەوە بێتە هەولێر لە رووی سایکۆلۆژیەوە هەست بە ترسێک دەکات، وەک بۆ جەزیرەی واق واق ، یان سێگۆشەی بەڕمۆدە بچێ وایە! زوو نەسیحەت دەکرێ ئەگەر دەتەوێ بمێنیتەوە بە سەلامەتی، چیت دەوێ بۆتی دەکەین، بەس دەست بۆ ئەو کونانە مەبە کە تەبیعەتی پارتی پێ تێک دەچێ! ئەویش زوو تێ دەگات و قەت لە دەمی نابیستی بڵێ بۆ؟ زۆربەی وەزیرەکانی یەکێتی لە رابردوو وا بوون. بۆیە ئەوەی لە بەرەی پارتی نەبێ لە وەزیرەوە تا گزیر هەمووی حیسابی میوانێکی رەزا گرانی بۆ دەکرێ، نەک خاوەن ماڵ !

دەسەڵاتیش بخە ئەو لاوە کە نایانبێتن. بۆیە ئەگەر دەتەوێ رەزا سووک بیت، داوای دەسەڵات مەکەو بۆ خۆت بێ دەنگ بە و ئیتر لای سەرەوە جێت دەبێت و لە ئیمتیازاتیش خەنی! پارتی پێی وایە یەکێتی لە هەناوی ئەودا جودا بوویتەوە، ئەوەش مۆری خیانەت دەیگرێ تا برایەتی! بۆیە با بەیەکەوەش بن، پارتی هەر دەیانبوغزێنن! بەرژەوەندی پارتی لەسەرووی بەرژەوندی میللەت دایە خوای دەکرد، هەرێم ئاتاری لەسەر پاتاری نەدما، گرنگ ئەوەیە پارتی سەلامەت بێت. هەموو ئەوانەی لە هەناوی یەکێتیش جودا بووینەوە، هەر وایە. کەوا بوو هەرێمێک ئەوە حاڵی بێت بە دەست دوو حیزبەوە، حیزبەکانیش ئەوە تێڕوانینیان بێت بۆ یەکتری، دەبێ بۆ ئەو ئیدیۆمە بگەڕێینەوە کە دەڵێ سەری ئەو هەموو بەرانە لە مەنجەڵێکدا چۆن دەکوڵێ ؟ بۆیە تا بۆ لۆژیکی عەقڵ نەگەڕێینەوە، میللەت هۆشیار نەکرێتەوە کە چۆن بتوانێ لەو زڵکاوەی تێیکەوتووە بێتە دەرێ؟ هەر دەبێ بە دەست ئەو تاخمەوە گیرۆدە بێ!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی